رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی راپۆرتێک، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا بە هاوکار و کەسە نزیکەکانی راگەیاندووە کە دەیەوێت بە هەموو شێوەیەک خۆی لە جەنگێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران بەدوور بگرێت و هیوادارە لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت.
بە گوێرەی راپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ کە لە رۆژی پێنجشەممە، 26-03-2026 بڵاوکراوەتەوە، دوای تێپەڕبوونی نزیكەی مانگێک بە سەر دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوبات، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی بە راوێژکارانی راگەیاندووە، پێی وایە "جەنگەکە لە قۆناخە کۆتاییەکانییەتی."
جۆرناڵ دەڵێ، ترەمپ داوای لە تیمەکەی کردووە پابەند بن بەو خشتە کاتییەی کە پێشتر بە ئاشکرا باسی کردبوو، کە ئەویش کۆتاییهێنانە بە جەنگ لە ماوەی چوار بۆ شەش هەفتەدا. بەرپرسانی کۆشکی سپی پلانیان داڕشتووە کە تاوەکو نێوەڕاستی مانگی ئایار و پێش کۆبوونەوەی لووتکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین جەنگی ئێران بە تەواوەتی کۆتایی هاتبێت.
بەپێی راپۆرتەکە، ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا بە هاوکارێکی گوتووە، جەنگی ئێران سەرنجی ئەوی لە سەر خاڵە لەپێشینەکانی دیکە دوورخستووەتەوە، لەوانە: هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، تووندکردنەوەی رێساکانی دەنگدان و ناردنی کارمەندانی (ICE) بۆ فڕۆکەخانەکان، کە خۆیان تایبەتن بە رووبەڕووبوونەوەی پەناخوازەکان.
راپۆرتەکە دەڵێ، هەندێک لە هاوپەیمانانی ترەمپ هیوادارن دوای جەنگی ئێران، سەرۆک سەرنجی بخاتە سەر رووخاندنی رژێمی کۆمۆنیستی کوبا، بەڵام راوێژکارە نزیکەکانی داوای لێ دەکەن سەرنج بخاتە سەر پرسی گرانیی بژێوی خەڵک کە بەهۆی جەنگەوە خراپتر بووە.
کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ترەمپ زۆر بە چڕی کار دەکات بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سەربازییەکان دژی "رژێمی تێرۆریستیی تاران".
لێڤیت بە رۆژنامەڤانانی گوت: "سەرۆک ترەمپ فێڵ ناکات و ئامادەیە جەهەننەم بە سەر ئێران دا ببارێنێت ئەگەر تاران ئامادەی رێککەوتن نەبێت."
بە گوێرەی راپۆرتەکە، یەکێک لەو بیرۆکانەی ترەمپ باسی کردووە، دەستکەوتنی پشکی نەوتی ئێرانە بۆ ئەمریکا وەک بەشێک لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوو.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ترەمپ هەرچەندە بژاردەی ناردنی هێزی وشکانی بە کراوەیی هێشتووەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوودڵە لە هەنگاونان، چونکە دەترسێت جەنگەکە زۆر درێژە بکێشێت و ژمارەی قوربانییەکان زیاد بکات. تاوەکو ئێستا 13 سەربازی ئەمریکی کوژراون و نزیكەی 300 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ترەمپ گوتی: "ئێمە لەرێگەی بۆمبەوە دانوستاندن دەکەین." ترەمپ ئاشکرای کرد کە هێگسەس و جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالاری هاوبەش کەمێک بێئومێد بوون کاتێک بیستوویانە جەنگەکە رەنگە زوو کۆتایی بێت، چونکە ئەوان تەنیا سەرنجیان لە سەر بردنەوەی سەربازیی یەکلاکەرەوەیە نەک رێککەوتنی سیاسی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ