رووداو دیجیتاڵ
دیپ سیک وێبسایت و ئەپێکی چینییە و تایبەتە بە ژیریی دەستکرد، واتا هاوشێوەی چات جی پی تی و گووگڵ جێمینایە؛ ئێستا لە ئەپ ستۆر ژمارە یەکە و پشکی بۆرسە ئەمریکییەکانی دابەزاندووە.
دیپ سیک لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 پەرەی پێدراوە و رۆژی 20-01-2025 چالاککرا، بەڵام بەهۆی رێوڕەسمی سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە، سەرنجێکی زۆری لەسەر نەبوو.
کۆمپانیای دیپ سیک دەڵێت، تێچووی دروستکردن و پەرەپێدانی 5.6 ملیۆن دۆلاری تێچووە، بە پێچەوانەی ئەو ملیاران دۆلارانەی کۆمپانیا ئەمریکییەکان خەرجیان کردووە.
هەرچەندە ئەمریکا ناردنی نیمچە گەیەنەرەکان [چیپ]ـی ژیری دەستکردی سنووردار کردبوو، بەڵام ئەوە نەبووە بەربەست لەبەردەم دیپ سیک.
دوای ئەوەی وێبسایت و ئەپەکە دەبێتە رۆژەڤی ئینتەرنێت و ملیۆنان جار داونلۆد دەکرێت، پێنوێنی کۆمپانیاکان لە بازاڕە ئەمریکییەکان، بەتایبەت ئەوانەی لە کەرتی تەکنەلۆژیا کار دەکەن، دابەزینیان بەخۆیەوە بینی.
بۆرسەی S&P 500 بە بڕی 1.4٪ دابەزی، بۆرسەی Nasdaq 2.3٪ و NVIDIA 12٪ دابەزی.
هەفتەی پێشوو، کۆمپانیای مێتا کە خاوەنی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئاپە، رایگەیاند، لە ساڵی 2025 بڕی 65 ملیار دۆلار لە ژیریی دەستکرد خەرج دەکەن.
سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیای Open AI کە خاوەنی چات جی پی تییە، رایگەیاند، ژیریی دەستکرد تریلیۆنان دۆلاری پێویستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ