پیاوێک لە ئەمریکا دوای 33 ساڵ زیندانیکردن بێتاوان دەرچوو

26-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا پیاوێک دوای ئەوەی زیاتر لە سێ دەیەی لە زیندان بەتۆمەتی "هەوڵدان بۆ کوشتن"ـی کەسێک بەسەربرد، دادگە پێداچوونەوەی بە کەیسەکەیدا کرد و بە "بێتاوان" ناساندی، دواتریش ئازادکرا.
 
شەوی پێنجشەممە، 25ـی ئایاری 2023، گۆرج گاسکن، داواکاری گشتیی دادگەی لۆس ئەنجلسی کالیفۆڕنیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دانیاڵ ساڵدانای تەمەن 55 ساڵ دوای 33 ساڵ لە دەستگیرکرنی بڕیاری ئازادکردنی دراوە، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی 1990 بەتۆمەتی تەقەکردن لە نزیک قوتابخانەیەکی شاری لۆس ئەنجلس دەستگیرکرابوو.
 
گاسکن گوتیشی، "ساڵدانا بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە رووداوەکەوە نەبووە، ئەو لە کاتی روودانی تاوانەکە لە شوێنی رووداوەکە نەبووە."
 
گاسکن داوای لێبووردنی لە ساڵدانا کرد و رایگەیاند، "دەزانم ئەم داوای لێبووردنە ئەو دەیان ساڵەت بۆ ناگەڕێنێتەوە کە لە زیندان بەسەرت بردووە، بەڵام هیوادارم داوای لێبووردنەکەمان هەندێک ئاسوودەیی بچووکتان پێببەخشێت دوای ئەوەی ژیانێکی نوێ دەستپێدەکەیت."
 
داواکاری گشتیی لۆس ئەنجلس گوتیشی، "کاتێک کەسێک بە هەڵە سزا دەدرێت، ئەوە شکستی سیستمی دادپەروەریی ئێمەیە و بەرپرسیارێتیی ئێمەیە کە ئەو هەڵەیە راست بکەینەوە؛ کاری ئێمەیە لێپرسینەوە لە خەڵک بکەین کاتێک زیانیان پێدەگات، بەڵام دەبێت لێپرسینەوە لە خۆمان و سیستمەکەش بکەین."
 
ساڵدانا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا ئامادەبوو و گوتی، "زۆر دڵخۆشم کە ئازادبووم، هەموو رۆژێک لە خەو هەڵدەستام و دەمبینی کە لە ژوورێکدا زیندانی کراوم لە کاتێکدا کە بێتاوان بووم، بەڵام دەمزانی کە ئەو رۆژە دێت و ئازاد دەبم." 
 
ئەو رووداوانە یەکەم جار نییە لە ئەمریکا روودەدەن و ساڵی 2021، دادگەی فیدراڵیی ئەمریکا بڕیاری بێتاوانیی کەسێکی دەرکرد کە زیاتر کە دوو دەیەی لە زیندان بەسەربرد بەتۆمەتی کوشتنی کچە هاوڕێکەی.
 
بە گوێرەی یاسای ئەمریکی، کەسێک کە بەهەڵە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە، دەتوانێت داوای قەرەبوو بکاتەوە و بۆ هەر ساڵێک لە زیندان بەسەری بردووە لەنێوان 50 بۆ 80 هەزار دۆلار قەرەبوو دەکرێتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە