راپۆرتێک: روبیۆ بە وەزیری دەرەوەی سووریای راگەیاندبوو ئەگەر مەزڵووم عەبدی بەشدار نەبێت، کۆبوونەوە ناکەن
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێک دەڵێ، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا مەرجێکی بۆ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا دانابوو، پێش ئەوەی لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە 13ی شوبات، لەگەڵی کۆبێتەوە.
ئەلمۆنیتەر بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوە ئاگادارەکان، دەڵێت، روبیۆ بە شەیبانی گوتبوو: "ئەگەر مەزڵووم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو شاندی سووریادا نەبێت، کۆبوونەوەکە هەرگیز ناکرێ."
لە ئەنجامی ئەو مەرجەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مەزڵووم عەبدی بە یاوەریی ئیلهام ئەحمەد بەشداریی کۆبوونەوەکەی کرد و لەلای راستی وەزیری دەرەوەی سووریا و بەرامبەر روبیۆ دانیشت.
بۆچی روبیۆ ئەمەی کرد؟
سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەریان گوتووە، ئامانجی سەرەکیی روبیۆ لەم هەنگاوەدا رازیکردنی کۆنگرێسی ئەمریکا بووە، نەوەک گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر هەسەدە.
کۆنگرێس زۆر نیگەران بووە لە مامەڵەی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع بەرامبەر پێکهاتەکانی وەک عەلەوی و دروزەکان و هێرشەکانی مانگی رابردووی سوپا بۆ سەر کورد.
لە 6ی کانوونی دووەم شەڕ لە حەلەب دەستیپێکرد و دواتریش هێزەکانی حکومەت هێرشیان کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
ڤیدیۆی مامەڵەی خراپی هێزەکانی حکومەتی سووریا لەگەڵ شەڕڤانان کۆنگرێسیان تووڕە کرد.
گەورە سیناتۆری کۆماری، لیندزی گراهام، کە هاوڕێی نزیکی ترەمپە، لەگەڵ سیناتۆرە دیموکراتەکان پڕۆژەیاسای "پاراستنی کورد"ـیان ئامادە کرد بۆ سەپاندنی سزای تووند بەسەر سووریادا.
بەپێی راپۆرتەکە، لیندزی گراهام رۆڵێکی گەورەی هەبووە. ئەو کۆنگرێسمانە لە ژوورێکدا لەگەڵ ترەمپ بووە، کاتێک سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە ئەحمەد شەرعەوە کردووە و داوای لێکردووە هێرشەکان رابگرێ و مەرجی باشتر بۆ کورد دابنێت لە رێککەوتنەکەدا.
بەهۆی گوشاری ئەمریکاوە، رێککەوتنێکی نوێ کرا کە جیاوازە لەوەی پێشتر. ئەوەی پێشتر تورکیا پشتیوانی دەکرد و داوای خۆبەدەستەوەدانی تەواوی کوردی دەکرد.
بەڵام لەم رێککەوتنە نوێیەکەدا، هەسەدە بە تەواوی هەڵناوەشێنرێتەوە، بەڵکو وەک چوار لیوا دەمێنێتەوە؛ هەروەها سوپای سووریا ناچێتە نێو شار و گوندە کوردنشینەکان. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، باسی هیچ جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەکی ناناوەندی بۆ کورد نەکراوە.
ئەو شرۆڤەکارانەی قسەیان بۆ ئەلمۆنیتەر کردووە، هۆشداری دەدەن کە نابێت کورد زۆر پشت بە کۆنگرێس ببەستێت، چونکە پشتیوانیی ئەوان رەنگە کاتی بێت. ئالان ماکۆڤسکی، شارەزا لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "کۆنگرێس دەمدەمییە و هەر قەیرانێک رووبدات، رەنگە بە دەم کوردەوە نەیەت."
پێگە هەواڵییەکە پێیوایە، هەروەها کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بەردەوامە و ئەگەری ئەوە هەیە بە تەواوی بکشێنەوە، کە ئەمەش مەترسیی گەورە بۆ سەر کورد دروست دەکات.