رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی وەزارەتی دادی دانیمارک دەڵێن، حکومەتەکەیان دەیەوێت بە پڕۆژەیاسایەک رێگری لە سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە وڵاتەکەیان بکات.
رۆژی هەینی 25ـی ئابی 2023، پیتەر هومێڵگارد، وەزیری دادی دانیمارک لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "حکومەت یاسایەک پێشکێش دەکات کە مامەڵەی نەشیاو لەگەڵ ئەو شتانەی کە پێگەی ئایینی بەرچاویان هەیە، قەدەخە دەکات."
پیتەر دەربارەی سووتاندنی قورئانی پیرۆز دەڵێت: "کردەوەیەکی سووکایەتیپێکردن و بێ هاوسۆزییە کە زیان بە دانیمارک و بەرژەوەندییەکانی دەگەیێنێت."
ئامانجی سەرەکیی یاساکە، بەگوتەی وەزیری دادی دانیمارک، قەدەخەکردنی سووتاندن و پیسکردنی هەموو کتێبە ئایینییەکانی دیکەیە. ئەو کەسانەشی پابەندی یاساکە نابن رووبەڕووی پێبژاردن و دوو ساڵ بەندکردن دەبنەوە.
لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی دانیمارک سنوورەکانی وڵاتەکەی تووندتر کرد و هۆکارەکەیشی بۆ "زیادبوونی هەڕەشەکان گەڕاندەوە."
سووتاندنی چەند کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە کۆتایی مانگی شەشەوە لە سوێد و دانیمارک کاردانەوەی بەشێک لە موسڵمانانی لێکەوتووەتەوە.
سەلوان مۆمیکا، کە پەناخوازێکی عێراقییە و لە سوێد دەژی رۆژی 28-06-2023 کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی سووتاند، دواتیش لە 31-7-2023 بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز کرد.
لە دانیمارکیش، ئەندامانی گرووپێکی تووندڕۆ بە ناوی "Danske Patrioter" [نیشتمانپەروەرانی دانیمارکی] تائێستا سێ جار قورئانی پیرۆزیان سووتاندووە.
سووتاندنی قورئانی پیرۆز کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە و هەریەک لە عێراق، ئێران، سعودیە، ئەمریکا، ئەڵمانیا، سوێد و چەندین وڵاتێکی دیکە سەرکۆنەیان کرد.
رۆژی 31ـی تەممووزی 2023، رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە شاری جەدە لە سعودیە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هەر 57 وڵاتە ئەندامەکە دەبێت رێکاری پێویست بەرامبەر سوێد و دانیمارک و ئەو وڵاتانەی کە رێگە بەوجۆرە کارانە دەدەن بگرنە بەر."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ