سێرگی لاڤرۆڤ بۆ رووداو: چارەسەری پرسی کورد لە سووریا مژارێکی نێوخۆییە

27-01-2025
کامیز شەدادی
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پرسی خۆبەڕێوەبەری کوردی لە سووریا، جەختی کردەوە کە ئەمە بابەتێکی ناوخۆیی سووریایە و دەبێت لەلایەن سووریاییەکان خۆیانەوە یەکلایی بکرێتەوە.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی کامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو لە مۆسکۆ رایگەیاند کە ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دوای شەڕ، تەنیا لە رێگەی پڕۆسەیەکی سیاسیی بەرفراوان دەکرێت کە لەسەر بنەمای بڕیاری 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش بێت.
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2015 بڕیارنامەی 2254ـی دەرکرد کە داوای وەستاندنی جەنگ، نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا و هەڵبژاردن دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە.
 
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد کە پێویستە هەموو هێزە سیاسییە کاریگەرەکان و گرووپە ئیتنۆ-ئایینییەکانی سووریا، لەوانە کورد، بەشداری لەم پڕۆسەیەدا بکەن. هەروەها جەختیشی کردەوە کە دەبێت پرەنسیپەکانی یەکێتی، سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا بە تەواوی پارێزراو بن.
 
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئەوەشی دووپات کردەوە کە بڕیارەکانی پەیوەست بە سیستمی دەوڵەت دەبێت بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی و لەسەر بنەمای رێککەوتنێکی نیشتمانی بن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە