پۆڵەندا بۆ ئەڵمانیا: رێز لە سەروەریی وڵاتەکەمان بگرە

26-09-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  

وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، ئەڵمانیای بەوە تۆمەتبار کرد کە دەست لە کاروباری نێوخۆی وڵاتەکەی وەردەدات، ئەوەش دوای ئەوە هات کە راوێژکاری ئەڵمانیا داوای روونکردنەوەی لە وارشۆ کرد لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی وارشۆ کراون و گوایە کۆنسوڵخانەکانی پۆڵەندا ڤیزایان بە خەڵکی چەند وڵاتێک فرۆشتووە.
 
رۆژی دووشەممە، 25ـی ئەیلوولی 2023، زبیگنییەڤ راو، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) وەڵامی قسەکانی ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیای دایەوە و گوتی: "راگەیێندراوەکەی شۆڵتز پێشێلکاریی بنەماکانی سەروەریی وڵاتانە". 
 
ئەو گوتانەی وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دوای ئەوە هات کە ئۆڵاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا داوای لەو وڵاتە کردبوو روونکردنەوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی سەر وارشۆ بدات کە گوایە کۆنسوڵخانەکانی پۆڵەندا بە پارە ڤیزایان بە خەڵکی چەند وڵاتێکی ئاسیا و ئەفریقیا فرۆشتووە. 
 
زبیگنییەڤ ئەوەشی راگەیاند کە داوای لە شۆڵتز کردووە "رێز لە سەروەریی پۆڵەندا بگرێت و خۆی بەدوور بگرێت لەو گوتانەی کە زیان بە پەیوەندییە هاوبەشەکانمان دەگەیێنێت".
 
رۆژی 11-9-2023، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی پۆڵەندا، پارتی فەرمانڕەوای وڵاتیان بە "درۆزن و ساختەکار" ناوبرد و رایانگەیاند: "لە ژێر سایەی ئەو پارتە کۆنسوڵخانەکانی پۆڵەندا لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە وەک بەرتیل سەتان هەزار ڤیزەی بە ناوی کار بە هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەوروپا داوە کە دواتر وەک کۆچبەر چوونەتە ئەو وڵاتە." دەشڵێت، "لە کاتێكدا پارتی فەرمانڕەوا بانگەشەی پەیڕەوکردنی سیاسەتی دژە کۆچبەران دەکات، خۆی بەرپرسە لە چوونی سەتان هەزاریان بەرەو ئەوروپا".
 
میدیای پۆڵەندی باس لەوە دەکات، گوایە پیۆتیر واوریزیک، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەرپرس بووە لە رێکخستنی بەرنامەیەک بۆ پێدانی ڤیزەی پۆڵەندا بە هاووڵاتییانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا بە دیاریکراوی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی دیکەی تازەپێگەیشتوو لە بەرامبەر پێنج هەزار دۆلاری ئەمریکی.
 
لە ساڵی 2021، پۆڵەندا زیاتر لە 970 هەزار ڤیزەی لەو جۆرەی داوە کە دەکاتە یەک لەسەر سێی کۆی ئەو ڤیزانەی کە 26 وڵاتەکەی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا بە هاووڵاتییانی دەرەوەی یەکێتییەکەیان داوە.
 
بەگوتەی "هاوپەیمانیی سیڤیل"ی ئۆپۆزیسیۆنیش لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە 350 هەزار ڤیزە پێچەوانەی رێکار و رێنماییەکان دراونەتە هاووڵاتییانی دەرەوەی ئەوروپا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.