دوای زیاتر لە دوو ساڵ ترەمپ گەڕایەوە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دوای زیاتر لە دوو ساڵ گەڕایەوە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێكس (تویتەری پێشوو) و دوای گەڕانەوەشی ئەو وێنەی بڵاوکردەوە کە پۆلیس وەکو تۆمەتبار گرتبووی.
رۆژی هەینی 25ـی ئابی 2023، دۆناڵد ترەمپ بە پۆستکردنی ئەو وێنەیەی کە پۆلیس وەکو تۆمەتبار گرتبووی، گەڕایەوە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس و لەسەر وێنەکەی نووسیویەتی: "دەستوەردان لە هەڵبژاردن، هەرگیز خۆت بەدەستەوە مەدە."
ئەوەش دوای ئەوە هات، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی (بەکاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپ لە زیندانی ناوچەی فولتۆن لە ئەتلەنتا، خۆی بەدەستەوەدا و وەکو تۆمەتبار وێنەی گیرا، ئەویش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـی ئەمریکا کە ترەمپ لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن، هەڵبژاردنەکەی لەدەست دا.
چەند رۆژێک لەدوای رووداوەکانی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 هەژماری ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەتۆمەتی "هاندان بۆ ئاژاوەگێڕی" بلۆککرا. ئەو کاتەی لەدوای دۆڕانی بە جۆ بایدن لە هەڵبژاردندا، پاڵپشتیکارانی هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس لە واشنتن.
لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، دوای ئەوەی ئیلۆن مەسک، سەرمایەداری ئەمریکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسی کڕییەوە، هەژمارەکەی دۆناڵد ترەمپی گەڕاندەوە، بەڵام ترەمپ ئەوکاتە رەتیکردەوە بگەڕێتەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە.
راگرتنی هەژمارەکەی ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە 87 ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە وایکرد سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تۆڕێکی کۆمەڵایەتی بە ناوی Truth Social دابمەزرێنێت، لەوێدا تەنیا پێنج ملیۆن فۆڵۆوەرزی هەیە.
ترەمپ یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکانی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و بەگوێرەی راپرسییەکی پەیمانگەی سیەنا پۆڵی ئەمریکا، زیاتر لە 56٪ی کۆمارییەکان حەز دەکەن ترەمپ بەربژێریان بێت.