لە جیهاندا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سێ ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە

26-04-2020

14:43

تەندروستی كەرخ: شەش كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون

تەندروستی كەرخ: شەش كەسی دیكە تووشی كۆرۆنا بوون
 
 
جاسب لەتیف حیجامی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستیی کەرخ لە بەغدا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "شەش كەسی دیكە كە ئەندامی خێزانێكن بەهۆی بەریەككەوتن تووشی كۆرۆنا بوون. تیمە تەندروستیەكانیش دەستيان كردووە بە پشكنین بۆ هەموو ئەوانەی لەگەڵ ئەو خێزانە بەریەككەوتنیان هەبووە. دوای ئەنجامی پشكنینەكانیش تەواوی خانەوادەكە و خزمەكانیان لە نەخۆشخانەی گشتیی كەرخ كەرەنتین دەكرێن".
 
رۆژی شەممە 25-04-2020 وەزارەتی تەندروستیی عێراق تووشبوونی 55 كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە حەوت پارێزگا راگەیاند.
 
بەپێی ئاماری فەرمیی تاوەکو ئێستا 1763 کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 1233 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 86 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
 

14:24

لە قەتەر 929 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

لە قەتەر 929 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
 
 
وەزارەتی تەندروستی قەتەر رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوودا 929 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 
لە قەتەر ژمارەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا گەیشتە 10 هەزار و 287 کەس و هەزار و 12 تووشبوویش چاکبوونەتەوە و 10 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.

13:37

فەرەنسا پشکنینەکانی کۆرۆنا لە هەفتەیەکدا بۆ 700 هەزار زیاد دەکات

فەرەنسا پشکنینەکانی کۆرۆنا لە هەفتەیەکدا بۆ 700 هەزار زیاد دەکات
 
 
 
فەرەنسا ژمارەی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نزیکەی 700 هەزار کەس لە هەفتەیەکدا زیاد دەکات.
 
ئۆلیڤەر ڤێران، وەزیری تەندروستیی فەرەنسا رایگەیاند، دەیانەوێت بەر لە هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ لە وڵاتەکەیاندا ژمارەی پشکنینەکان بۆ  نزیکەی 700 هەزار پشکنین لە هەفتەیەدا زیادبکەن.
 
وەزیری تەندرووستیی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد، زیادکردنی ژمارەی پشکنینەکان گرنگن، چونکە ئەمە رێگەیان دەدات هەنگاوەکانیان بۆ کەمکردنەوەی رێکارەکان بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر بکەن.
 
تاوەکو ئێستا لە فەرەنسا 161 هەزار و 488 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 22 هەزار و 614 کەس گیانیان لەدەستداوە و 44 هەزار و 594 کەسیش چاکبوونەتەوە
 

13:14

ئیسپانیا رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کەمتردەکاتەوە

ئیسپانیا رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کەمتردەکاتەوە
 
 
ئیسپانیا رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر دەکاتەوە و بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئایارەوە رێگە بە خەڵک بدرێت لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت و هەنگاوەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە ئاراستەیەکی ئەرێنی بڕۆن، بەشێک لە رێکارەکان بەرامبەر بە ڤایرۆسەکە کەمدەکەنەوە.
 
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا رایگەیاند، "دەمەوێت ئەوە رابگەیێنم، ئەگەر پەرەسەندنی ئەم پەتایە بە ئاراستەی باشدا بڕوات کە ئێستا بەم شێوەیەیە. ئەو کاتە لە 2ی ئایارەوە رێگە بە خەڵک دەدرێت چالاکییە تایبەتییەکانیان دەست پێبکەنەوە، وەک چوونە دەرەوە و پیاسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی لێیانەوە نزیکن، هاوکات رێنماییەکان لەلایەن بەرپرسانی تەندروستییەوە دیار دەکرێن".
 
هەرچەندە ئیسپانیا بیر لە ئاساییکردنەوەی ژیان دەکاتەوە، سەرۆکی فریاگوزاریی تەندروستیی وڵاتەکە هۆشداریی لەبارەی سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسەکە و هاتنی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا دەدات و دەڵێت، با بەو پێشکەوتنە بچووکانە هەڵنەخەڵەتێین.
 
فێرناندۆ سیمیۆن، سەرۆکی فریاگوزاریی تەندروستیی ئیسپانیا ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت گەرەنتی تواناکانی خۆمان بکەین کە دەتوانین مامەڵە لەگەڵ دۆخێکدا بکەین ئەگەر تووشی شەپۆلێکی نوێی پەتاکە بووین یان جارێکی دیکە تووشبوون زیادبوو کە هیواخوازین ئەمە روونەدات".
 
کۆرۆنا لە ئیسپانیا کۆتایی نەهاتووە و تەنیا پێشکەوتنێکی بچووک بەدی دەکرێت کە ماوەیەکە رۆژانە کەمتر لە 400 کەس بەهۆی پەتاکەوە دەمرن.
 
لە ئیسپانیا  22 هەزار و 902 کەس بەهۆی کۆرۆناوە مردوون و تووشبووانیش ژمارەیان گەیشتووتە 223,759 هەزار کەس.
 
 

12:56

لە جیهاندا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سێ ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە

زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە ئەمریکا تۆمارکراون
 
 
ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر  ئاستی جیهان 200 هەزار کەسی تێپەڕاند، هەروەها ژمارەی تووشبووانیش لە سێ ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە.
 
بەپێی دوایین ئامارە فەرمییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژی یەکشەممە 26-04-2020 لەسەر ئاستی جیهاندا دوو ملیۆن و 931 هەزار و 923کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون.
 
هاوکات لە کۆی ژمارەی تووشبووان، تاوەکو ئێستا 203 هەزار و 596 کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها 838 هەزار و 895 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 
ڤایرۆسەکە لە زیاتر لە 200 وڵات و هەرێم لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، زۆرترین ژمارەی تووشبووان لە ئەمریکا تۆمارکراون کە تا ئێستا زیاد لە 960 هەزار و 800 کەس لەو وڵاتە تووشی ڤایرۆسەکە بوونە. 
 
 
دوایین ئاماری تووشبووان بە کۆرۆنا لە جیهاندا:
 
تووشبوو: 2,931,923
چارەسەرکراو 838,895
گیان لەدەستدان   203,596
 
 
ئەو 10 وڵاتەی زۆرترین تووشبوویان تێدا تۆمارکراوە: 
 
ئەمریکا
 
تووشبوو:  960,896
چارەسەرکراو:  118,162
گیان لەدەستدان:  54,265
 
ئیسپانیا
 
تووشبوو: 223,759
چارەسەرکراو:  95,708
گیان لەدەستدان:  22,902
 
ئیتاڵیا
 
تووشبوو: 195,351
چارەسەرکراو: 63,120
گیان لەدەستدان: 26,384 
 
فەرەنسا
 
تووشبوو 161,488
چارەسەرکراو:  44,594
گیان لەدەستدان 22,614
 
ئەڵمانیا
 
تووشبوو:  156,513
چارەسەرکراو:  109,800
گیان لەدەستدان:  5,877
 
بەریتانیا
 
تووشبوو: 148,377
گیان لەدەستدان: 20,319
 
تورکیا
 
تووشبوو: 107,773
چارەسەرکراو:   25,582
گیان لەدەستدان: 2,706
 
ئێران
 
تووشبوو: 89,328
چارەسەرکراو:   68,193
گیان لەدەستدان 5,650
 
چین
 
تووشبوو: 82,827
چارەسەرکراو: 77,394
گیان لەدەستدان:  4,632
 
رووسیا
 
تووشبوو: 80,949
چارەسەرکراو: 6,767
گیان لەدەستدان:  747