رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر لە ئاسمانی تورکیا رەگلەی کرد و لە ئەنجامدا 12 کەس برینداربوون. تیمە فریاگوزارییەکان چارەسەری بریندارەکانیان کرد.
رۆژی یەکشەممە، 26-05-2024، فڕۆکەخانەی دەبڵنی پایتەختی ئێرلەندا رایگەیاند: "فڕۆکەی QR017 لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی قەتەر، لە دەوحەی قەتەرەوە بەرەو ئێرلەندا بەڕێگەوە بوو. فڕۆکەکە لە ئاسمانی تورکیا رەگلەیەکی کرد و لە ئەنجامدا شەش سەرنشین و شەش کارمەندی نێو فڕۆکەکە برینداربوون."
فڕۆکەخانەکەی ئێرلەندادەڵێت، "فڕۆکەکە کاژێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆ [بەکاتی هەولێر]، بە گوێرەی خشتەی ئاسایی خۆی گەیشتە دەبڵن و نیشتەوە. تیمە فریاگوزارییەکان زوو چوونە نێو فڕۆکەکە و پۆلیسی فڕۆکەخانە، ئاگرکوژێنەوە و تیمی رزگارکردن لە ئامادەباشیدا بوون".
فڕۆکەخانەی دەبڵن هیچ زانیارییەکی لەسەر جۆری برین و دۆخی تەندروستیی ئەو 12 کەسە بڵاونەکردووەتەوە و تا ئێستا هێڵی ئاسمانیی قەتەریش هیچ راگەیێندراوێکی نەبووە.
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، رۆژی 21-05-2024 فڕۆکەی SQ32 لە هێڵی ئاسمانیی سەنگاپوور لە لەندەنەوە بەرەو سەنگاپوور بەڕێگەوەبوو، دوای 10 کاژێر لە گەشتەکەی، فڕۆکەکە لە ئاسمانی میانمار دووچاری رەگلەیەک بوو و بە ناچاری لە شاری بانگکۆک لە تایلاند نیشتەوە.
لە ئەنجامی ئەو رەگلەیە، پیاوێکی بەریتانیی تەمەن 73 ساڵ گیانی لەدەستدا و 104 کەسیش بریندار بوون، 20 کەس بەهۆی سەختیی برینیان و رەوانەی یەکەی چاودێریی چڕ کران.
فڕۆکەکە 211 سەرنشین و 18 کارمەندی هەڵگرتبوو، لە کاتی رووداوەکەش 11 هەزار و 300 مەتر لە ئاستی زەوی بەرز بوو.
بەهۆی ئەوەی کاتی نان خواردنی بەیانی بوو و فڕۆکەکە لە باری فڕینی ئاسایی بوو، زۆربەی سەرنشینەکان پشتێنی سەلامەتییان نەبەستبوو.
زانایانی ژینگە و کەشناسی دەڵێن، رەگلەی فڕۆکە لە کەشوهەوای ساماڵ و سافدا روونادات، بەڵام بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە دیاردەی "رەگلەی ساماڵ" یان "رەگلەی کەشی روون" زیاتر دەبێت و ئەوەش وا دەکات راداری فڕۆکەکە نەتوانێت دەستنیشانی بکات و فڕۆکەوانەکە نەزانێت لە چ کاتێک دەکەوێتە نێو رەگلەکە.
توێژینەوەیەکی 2023 دەڵێت، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ساڵی 1979 تاوەکو 2020 دیاردەی رەگلەی ساماڵ 17٪ زیادی کردووە.
ئەنجوومەنی سەلامەتیی گواستنەوەی نیشتمانیی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2018 لانیکەم 185 کەس بەهۆی رەگلەی فڕۆکەوە بە سەختی برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ