رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی کۆمارییەکان لە ویلایەتی تێکساس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەرای نایەوە، دوای ئەوەی ڤیدیۆی سووتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆزی بڵاوکردەوە.
رۆژی دووشەممە، 25ی ئابی 2025، ڤالنتینا گۆمێز، خانمە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا لە ویلایەتی تێکساس گرتە ڤیدیۆییەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و لە ڤیدیۆکەدا پشانی دەدات، کۆپییەکەی قورئانی پیرۆز دەسووتێنێت و لەگەڵ ڤیدیۆکەشدا نووسیوویەتی: "بە یارمەتی خودا، کۆتایی بە ئیسلام لە تێکساس دەهێنم."
گرتە ڤیدیۆکە بە خێرایی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە و لەلایەن موسڵمانان و گرووپەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ئیسلامەوە رەخنەیان لەو بەربژێرە گرت.
بەربژێرەکە لە گرتە ڤیدیۆکەدا دەڵێت، ئەمریکا گەلێکی کریستیانە، بۆیە موسوڵمانانی ئەمریکا دەتوانن بڕۆن لە وڵاتانی ئیسلامی بژین.
ئەمە یەکەمجار نییە گۆمێز بەهۆی هێرشکردنە سەر ئیسلام و موسڵمان، خەڵکێکی زۆری تووڕە دەکات.
لە ئایاری 2025دا ئەو بەربژێرە لەکاتی بەڕێوەچوونی بۆنەیەکی تایبەتی موسڵمانانی ویلایەتی تێکساس، چووە سەر ستەیج و مایکرۆفۆنی بە دەستییەوە گرت و گوتی، "ئیسلام جێگەی لە تێکساسدا نییە. یارمەتیم بدەن بگەمە کۆنگرێس تاوەکو بتوانین کۆتایی بە بەئیسلامیکردنی ئەمریکا بهێنین. من تەنیا لە خودا دەترسم."
ئەو بەربژێرە لە کانوونی یەکەمی 2024یش لەگرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای لەسێدارەدانی کۆچبەرە نایاساییەکانی ئەمریکای کرد.
سەرەتای ئەم ساڵیش، ئەو بەربژێرەی پارتی کۆمارییەکان ڤیدیۆیەکی خۆی بڵاوکردەوە کە کتێبێکی تایبەت بە مافەکانی هاوڕەگەزخوازان دەسووتێنێت و قسەیان پێدەڵێت.
رۆژی 03-11-2026 هەڵبژاردنی نیوەوەرزی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ