وەزارەتی دەرەوەی سوێد: بازرگانی و وەبەرهێنان پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان پێشدەخەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی سوێد بە رووداوی راگەیاند، باڵیۆزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا و نووسینگەی باڵیۆزخانەکەیان لە هەولێر داخستووە تاوەکو ئەو کاتەی دۆخی عێراق باشتر دەبێت. دەشڵێت، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان باشتر بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی سوێد لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، کارمەندی دێسکی نێودەوڵەتیی تۆڕی میدیایی رووداودا راگەیاند، "باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا و نووسینگەی باڵیۆزخانەکە لە هەولێر داخراون".
وەزارەتەکە دەشڵێت، "باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا بە شێوەیەکی کاتی گوێزراوەتەوە ستۆکهۆڵم. سوێد دەیەوێت کاتێک دۆخەکە باشتر بوو دیپلۆماتکارانی سوێد لە عێراق هەبن. تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک لەو بارەیەوە نەدراوە".
سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە بە رووداوی راگەیاند، "داخستنی باڵیۆزخانەی سوێد بە بڕیاری لایەنی سوێدی بووە و پەیوەندی بە رووداوەکانی دوای کوژرانی سەلوان مۆمیکاوە هەبووە".
رۆژی 29ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، سەلوان مۆمیکا لە سوێد کوژرا و پێش کوژرانیشی خۆپێشاندان لە پێش باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا دژی مۆمیکا کرابوو.
سەرچاوە عێراقییەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بە ئەگەری زۆرەوە بەم زووانە باڵیۆزخانە و نووسینگەکەی سوێد دەکرێنەوە".
وەزارەتی دەرەوەی سوێد ئاماژەی بەوەش کردووە، "سوێد پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ عێراق هەیە بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی لەنێوان هاووڵاتییانی هەردوو وڵاتدا هەیە و بەشێکی زۆری دانیشتووانی سوێدیش بنەچەی عێراقییان هەیە."
جەختی لەوەش کردەوە، "حکومەتی سوێد بەردەوامی بە پەیوەندییە باشەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات. بازرگانی و وەبەرهێنانیش هاوکاردەبن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان و لەلایەن حکومەتی سوێدیشەوە پاڵپشتی دەکرێن."
بە گوێرەی ماڵپەڕی جۆشوا، لە 10 ملیۆن و 500 هەزار دانیشتووی سوێد، 99 هەزاریان بە رەچەڵەک عێراقین.