بیرۆکەی پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی کۆنە و بۆ چەند سەدەیەک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کاتێک ستروکتوری دەسەڵات لە ئەوروپا لە پاش ڕێککەوتننامەی وێستفالیا (1648) ، لە سیستمی میرنشینی دەسەڵاتەوە گۆڕا بۆ دەوڵەتی قەومی. ئەوکات کۆمەڵێک لە سیاسەتوانان، پیاوانی ئاینی و بیرمەندانی گەورەی ئەوروپا خواستی پێکهێنانی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپییان هێنایە پێشەوە، بەڵام لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتی قەومیدا ناکۆکی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و بەرژەوەندییەکانیان لە ناوخۆ و دەرەوەی خاکی ئەوروپا زیاتر و فراوانتر بوون. ئەمەش نەک بووە ڕێگرێک لەبەردەم پێکهێنانی سوپایەکی ئەوروپی، بەڵکو بووە هۆکاری دروستبوونی جەنگ و ناکۆکیی بەردەوام لە نێوان وڵاتانی ئەوروپادا.
بەڵام لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی گەورە هێزانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتنە ئەو بڕوایەی کە پێکهێنانی هێزی هاوبەشی ئەوروپی و لانیکەم هاریکاری لە بواری سەربازیدا دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ڕێگرتن لە جەنگ و هێنانەکایەی سەقامگیریی درێژخایەن لە ئەوروپادا. ئەمەش وایکرد کە لە کۆتایی ساڵانی چل و سەرەتای ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردوودا، کۆمەڵێک بیرۆکە و پرۆژەی سەربازی بۆ هاوکاریی نێوان وڵاتانی ئەوروپا پێشنیاز بکرێن. یەکێک لەو پرۆژانەی کە هەر لە کۆتایی جەنگی دووەمی جیهانییەوە کاری بۆ کرا، بریتی بوو لە پەیماننامەی سەربازیی برۆکسل کە دامەزراندنی "یەکێتیی ئەوروپای ڕۆژئاوا"ی بەدوای خۆیدا هێنا و بریتی بوو لە هاریکاریی سەربازی لە نێوان بەریتانیا، فەرەنسا و سێ وڵاتەکەی بەنەلوکس. هەرچەندە ئەم پرۆژەیە لە سەرەتادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و میکانیزمی هاوبەش بۆ هەماهەنگیی سەربازی پێکهێنران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشدارینەکردنی ئەڵمانیا لەو ستروکتورەدا وەک کەماسییەک دەبینرا. ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بە هێنانەکایەی هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم تاوانبار کرا و وەک مەترسییەک بۆ سەر سەقامگیری لەسەر ئەوروپا دەبینرا. لەو ڕوانگەیەشەوە هەر پرۆژەیەکی سەربازی بێ بەشداریکردنی ئەڵمانیا شانسی سەرکەوتنی درێژخایەنی نەبوو.
هەر لەو ساڵانەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و فەرەنسا کەوتنەخۆ بۆ پێشنیازکردنی پرۆژەی سەربازیی تا ڕادەیەک ڕکابەر. خواستی ئەمریکا ئەوە بوو بەرەیەکی سەربازی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا پێکبهێنێ وەک میکانیزمێک بۆ بەرگرتن بە فراوانبوونی هەژموونی سۆڤیەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا. لە بەرامبەردا فەرەنسا بە سەرکردایەتی ژەنەڕاڵ (دگۆل) کاری دەکرد بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتێکی سەربازیی ئەوروپی، هاوچەشنی کۆمەڵگەی ئەوروپی کە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی ئەو دەسەڵاتەی بۆ خۆی بەڕەوا دەبینی. فەرەنسا لە ساڵی 1952 دا پرۆژەی (کۆمەڵگەی سەربازیی ئەوروپی پێشنیارکرد کە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و وڵاتانی بەنەلوکس پێکدەهات. بەریتانیا هەر لەو کاتەوە بەشداری پرۆژەکەی نەکرد و لەو باوەڕەدا بوو کە هیچ پرۆژەیەکی سەربازی بۆ پاراستنی ئەوروپا بەبێ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکەوتوو نابێ.
هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کاری کرد بۆ پێکهێنانی ئەو بەرە سەربازییەی کە ئارەزووی دەکرد، ئەویش (هاوپەیمانیی ئەتڵەسی - ناتۆ) بوو لە ساڵی 1949دا. هەژموونی فراوانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا وایکرد کە پرۆژەی سەربازیی ناتۆ سەرکەوتوو بێ و لە ساڵی 1954دا ئەڵمانیای ڕۆژئاواش بووە ئەندامێکی ڕێکخراوی ناتۆ.
لەو کاتەوە ناتۆ وەک سەرەکیترین ڕێکخراوی هاریکاری سەربازی لە ڕۆژئاوادا ڕۆڵ دەگێڕێ. ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە وڵاتانی ئەوروپا لە چوارچێوەی یەکێتی ئەوروپادا هەوڵیان داوە ڕێکخراو و میکانیزمی تایبەتی ئەوروپی لە بواری سەربازیدا پێکبهێنن.
پاش لەبەریەک هەڵوەشانی بەرەی سۆڤیەت و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، گەورەهێزانی ئەوروپا پرسی هاریکاری سەربازییان خستە ئەجێندای سیاسی ئەوروپاوە. لەو چوارچێوەیەشدا لە کۆتایی نەوەتەکانی سەدەی ڕابردوودا (سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە و ئاسایش) بووە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی یەکێتیی ئەوروپا. ئەم ستروکتورە ڕێکخراوەیی و سیاسییە نوێیە ڕێخۆشکەر بوو بۆ پێکهێنانی چەند میکانیزمێکی سەربازیی هاوبەش کە ڕۆڵی ئەمانە پتر بریتییە لە ڕێگرتن لە جەنگ و هێنانەکایەی ئاشتی و سەقامگیری لە جیهاندا. لەو چوارچێوەیەدا یەکێتیی ئەوروپا لە نێوان 1997 و 2017 دا 35 ئۆپەراسیۆنی سەربازی و مرۆیی لە هەریەک لە ئەفریقا، ئاسیا و ئەوروپادا ئەنجامداوە. بەڵام بەگشتی ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازی و مرۆییانە دەسەڵاتی جەنگ و بەرگیرکردنیان نییە و جگە لەوەش درێژخایەن و بەرفراوان نین. بە واتایەکی دی ناکرێ وەک هێزی سەربازی لێیان بڕوانرێ. ئەمەش وایکردووە کە خواستی سوپای یەکگرتووی ئەوروپی وەک خەونێک بمێنێتەوە. لە ساڵانی ڕابردوودا هەریەک لە فەرنسا و بەریتانیا لەلایەک و فەرەنسا و ئەڵمانیا لەلایەکی دی، هاریکاری سەربازیی دووقۆڵییان پەرەپێداوە، بەڵام هیچیەک لەمانە و هیچ لە پرۆژە ئەوروپییەکانی دیکە نەبوونەتە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی. لە کۆتایی 2017 دا وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بڕیارێکی گرنگیان دەرکرد کە ئەویش بریتییە لە دروستکردنی بازاڕێکی سەربازیی هاوبەشی ئەوروپی کە ئامانج لێی بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردنی چەکی هاوبەشی ئەوروپی و تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەوروپییە، ئەمەش وەک تەکانێکی گرنگ بە ئاڕاستەی سوپایەکی هاوبەشی ئەوروپی لێکدەدرێتەوە. ئێستاش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا خواستی دروستکردنی سوپای هاوبەشی ئەوروپی ورووژاندووە کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ئایندەی ناتۆ و هەژموونی ئەمریکا لە ئەوروپادا هەیە.
ئاستەنگەکان چین؟
لەڕاستیدا کۆمەڵێک فاکتەر وەک ئاستەنگ لەبەردەم دروستبوونی سوپای یەکگرتووی ئەوروپیدا هەن. یەکێک لەو فاکتەرە سەرەکیانە پراکتیکیە، وڵاتانی ئەوروپی سەرەڕای چەند دەیەیەک لە هەماهەنگیی سەربازی، فەرهەنگی سەربازی و سیستەمی بەرگری و میکانیزمی سەربازیی تایبەت بە خۆیان هەیە کە ئەمەش وا دەکات پێکهێنان و هارمۆنیزەکردنی ئەم فەرهەنگ و سیستەمە بەرگرییە جیاواز بەیەکانە تا ڕادەیەک مەحاڵ بێ. لە سەرووی ئەوانەشەوە خواستی وڵاتانە کە ئەوەش وەک ئاستەنگێک دەبینرێ. بواری بەرگری سەرەکیترین کایەی (ستراتیژی نەتەوەیی) هەر وڵاتێک پێکدێنێ. لەو ڕوانگەیەوە بەدەستەوەدانی دەسەڵاتی سەربازی وڵاتان و ناردنی هێزی تایبەت بە خۆ بۆ ناو "هێزێکی ئەوروپی" کە دەسەڵاتی جوڵاندنی لە برۆکسل بێ، بیرۆکەیەکی تا ئێستاش نەخوازراوە لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپاوە. فاکتەرێکی دیکەی ڕێگر لە بەردەم سوپای یەکگرتووی ئەوروپیدا بریتییە لە ڕێکخراوی ناتۆ. ئەم ڕێکخراوە لە سەرەتای دروستبوونیەوە وەک پارێزەری سەرەکی ئەوروپا ڕۆڵی گێڕاوە و تەواوی توانا و پێداویستییە سەربازییەکانی لەبەردەستدایە بۆ گێڕانی ئەو ڕۆڵە. لەو سۆنگەیەشەوە پێکهێنانی سوپایەکی تایبەتی ئەوروپی وەک پڕۆژەیەکی ڕکابەر بە ناتۆ لە قەڵەم دەدرێ و لە هەر کاتێکدا بیرۆکەیەکی لەو جۆرە کاری لەسەر کرابێ، ئەوا بووەتە هۆی دووبەشکردنی وڵاتانی ئەوروپی بەسەر دوو بەرەی پشتگیر و بەرهەڵستکاری ناتۆ. ئەم دووبەرەکییە سەبارەت بە سوپای ئەوروپی و ڕۆڵی ناتۆ ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتان و دیدگای جیاوازی وڵاتانی ئەوروپا سەبارەت بە مەترسییە دەرەکییەکان هەیە. بۆ نموونە لە ئەوروپادا بەریتانیا هەمیشە گرنگی و بایەخی تایبەتی بە (پەیوەندیە ئەتڵەسییەکانی) لەگەڵ ئەمریکادا داوە و لەو چوارچێوەیەشدا نەک تەنها سوپای ئەوروپی بە پێویست نابینێ، بەڵکو بە ڕێکخراوەییکردنی هەر هەنگاوێکی سەربازیی هاوبەشی (فرانکۆ- جێرمان)ی نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا وەک مەترسییەکی دوورمەودا بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەبینێ. هەرچی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاشە، ئەم وڵاتانە پشتگیری مانەوەی ڕێکخراوی ناتۆ دەکەن وەک پارێزەری سەرەکییان بەرامبەر مەترسیی ڕووسیا. هەرچی فەرەنساشە هەمیشە هەوڵیداوە ستروکتورێکی سەربازیی ئەوروپی جێگرەوەی ناتۆ، یاخود لانیکەم هاوتەریب و هاوبەش لەگەڵ ناتۆ، پێکبهێنێ و رۆڵی سەرەکی لەو دەسەڵاتە سەربازییە ئەوروپییەدا بگێڕێ کە ئەمەش پایەیەکی سەرەکی دیدگای (دگۆلیستەکان)ە بۆ ڕۆڵی فەرەنسا لە جیهاندا.
ئەڵمانیاش لەلای خۆیەوە هەرچەندە پشتگیری سوپایەکی ئەوروپی دەکات، بەڵام ناخوازێ لە کورتمەودادا ئەم پڕۆژەیە وەک جێگرەوە و ڕکابەرێکی ناتۆ ببینرێ، بەڵکو خوازیارە لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی سەربازیدا یەکێتیی ئەوروپا ژێرخان و ستروکتوری گونجاو بۆ هاوکاری و هەماهەنگیی سەربازی لە ئەوروپادا بهێنێتە کایەوە، بە چەشنی بازاڕی هاوبەش و ئەو یەکگرتنە ئابووریەی کە ئێستا لەئارادایە. تێکڕای ئەم ئاستەنگانە وا دەکەن کە پێکهێنانی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی لە تاکە هەنگاوێکدا مەحاڵ بێ، بەڵکو پێویستی بە ئامادەکاری و ویستی سیاسی وڵاتان هەیە کە ئەوەش ڕەنگە لە دوو دەیەی ئایندەدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدییانەی لەسەر ئەوروپا و جیهان هەیە، سوپای ئەوروپی لە خواستێکەوە بکەنە پێویستییەکی ڕۆژگار.
ماوەتەوە ئەو پرسیارەی ئاخۆ دروستبوونی سوپایەکی یەکگرتووی ئەوروپی تا چەند لە سوودی ئەوروپا و جیهاندایە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش بەندە بە کاریگەریی ئەو سوپایە لەسەر پەیوەندییە ستراتیژییە ئەتڵەسییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هێشتنەوەی ڕێکخراوی ناتۆ. بەڵام گومانی تێدا نییە سوپایەکی ئەوروپی هێز و توانای زیاتر دەداتە ئەوروپا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و یەکێتیی ئەوروپا دەکاتە هاوتایەکی سەربازیی گەورەهێزانی دیکەی جیهان وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین. بوونی سوپایەکی ئەوروپی دەرگا واڵا دەکات بۆ دەستێوەردانی سەربازیی ئەوروپی لەسەر سنوورەکانی خۆی و هەژموونی ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا فراوانتر دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ