کۆمارییەکان بۆ سێیەم جار هەوڵێکی دیموکراتەکانیان بۆ راگرتنی جەنگی ئێران شکست پێهێنا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
عەلی زەڵمی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بۆ سێیەم جار لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ لە 28ی شوباتەوە جەنگی دژی ئێرانی دەستپێکردووە، کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران رێگرییان لە هەوڵێکی دیموکراتەکان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان هێنا، تاوەکو ئەو کاتەی سەرۆک مۆڵەتی فەرمی لە کۆنگرێس وەردەگرێ.
 
ئەنجامی دەنگدانەکە و ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"
 
ئەنجوومەنی پیران بە 53 دەنگی دژ و 47 دەنگی پاڵپشت، پڕۆژەیەکی رەتکردەوە کە ترەمپی ناچاردەکرد هێزەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژی ئێران بکشێنێتەوە، مەگەر ئەوەی کۆنگرێس بە دەنگدان رەزامەندی لەسەر ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بدات، کە ئێستا چووەتە چوارەم هەفتەی خۆیەوە.
 
ئەم دەنگدانە بە گشتی لەسەر بنەمای لایەنگریی حیزبی بوو. جۆن فێتەرمان، سیناتۆری پێنسلڤانیا، تاکە دیموکرات بوو کە لەگەڵ کۆمارییەکان دەنگی دا بۆ پەکخستنی بڕیارنامەکە. لە بەرامبەردا، راند پۆڵ، سیناتۆری کێنتاکی، تاکە کۆماری بوو کە پاڵپشتیی هەوڵەکەی دیموکراتەکانی کرد.
 
کێشەی شەفافیەت و لێپرسینەوە
 
دیموکراتەکان، ترەمپ تۆمەتبار دەکەن بەوەی کۆنگرێسی لە تاریکیدا هێشتووەتەوە سەبارەت بە ئامانجەکان، خشتەی کاتی و تێچووی جەنگەکە.
 
 کریستۆفەر مێرفی، سیناتۆری دیموکرات رایگەیاند: "ئەم ئیدارەیە ناتوانێ بەرگری لەم جەنگە بکات و روونی بکاتەوە، هەربۆیەش رێگە نادەن هیچ دانیشتنێکی لێپرسینەوە لە لیژنەکانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هێزە چەکدارەکان ئەنجام بدرێ."
 
لەلایەکی دیکەوە، جیم ریش، سەرۆکی کۆماریی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران، بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و گوتی: "راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە لە نێو جەنگداین. کچ و کوڕە ئازاکانمان بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەجەنگن، بۆیە دەبێت پشتگیرییان بکەین و پشتگیریی سەرۆک بکەین."
 
تێپەڕاندنی کۆنگرێس بۆ فرۆشتنی چەک
 
ئیدارەی ترەمپ دۆخی جەنگی وەک "باری نائاسایی" بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بێ گەڕانەوە بۆ کۆنگرێس، گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەک بە هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست خێرا بکات.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا "باری نائاسایی جەنگی" دووەمی راگەیاند بۆ تێپەڕاندنی فرۆشتنی چەک بە بەهای زیاتر لە 23 ملیار دۆلار بە ئیمارات، کوێت و ئوردن. هاوکات بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆ، هەوڵ دەدات لەرێگەی بڕیارنامەیەکەوە رێگری لە ناردنی زیاتر لە 20 هەزار بۆمب بۆ ئیسرائیل بکات، کە بێ رەزامەندیی یاسادانەران بڕیاری گواستنەوەیان دراوە.
 
دیموکراتەکان دەڵێن ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا" بووەتە هۆی ئەوەی ترەمپ بە تەواوی چاودێری و لێپرسینەوەی کۆنگرێس پشتگوێ بخات، بۆیە تیم کەین، سیناتۆری دیموکرات، جەختی کردەوە کە "هەموو هەفتەیەک" دەگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی پیران تاوەکو گوشار بکەن بۆ دەنگدان لەسەر دەسەڵاتە جەنگییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تۆمی پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر نزیک شاری هەولێر دەکەین

دوای ئەوەی شەش پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بەهۆی زنجیرە هێرشێکی مووشەکیی ئێران شەهید بوون و 30ـی دیکەش برینداربوون؛ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکەن و سەرەخۆشیی لە خێرانی ئەو پێشمەرگانە دەکەن کە لە هێرشەکەدا شەهید بوون.