ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بۆ رووداو: دەبێت دەرفەت بدرێتە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبێت دەرفەت بدرێتە ئەو ئاگربەستەی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیێندراوە تاوەکو بزانرێت سەرکەوتوو دەبێ یان نا؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس نەبوو. 
 
رۆژی سێشەممە 24-6-2025 گریگری مۆرفی، ئەندامی کۆماریی کۆنگرێسی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن گوت، پێویستە دەرفەتێک بدرێتە ئەو ئاگربەستەی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەنێوان ئیسرائیل و ئێران راگەیێندرا. 
 
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس هێرشی ئاسمانیی وڵاتەکەی بۆسەر ئێران بە پێویست زانی و گوتی پێویست بوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوببردرێ. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکەی دیار کوردە و گریگری مێرفی
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز کۆنگرێسمان کە لەگەڵمانی. دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چۆن دەبینی دوای ئەو ئاگربەستەی بە نێوەندگیریی ئەمریکا و سەرۆک ترەمپ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل کرا؟
 
کۆنگرێسمان مێرفی: باشە، حەزدەکەم کەمێک کات بە ئاگربەستەکە بدەین بزانین ئایا جێگیر دەبێت یان نا. پێم وایە ئەوە بۆ ئەم بابەتە گرنگ دەبێت. بەڵام پێویست بوو بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لەنێوببردرێ، چونکە ناتوانین متمانەیان پێبکەین. راستی هەر راستییە و من وای دەبینم کە ئەوان چەکی ئەتۆمیان بۆ مەبەستی خراپ بەکاردەهێنا. بۆیە، دەزانیت، ئەو کارە پێویست بوو و هیوادارین ئاگربەستەکە بەردەوام بێت.
 
رووداو: پرسیاری دووەمم، سەرۆک ترەمپ بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی کۆنگرێس، رێوشوێنی سەربازیی دژی دامەزراوە ئەتۆمییەکەی ئێران گرتەبەر. ئەو کارەی ئیدارەکە چۆن دەبینی؟
 
کۆنگرێسمان مێرفی: ئەو پێویستی بە رەزامەندیی کۆنگرێس نەبوو. [ترەمپ] هیچی لەوە زیاتر پێویست نەبوو کە ئۆباما هەیبوو کاتێک لیبیای بۆردوومان کرد. ئەرکی سەرەکیی سەرۆک پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی نیشتمانە. ئێران هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بوو یان هەڕەشەیەکی دەستبەجێیە بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە. ئەگەر [ترەمپ] دانیشتبا و هەموو ئەمەی لەگەڵ کۆنگرێس تاوتوێ بکردایە، چەندین ئەنداممان هەیە وەک رەشیدە تالیب و[ئیلهان] عومەر، کە راستگۆیانە ئەمەیان بۆ هاوتاکانیان لە بەشەکانی دیکەی وڵات و جیهان ئاشکرا دەکرد. هیچ نهێنییەک بۆ ئەم بابەتە نەدەمایەوە.