رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێزەکانیان هێرشێکی "بەهێز و کوشندە"یان کردووەتە سەر چەکدارانی داعش لە نێجیریا. هێرشەکە وەک جێبەجێکردنی هەڕەشەکانی ترەمپ دێت کە گوتبووی "تۆڵەی کوشتنی کریستیانەکان دەکەینەوە".
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی نێجیریا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 26-12-2025، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا "هێرشێکی ورد"یان بۆ سەر چەند ئامانجێکی تیرۆریستی لەنێو خاکی ئەو وڵاتەدا کردووە.
هێرشەکە چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە ترەمپ هۆشداریی دابوو، ئەگەر هێرشی سیستماتیک دژی کریستیانەکانی نێجیریا بەردەوام بێت، وەڵامی تووندیان دەبێت.
دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس سۆشیەڵ) لەبارەی هێرشەکەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "پێشتر هۆشداریم دابووە ئەو تیرۆریستانە کە ئەگەر کۆمەڵکوژکردنی کریستییانە بێتاوانەکان رانەگرن، ئەوا باجێکی قورس دەدەن، ئەمشەویش بەڵێنەکەمان بردەسەر و ئەوە روویدا."
سەرۆکی ئەمریکا بەشێوازێکی گاڵتەئامێز پیرۆزبایی کریسمس دەکات و دەڵێت: "جەژنی کریسمس لە هەمووان پیرۆز بێت، بە تیرۆریستە مردووەکانیشەوە، کە ئەگەر بەردەوام بن لەسەر کۆمەڵکوژکردنی کریستییانەکان، بێگومان ژمارەیان زۆر زیاتر دەبێت."
بەرپرسانی پێنتاگۆن (وەزارەتی جەنگی ئەمریکا) گرتە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت لە شەودا و لەسەر کەشتییەکی جەنگییەوە مووشەک ئاراستەی نێجیریا دەکرێت.
ئەمە یەکەم هێرشی ئاشکرای هێزەکانی ئەمریکایە لە نێجیریا لەم خولەی سەرۆکایەتیی ترەمپ دا. پێشتر سەرۆکی ئەمریکا لە مانگەکانی تشرینی یەکەم و دووەمدا رەخنەی لە نێجیریا گرت و رایگەیاندبوو، کریستیانەکان لەو وڵاتە رووبەڕووی "هەڕەشەی بوون و کۆمەڵکوژی" بوونەتەوە.
ئەم بۆچوونەی ترەمپ لەلایەن گرووپە کریستیانەکانەوە پێشوازی لێکراوە، بەڵام چاودێران هۆشداری دەدەن کە رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی گرژییە ئایینییەکان لە نێجیریا، کە پڕ دانیشتووانترین وڵاتی ئەفریقایە و مێژوویەکی خوێناویی لە پێکدادانی تایفیدا هەیە.
"سوپاسگوزارین بۆ هاوئاهەنگی"
فەرماندەیی ئافریکۆمی سەر بە سوپای ئەمریکا رایگەیاند، لە هێرشەکەدا کە لەسەر داوای فەرمیی نێجیریا بووە، "چەندین تیرۆریستی داعش" لە ویلایەتی سۆکۆتۆ کوژراون.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سوپاسی حکومەتی نێجیریای کرد بۆ "پشتگیری و هاوئاهەنگی" لە ئۆپەراسیۆنەکەدا.
ئەمریکا ئەم ساڵ جارێکی دیکە نێجیریای خستەوە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە "جێگەی نیگەرانیی تایبەتن" سەبارەت بە ئازادیی ئایینی. ترەمپ مانگی رابردوو هەڕەشەی بڕینی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی لەو وڵاتە کرد ئەگەر "کوشتنی کریستیانەکان" رانەگیرێت.
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەهۆی هێرشی گرووپەکانی بۆکۆ حەرام و داعش لە باکووری رۆژهەڵاتی نێجیریا، زیاتر لە 40 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی دوو ملیۆن کەسی دیکەش ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ