هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەڵمانیا لە لایەن دوو کەسەوە هێرشی دەکرێتە سەر و بریندار دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شاری لایپزیگی ئەڵمانیا بە رووداوی گوت، دوو گەنج لە شارەکە بە چەقۆ هێرشیان کردووەتە سەر هاوڕێیەکی و برینداریان کردووە. بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، رووداوەکە شەوی رابردوو لەنێو شەمەندەفەرێکی شاری لایپزیگ لە رۆژهەڵاتی ئەڵمانیا روویداوە.
میدیای ئەڵمانیا دەڵێت، هێرشکارەکان دوو کەس بوون و ئەو کەسەش هێرشی کراوەتە سەر تەمەنی 30 ساڵ بووە و پۆلیسیش رووداوەکەی بۆ میدیا پشتڕاستکردوەتەوە.
شڤان کە خەڵکی شاری وانی باکووری کوردستانە و هاوڕێی گەنجە بریندارەکەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 11:35ـی شەو لەگەڵ (ک)ـی هاوڕێی (خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە) لە وێستگەی سەرەکیی شارەکە پێکەوە بوون و بە کوردی باسی دۆخی رۆژئاوای کوردستانیان کردووە، دواتر هەر یەکێکیان بە جیا سواری شەمەندەفەر بووە بۆ ئەوەی بچنەوە ماڵەوە.
هاوڕێیەکی دیکەی ئەو هاونیشتمانییەی هێرش کراوەتە سەری ناوی دڵشادە. ئەو دوو هاونیشتمانییە قسەیان بۆ رووداو کرد و گوتیان، (ک) گوتوویەتی، کاتێک سواری شەمەندەفەرەکە بووە، دوو کەسەکەی دیکە کە بە عەرەبی و تورکی قسەیان کردووە، دوای کەوتوون.
دڵشاد بە رووداوی گوت، (ک) گوتوویەتی "دوو گەنجەکە بە عەرەبی و تورکی و چەند زمانێکی دیکە قسەی نەشیاویان بە کورد گوت، لەوانەش قسەگوتن بە کوردی رۆژئاوای کوردستان".
شڤان دەڵێ، (ک) تەمەنی 30 ساڵە و بە پۆلیسی راگەیاندووە، هەرچەندە هەوڵی داوە خۆی لەو دوو کەسە بەدوور بگرێ و پێی گوتوون کێشەی ناوێ، بەڵام ئەوان بەردەوام بوون لە جنێودان.
وەک شڤان دەڵێ، (ک) گوتوویەتی، کاتێک ویستوویەتی لە شەمەندەفەرەکە دابەزێ، دوو کەسەکە بە چەقۆ پەلاماریان داوە و لە ئەنجامدا دەست و قاچەکانی بریندار بوون، بەتایبەتی دەستی چەپی کە "بە سەختی" برینداربووە.
دوای رووداوەکە، گەنجە کوردەکە پەیوەندی بە شڤانەوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە بریندار بووە. شڤان دەڵێ، کاتێک گەیشتووەتە لای هاوڕێکەی، کاری وەرگێڕانی بۆ پۆلیس کردووە.
بە گوتەی شڤان، هاونیشتمانییە هاوڕێکەی بە پۆلیسی گوتووە، کاتێک بە دوو کەسەکەی دیکەی گوتووە کامێراکانی چاودێری وێنەیان دەگرن، وازیان لێ هێناوە، دواتر هەوڵیان داوە رووداوەکە وەک "کێشەیەکی کەسی و ناسیاسی" نیشان بدەن.
بە گوتەی شڤان، پۆلیسی ئەڵمانیا یەکێک لە هێرشکارەکانی دەستگیرکردووە کە گوایە عەرەبێکی بە رەچەڵەک خەڵکی سووریایە، بەڵام ئەوی دیکەیان هەڵاتووە.
پۆلیسیش بە میدیای ئەڵمانیای راگەیاندووە، ئەو کەسەی دەستگیرکراوە تەمەنی 21 ساڵ و بە رەچەڵەک خەڵکی سووریایە، بەڵام دواتر ئازادکراوە؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسی دووەم هەڵاتووە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی گەنجە کوردەکە، هاوڕێکانی دەڵێن "جێگیرە،" بەڵام هەردوو دەستی پێچراونەتەوە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێ.