9 کەس لە هیندستان بە تۆمەتی دزینی 800 هەزار دۆلار دەستگیرکران

25-11-2025
رێبوار عەلی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی شاری بەنگالۆر لە باشووری هیندستان رایگەیاند، 9 کەسیان لەسەر دزییەکی گەورە دەستگیر کردووە، تێیدا باندێک بە شێوازێکی سینەمایی و بە خۆناساندن وەک کارمەندی بانکی ناوەندی، بڕی 70 ملیۆن رووپیە (کە دەکاتە نزیکەی 800 هەزار دۆلار)یان لە ئۆتۆمبێلێکی گواستنەوەی پارە دزیبوو.
 
رووداوەکە هەفتەی رابردوو روویدا، کاتێک چەند چەکدارێک کە خۆیان وەک کارمەندی بانکی بانکی ناوەندیی هیندستان ناساندبوو، رێگەیان لە ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی پارەی کۆمپانیای (CMS) گرت. بەگوێرەی پۆلیس، دزەکان بە بیانووی پشکنینی بەڵگەنامەکان، ئۆتۆمبێلەکەیان راگرتووە، پاشان فەرمانیان بە کارمەندی بەرپرسی پارەکە و دوو پاسەوانەکە کردووە بچنە نێو ئۆتۆمبێلێکی دیکەی.
 
لەو کاتەدا، یەکێک لە ئەندامانی باندەکە ئۆتۆمبێلی پارەکەی لێخوڕیوە و رفاندوویەتی.
 
لۆکیش جاگالاسار، جێگری کۆمیسیاری پۆلیسی باشووری بەنگالۆر، بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی راگەیاند، دوای دەستگیرکردنی 7 کەس لە سەرەتادا، رۆژی دووشەممە دوو تۆمەتباری دیکەشیان دەستگیرکردووە و توانیویانە بڕی 68.5 ملیۆن رووپیە لە پارە دزراوەکە بدۆزنەوە. بەرپرسەکە گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە و ناتوانین بڵێین چەند کەسی دیکە دەستگیر دەکرێن."
 
دوای رووداوەکە، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان بە بەشداریی زیاتر لە 200 پۆلیس لە ویلایەتی کارناتاکا و 5 ویلایەتی دراوسێ دەستیپێکرد. پۆلیس دەڵێت، باندەکە بۆ ئەوەی شوێنپێی خۆیان بشارنەوە، چەند جارێک ئۆتۆمبێلیان گۆڕیوە، تابلۆی ساختەیان بەکارهێناوە و ئەو شوێنانەیان هەڵبژاردووە کە کەمترین کامێرای چاودێریی لێبووە.
 
لە شۆکێکی گەورەدا، پۆلیس ناسنامەی هەندێک لە دەستگیرکراوانی ئاشکرا کرد، کە بریتی بوون لە گۆپاڵ پرایساد، کارمەندی ئێستای کۆمپانیای CMS؛جەی زاڤیەر، کارمەندی پێشووی هەمان کۆمپانیاو ئاناپا نایک، پۆلیسێکی ناوخۆ.
 
سیمانت کومار سینگ، کۆمیسیاری پۆلیسی بەنگالۆر رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رۆڵی کۆمپانیای CMS و ئەگەری پێشێلکردنی رێنماییەکانی گواستنەوەی پارە دەستیپێکردووە و گوتی، "پێویستە ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی پارە بە بەردەوامی یەک رێڕەو و یەک کات بەکارنەهێنن بۆ ئەوەی رێڕەوەکانیان پێشبینی نەکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە