ترەمپ: پێویستمان بە پاڵپشتی ناتۆ بۆ جەنگی ئێران نییە
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ جەنگی ئێران هیچ پێویستییەکی بە هاوکاریی هاوپەیمانیی ناتۆ نییە و رەخنەی تووندیشی لە وڵاتانی ئەندام گرت بەوەی لە بەرامبەر تاراندا بێدەنگ بوون. دەشڵێت، ئێستا سوپای ئێران لە رووی سەربازییەوە بە تەواوی تێکشکێنراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینێکیدا لە تروس سۆشیال رەخنەی لە هاوپەیمانەکانی گرت و گوتی: "وڵاتانی ناتۆ بە رەهایی هیچ شتێکیان نەکردووە بۆ یارمەتیدان بەرامبەر وڵاتە شێتەکەی ئێران، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە بەردەوام پارێزگارییان لێ دەکەین."
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمریکا توانیویەتی بە تەنیا ئامانجە سەربازییەکانی بپێکێت و دەڵێت: "ئێران ئێستا لە رووی سەربازییەوە بە تەواوی تێکشکێنراوە، هەر بۆیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هیچ پێویستییەکی بە هاوکاریی ناتۆ نییە."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەش کردەوە کە وەک بەهێزترین وڵاتی جیهان پێویستییان بە یارمەتی هیچ لایەنێک نییە و پەیامێکی بۆ هاوپەیمانەکانی نارد و رایگەیاند: "هەرگیز ئەم ساتەوەختە کاتییە زۆر گرنگە لەبیر مەکەن."
رۆژی 28ی شوبات ئیسرائیل و ئێران هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکەی دایەوە. وەکو بەشێک لە وەڵامەکەشی، ئێران بە هەمان رێکار هێرشیکردە سەر وڵاتانی کەنداویش.
بەگوێرەی سوپای ئەمریکا، لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران توانیویانە هێزی دەریایی، ئاسمانی و سیستەمی بەرگرییان لەنێوببەن و هەڕەشەکانی ئەو وڵاتەشیان بۆ سەر ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیان لە کەنداو کەمکردوونەتەوە.