فەرماندەی سێنتکۆم: 10 هەزار ئامانجی سەربازیمان لە ئێران پێکاوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێنجەمین راگەیێندراوی ئۆپەراسیۆنی "توورەیی داستانئاسا"ی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جەنگەکە چووەتە هەفتەی چوارەم و هێزەکانی ئەمریکا لە پێش خشتەی کاتیی پلانەکەیانەوەن بۆ لەناوبردنی توانای سەربازیی ئێران.

رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، ئەدمیرال براد کوپەر رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 10 هەزار ئامانجی سەربازییان لە ناو خاکی ئێران پێکاوە، کە تەنیا چەند کاژێرێک لەمەوبەر ئامانجی ژمارە 10 هەزارمان پێکا. ئەگەر ئەمە لەگەڵ سەرکەوتنەکانی هاوپەیمانە ئیسرائیلییەکانمان کۆبکەینەوە، پێکەوە هەزاران ئامانجی دیکەمان تێکشکاندووە."
 
فەرماندەی سێنتکۆم ئاشکرای کرد کە 92٪ـی گەورەترین کەشتییە جەنگییەکانی ئێران تێکشکێنراون و ئێستا چیتر ناتوانن لە ئاوەکاندا بجووڵێن؛ گوتیشی: "هەڵسەنگاندنەکانمان پیشانی دەدەن کە ئێران توانای نیشاندانی هێزی دەریایی لە ناوچەکە و جیهاندا لەدەستداوە. هەروەها رێژەی هاوێشتنی مووشەک و درۆنەکانیان زیاتر لە 90٪ کەمی کردووە، ئەمەش واتە توانای هێرشکردنیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و دراوسێیەکانیان بە رێژەیەکی خەیاڵی دابەزیوە."
 
بەپێی گوتەکانی براد کوپەر، ئەمریکا تەنیا هێرشی نەکردووەتە سەر چەکەکان، بەڵکو توانای دووبارە دروستکردنەوەشی لە رژێمی تاران سەندووەتەوە. ئەو گوتی: "زیاتر لە دوو لەسەر سێی کارگەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک، درۆن و کەشتیگەلەکانی ئێرانمان وێران کردووە و هێشتاش لەم کارە بەردەوامین تاوەکو تەواوی دەزگای پیشەسازیی سەربازییان رادەماڵین."
 
فەرماندەی سێنتکۆم تیشکی خستە سەر باڵادەستیی ئاسمانیی ئەمریکا و رایگەیاند کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار گەشتی جەنگییان ئەنجامداوە. کوپەر ستایشی فڕۆکە بۆمبهاوێژە زەبەلاحەکانی B-52ـی کرد و گوتی: "ئەم فڕۆکانە لە هەر گەشتێکیاندا تاوەکو 70 هەزار پاوەند تەقەمەنی بەسەر ئامانجەکاندا دەبارێنن، کە ئەمەش نیشانەی باڵادەستیی بێ رکابەری ئێمەیە لە ئاسماندا."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، براد کوپەر دەستخۆشی لەو 50 هەزار سەربازە ئەمریکییە کرد کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا خزمەت دەکەن و جەختی کردەوە کە هیچ ئەرکێک بۆ ئەوان مەحاڵ نییە و ئیرادەیان بۆ سەرکەوتن بەردەوامە.
 
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامیدانەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی ئێران هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداو و لە دووەم رۆژی جەنگەکەشەوە تەنگەی هورمزی داخست. بە گوێرەی دامەزراوەی وزەی ئەمریکا، پێش جەنگ رۆژانە 20 ملیۆن بەرمیل نەوت بە تەنگەکەدا هەناردە دەکرا کە 20%ی بەرهەمی هەناردەکراوی رۆژانەی نەوت بوو لە جیهاندا.