رووداو دیجیتاڵ - وێنە: Wakil KOHSAR / AFP
رۆژی سێشەممە دوایین مۆڵەت بوو بۆ خاوەنی ئارایشتگەکان لە کابوول و ناوچەکانی دیکەی ئەفغانستان تاوەکو دەرگەکانیان دابخەن، بەشێک لە بووکەکان لەو رۆژەدا بە ترس و لەرزی پۆلیسەوە "خۆشترین رۆژی ژیانیان" بەڕێکرد.
قەدەخەی ئارایشتگەکان دوایین هەوڵی تاڵیبان بوو بۆ ناردنەوە ماڵەوەی ژنان و دوورخستنەوەیان لە کار لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەوانەی لە ئارایشتگەکان کاریان دەکرد، تەنیا سەرچاوەی پەیداکردنی بژێوی نەک خۆیان، خێزانەکانیشیان بوون.
بەهرە دانیشتووی کابوولە و لەبارەی بڕیارەکە دەڵێت: "دڵمان شکاوە بەم بڕیارە، چونکە ساڵۆنەکان تەنیا شوێنی ئەوە نەبوون کە خۆمانی لێ جوان بکەین، بەڵکو شوێنی بینینی کەسی دیکە و دروستکردنی هاوڕێیەتیی نوێ بوو تاوەکو خەمەکانی خۆمان بۆ یەکدی باس بکەین."
لەو کاتەوەی لە ئابی 2021 تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەوەدەست، دەسەڵاتدارانی ئەو بزووتنەوەیە چەندین یاسایان دژی مافەکانی ژنان دەرکردووە، لەنێویاندا رێگری لە ژنان و کچان بۆ چوونە قوتابخانە و زانکۆ، سەردانکردنی پارک و شوێنی یاریکردن و هۆڵەکانی لەشجوانی. هەروەها فەرمانیان بە ژنان و کچان کردووە لە شوێنە گشتییەکان جەستەی خۆیان دابپۆشن.