رووداو دیجیتاڵ
لەسەر قەڵای سەڵاحەدینی ئەیووبی لە قاهیرە، مۆزەخانەیەکی گەورەی سەربازی هەیە کە تێیدا جۆرەها چەک، تۆپ، تانک، زرێپۆش و فڕۆکەی بەکارهاتوو لە جەنگەکانی ئەو وڵاتەدا نمایشکراون، بەتایبەتی ئەو چەکانەی لە جەنگەکانی 1967 و 1973 دژی ئیسرائیل بەکارهێنراون.
مۆزەخانەکە کە ناوی (مۆزەخانەی جەنگیی نیشتمانی)ـیە، ساڵی 1949 لەسەر قەڵاکە کراوەتەوە و لەوکاتەوە چەند جارێک نۆژەنکراوەتەوە.
لەنێو مۆزەخانەکەدا مێژووی جەنگ لە سەردەمی ئیسلامییەوە تاوەکو سەردەمی نوێ نمایشکراوە. گەشتیارانی میسری و بیانی بۆ ئاشنابوون بە مێژووی جەنگەکانی میسر و بینینی ئەو چەکانەی بەکارهاتوون، سەردانی دەکەن. شوێنی مۆزەخانەکە لەسەر قەڵای سەڵاحەدینی ئەیووبییە و پێشتر کۆشکی پاشا و سەرکردەکانی میسر بووە.
لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیشدا، کراوەتە بارەگا و نەخۆشخانەی سەربازی. هەروەها لەنێو قەڵاکەدا، پەیکەری سەڵاحەدینی ئەیووبی، سەرکردەی کورد، شانبەشانی پەیکەری دیارترین سەرکردەکانی مێژووی میسر دانراوە. مۆزەخانەکە بۆ چەند بەشێک دابەشکراوە و هەر بەشێکی تایبەتە بە سەردەمێکی مێژوویی. بۆ نموونە، هۆڵی شکۆمەندی، پەرەسەندنی مێژوویی جلوبەرگی سەربازیی سوپای میسری لە سەردەمی فیرعەونەکانەوە تاوەکو سەردەمە ئیسلامی و مۆدێرنەکان تێدا نمایشکراوە.
لە هۆڵی تۆپخانەشدا، مێژووی تۆپخانە لە سەردەمی محەممەد عەلی پاشاوە تاوەکو سەردەمی نوێ خراوەتەڕوو. هەروەها بەشێکی تایبەت کراوە بە نمایشی چەکەکانی سەردەمە ئیسلامییەکان، وەکو سەردەمی ئەیووبی و مەملووکەکان. بەشێکی تایبەت بۆ جەنگی ساڵی 1967 تەرخانکراوە و هۆڵی سەرکەوتنیش تایبەتە بە جەنگی ساڵی 1973.
لەوێدا دەستکەوتەکانی شەڕی ئۆکتۆبەری 1973 دژی ئیسرائیل، بە شکۆمەندییەوە نمایشکراون و بەهێزترین چەکەکانی سوپای میسر، لەوانەش تانک، زرێپۆش، تۆپهاوێژ و فڕۆکە خراونەتەڕوو.