ئێرلەندا دەیەوێت کۆچبەری و گەشەی دانیشتووان سنووردار بکات

26-11-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی ئێرلەندا رایگەیاند، وڵاتەکەی پلانی هەیە لە رێگەی یاسای نوێ و گشتگیری کۆچ و پەنابەرییەوە، گەشەی بەرزی دانیشتووانەکەی سنووردار بکات.
 
رۆژی چوارشەممە 26ی تشرینی دووەمی 2025، جیم ئۆکاڵاهان، وەزیری دادی ئێرلەندا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "پار دانیشتووانمان 1.6 زیادی کرد، کە حەوت هێندەی تێکڕای یەکێتیی ئەورووپایە."
 
ئۆکاڵاهان گوتی، حکومەت پێیوایە "رێژەی زیادبوونەکە پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی سیاسییە". ئاماژەی بەوەش کرد، گەشەی دانیشتووان "زۆر بەرزە" و گوشار دەخاتە سەر توانای وڵاتەکەیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و نیشتەجێبوون.
 
ئێرلەندا شایەتی هەڵکشانێکی بەرچاوی داواکارییەکانی مافی پەنابەری بووە. پار 18 هەزار و 651 پەناخواز داوای مافی پەنابەرییان کرد لەکاتێکدا پێرار 13 هەزار و 276 کەس داوایان کردبوو. 
 
ئەو کۆچبەرانەی گەیشتوونەتە ئێرلەندا ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەی بەرزکردووەتەوە بۆ نزیکەی پێنج ملیۆن و 460 هەزار کەس. ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی، بە شێوەیەک مانگی رابردوو خۆپیشاندانی تووندوتیژ لە دەرەوەی هۆتێلێکی پەناخوازان لە نزیک دبڵن بەڕێوەچوو.
 
هەنگاوەکانی حکومەت هاوکاتە لەگەڵ ئەو یاسا نوێیە تووندانە کە لە بەریتانیا راگەیێندراون بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەران، چونکە نیگەرانیی گشتی لە بەریتانیا بووەتە هۆی زیادبوونی پشتیوانی بۆ پارتی ریفۆرمی راستڕۆی تووندڕۆ.
 
ئۆکاڵاهان گوتی، کۆمەڵێک رێوشوێنی نوێ لەلایەن کابینەی ئێرلەندا پەسندکران، لە نێوانیاندا یاسای تووندتر سەبارەت بە شایستەیی وەرگرتنی وڵاتینامە و یەکگرتنەوەی خێزانی بۆ ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئەورووپان. 
 
وەزیری دادی ئێرلەندا گوتی، داواکارانی پاراستنی نێودەوڵەتی کە خوازیاری رەگەزنامەن، ئێستا دەبێت لە جیاتی سێ ساڵ، پێنج ساڵ لە ئێرلەندا بژین. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پەناخوازانەی خاوەنکارن ئێستا دەبێت بڕێک پارە بدەن لە بەرامبەر شوێنی مانەوەی حکومیدا، کە بڕەکەی دەکەوێتە سەر داهاتی هەفتانەیان.
 
هەروەها دەشڵێت، ئەوانەی دەیانەوێت لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەیان لە ئێرلەندا یەکبگرنەوە، دەبێت بیسەلمێنن کە دەتوانن لە رووی داراییەوە پشتیوانییان بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە