سەرۆکی مەکسیک لە بەرامبەر بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە دروستکردنی دیوارێک لەسەر سنووری وڵاتەکەی و مەکسیک، رایگەیاند "بڕوامان بە دیوار نییە". ترەمپ-یش دەڵێت، ئەگەر پارەكە نەدەن، كۆبوونەوەكەى نێوانیان ئەنجامنادرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێكدا رایگەیاند، ئەگەر مەكسیك ئامادە نەبێت پارەی دیوارەكە بدات، باشتروایە كۆبوونەوەكە هەڵوەشێتەوە.
پێنا نیتۆ، سەرۆکی مەکسیک-يش پلانەکەی هەڵنەوەشاندووەتەوە بۆ سەردانی واشنتن، كە بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو لە كۆشكی سپی لەگەڵ ترەمپ كۆببێتەوە.
سەرۆکی مەکسیک دەڵێت "مەکسیک بڕوای بە دیوار نییە، چەندین جار گوتوومە، پارە بۆ هیچ دیوارێک نادەین".
پێنا نیتۆ ئەو قسانەی لە ڤیدیۆیەکدا کرد، کە لە پێگەی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، چاوەڕێی دوا راپۆرتی بەرپرسە باڵاکانی وڵاتەکەی دەکات کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو گەیشتوونەتە واشنتن سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ.
سەرۆكی مەكسیك راشیگەیاند، فەرمانی بۆ دامەزراوەکانی حکومەتەکەی دەرکردووە بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان سەبارەت بە پاراستنی کۆچبەران بخەنەگەڕ.
پلانی ترەمپ بۆ دروستكردنی دیوار لەسەر سنووری مەكسیك:
- درێژی دیوارەکە نزیکەی 3100 کیلۆمەتر دەبێت.
- دیوارەکە چوار ویلایەتی ئەمریکا دەگرێتەوە (مەکسیک، ئەریزۆنا، کالیفۆرنیا و، نیو مەکسیکۆ).
- تێچووی دیوارەکە بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.
- پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو کە دەبێت مەکسیک پارەی دیوارەکە بدات.
- سەرۆکی مەکسیک رەتیدەکاتەوە پارەی دیوارەکە بدەن.
- بەپێی بڕیاری ترەمپ، درووستکردنی دیوارەکە لە نزیکترین کاتدا دەستپێدەکات.
- ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار مەکسیکی بە نایاسایی سنوورەکانی ئەمریکا دەبڕن.
- ئێستا نزیکەی 1126 کیلۆمەتر پەرژین لە نێوان مەکسیک و ئەمریکادا هەیە.
داڕشتنەوە: حەكیم داود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ