رووداو دیجیتاڵ
رەنج عومەر گەنجێکی کوردە و لە ساڵی 2017 زیاتر لە 650 کیلۆمەتری بڕی و بەپێ چووە پارێزگاکانی هەولێر، کەرکووک، سلێمانی و دهۆک. دەڵێت، هەر لەو گەشتەیدا بیرۆکەی سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤرێستی بۆ دروستبوو تاوەکو ناو و ئاڵای کوردستان بگەیێنێتە سەر لووتکەکەی، رەنج وەکو لەم وێنانەدا دەردەکەوێت، بەردەوامە لە گەشتەکەی بۆ گەیشتن بە لووتکەی ئێڤرێست.
رەنج عومەر دەڵێت، دوای گەڕانێکی زۆر بۆی دەرکەوتووە کە ئەگەر بچێتە سەر لووتکەکە، دەبێتە یەکەم کورد، بۆیە بێ دوودڵی ئەو بڕیارەی داوە و دەستیکردووە بە خۆئامادەکردن.
ئەو گەنجە کوردە بیرۆکەکەی دەگەیێنێتە سەرۆک بارزانی، دەڵێت، "بە گەرمی پێشوازی لێکردم و ئاڵایەکی کوردستانی پێشکەشکردم تاوەکو لەسەر لووتکەکە هەڵی بکەم."
ئەو کاتەی رەنج عومەر سەرۆک مەسعود بارزانی بینیوە و پلانی گەشتەکەی داناوە بۆ ساڵی 2020، کۆتاییەکانی ساڵی 2019 بوو کە هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە جیهان، بۆیە گەشتەکەی بۆ ساڵی 2021 دواکەوت.
رەنج عومەر دەڵێت، کاتێک لە ساڵی 2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بینیوە، "زۆر بە گەرمی پێشوازی لە پرۆژەکەم کرد و پاڵپشتیی ماددی و مەعنەویی ئەم پرۆژەیەی کرد، زۆریشی پێخۆش بوو کە گەنجی کورد خاوەنی خەونی گەورەیە و ئیرادەی بەهێزە."
گەشتەکەی ئەو گەنجە کوردە دوای ئەو کۆبوونەوەیە بۆ نیپاڵ دەستیپێکرد کە زنجیرە چیاکانی هیمالایای لێیە و ئێڤرێست بەرزترین لووتکەی چیاکەیە. رەنج دەڵێت، "لەگەڵ گەیشتنمان حکومەتی نیپاڵ پێشوازی لێکردین، بە کولتووری خۆیان و بە ئاڵای کوردستان و نیپاڵەوە."
لەوێ گەشتی بردنی ئاڵای کوردستان بۆ سەر بەرزترین لووتکەی جیهان بەردەوام بوو، وەکو رەنج باسی دەکات، "بەردەوام بووین و رێگەمان بەرەو چیاکانی هیمالایا بڕی کە بەشی یەکەمی دارستانە، ئێستا زیاتر لە 10 رۆژە بەڕێوەین و ئەو دارستانانەمان تێنەپەڕاندووە، دارستانەکان لەنێو چیاکان هەڵکەوتوون و هەندێکجار سێ بۆ چوار هەزار مەتر سەردەکەوین و دێینە خوارەوە."
هەر لە میانی گەشتەکەیدا، رەنج عومەر سەردانی پەرستگەی لامای کردووە کە لە بەرزیی سێ هەزار و 900 مەتر لە ئاستی رووی دەریا هەڵکەوتووە و لەوێ منداڵەکان دەخوێنن تاوەکو ببن بە پیاوی ئایینی و لە پەرستگەی بووزییەکاندا خزمەت بکەن.