27-03-2020
01:07
ژمارەیەک خۆبەخش لە ئیتاڵیا دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانە دەکەن
ژمارەیەک خۆبەخش لە ئیتاڵیا دەست بە دروستکردنی نەخۆشخانە دەکەن
ئیتاڵیا رووبەڕووی قەیرانێکی تەندروستیی جیددی بووەتەوە؛ ئەو وڵاتەی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا کێشەی کەمی تەخت و پێداویستیی تەندروستی هەیە و رۆژ دوای رۆژیش ژمارەی مردووان بەهۆی کۆرۆنا لەزیادبووندایە. ئەوە وایکردووە بەشێک لە خۆبەخشان بیر لە دروستکردنی نەخۆشخانە بکەنەوە.
ژمارەیەکی بەرچاو خەڵک لە سەرانسەری وڵاتدا ئامادەییان پیشانداوە بۆئەوەی وەک کەسی خۆبەخش کاربکەن؛ ژمارەیەک خۆبەخش خەریکی دروستکردنی نەخۆشخانەیەکن لە بێرگامۆ، ئەو شارەی تێیدا ژمارەیەکی زۆر کەس تووشی کۆرۆنا بوون و گیانیان لەدەستداوە.
گیاسینتۆ گیامبێلینی، سەرۆکی کۆمەڵەی خۆبەخشانی بێرگامۆ دەڵێت "ئێمە ژمارەیەکی زۆر کەسین؛ توانیمان زۆر بە باشی دەستپێبکەین؛ دارتاش، وەستای دیوار و کارەباچی و کەسانی دیکە هەموویان پێکەوە کاردەکەن. سوود لە تەواوی توانا و شارەزایی خۆمان وەردەگرین. ئێستا 130 تاوەکو 140 کەس لێرە کاردەکەن".
مردن بەهۆی کۆرۆناوە 25 هەزار کەسی لە سەرانسەری جیهاندا تێپەڕاندووە و زۆرترین ژمارەی مردووش لە جیهاندا لە ئیتاڵیایە، بە جۆرێک نزیکەی هەشت هەزار و 500 تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
لەم کاتە سەختەیشدا کە خەڵکی کەسانی نزیکیان لەدەستدەدەن، نابێت لە مردووەکانیان و کەسانی دیکەش نزیک ببنەوە و ئەوەش کێشەیەکی دیکەیە.
فرانسیسکۆ رۆکا، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی خاچی سوور باس لەوە دەکات، "ئەوەی ئێمە بیری دەکەین و لە رۆژانی رابردوویشدا لەگەڵ خۆبەخشەکان باسمکردووە بریتییە لە باوەشکردن بە یەکتریدا. دوێنێ لە کۆڵۆنۆ بووم و خۆبەخشێک لەوێ کاری دەکرد. ئەو لێم نزیکبوەوە و پێی گوتم "ئەم بەیانییە دایکم گیانی لەدەستدا". ئەو لەبەردەمم دەگریا؛ دوو مەتر لێمەوە دووربوو، بەڵام من نەمدەتوانی باوەشی پێدابکەم و دڵنەوایی بدەمەوە".
ئەو بارودۆخە سەختەی لە ئیتاڵیا هاتووەتە ئاراوە وایکردووە، حکومەت هەندێک رێکاری تووند بۆ رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە رابگەیێنێت و حکومەتی هەندێک وڵاتیش ستاف و یارمەتی تەندروستیان ناردووەتە ئەو وڵاتە.
23:07
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان نیو ملیۆن کەسی تێپەڕاند، لە ئەمریکاش ژمارەی تووشبووان بەردەوامن لە بەرزبوونەوە و بەپێی ئامارەکانی وۆڵد میتەر، تاوەکو ئێستا 100 هەزار و 514 کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووشی ڤایرۆسەکە بوون.
زۆرترین تووشبووان لە نیویۆرکن. لە 24 کاژێری رابردوو لە تەواوی ئەمریکا 15 هەزار و 79 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 251 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. کۆی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتنە 1546 کەس.
19:59
ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە تورکیا زیادیکرد
کەسێک بە خاکدەسپێرن کە لە ئیستانبووڵ بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە. وێنە: AFP
رووداو - هەولێر
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، دوو هەزار و 69 کەسی دیکە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەمەش کۆی گشتیی ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتە پێنج هەزار و 698 تووشبوو.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە 24 کاژێری رابردوودا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە 17 کەس بوون، بەمەش ژمارەی ئەو گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 92 کەس.
پێشتر سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا 12 شارۆچکە و گوند لە وڵاتەکەیاندا کەرەنتینکراون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رێکارەکانی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 211 هەزار و 670 شوێنیان داخستووە و بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان ژیان لە 80%ـی تورکیا وهستاوه.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی پەنابەرانی کرد و گوتی، لە رۆژی پێنجشەممە 26-3-2020ـەوە دەستیان کردووە بە بڵاوەپێکردنی پەنابەران لەسەر سنووری ئەدرنە و بەسەر نۆ پارێزگادا دابەشیان کردوون.
19:23
لە 24 کاژێردا نزیکەی هەزار کەس بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا
لە 24 کاژێردا نزیکەی هەزار کەس بە کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستدا
ئیتاڵیا ژمارەیەکی پێوانەیی لە گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد و لە 24 کاژێری رابردوو 969 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.
ئەوە "خراپترین" رۆژە بۆ ئیتاڵیا لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.
ئاژانسی پاراستنی مەدەنی لە ئیتاڵیا دەڵێت، 86 هەزار و 500 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
19:04
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا 12 شارۆچکە و گوند لە وڵاتەکەیاندا کەرەنتینکراون.
سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رێکارەکانی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڵاوکردەوە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا 211 هەزار و 670 شوێنیان داخستووە و بەپێی هەڵسەنگاندنەکانیان ژیان لە 80%ـی تورکیا وهستاوه.
وەزیری ناوخۆی تورکیا باسی پەنابەرانی کرد و دەڵێت، لە رۆژی پێنجشەممە 26-3-2020ـەوە دەستیان کردووە بە بڵاوەپێکردنی پەنابەران لەسەر سنووری ئیدرنە و بەسەر نۆ پارێزگادا دابەشیان کردوون.
لە تورکیا سێ هەزار و 629 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 75 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
09:00
یەکەمین تووشبوو بە کۆرۆنا لە ڤەنزوێلا گیانی لەدەستدا
یەکەمین تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڤەنزوێلا لە ناوەڕاستی مانگی ئادار تۆمارکرا
تاوەکو ئێستا لە ڤەنزوێلا 107 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونە، رۆژی پێنجشەممەش یەکەمین تووشبوو بە ڤایرۆسەکە لەم وڵاتە گیانی لەدەستدا.
دێلسی رۆدریگز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، یەکەمین کەس لە وڵاتەکەیاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانی لەدەستداوە. بەگوتەی جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا، تووشبووەکە تەمەنی 47 ساڵبووەو کریکار بووە و نەخۆشی دیکەشی هەبووە.
یەکەمین تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ڤەنزوێلا لە ناوەڕاستی مانگی ئادار تۆمارکرا، تاوەکو ئێستا لەم وڵاتە 107 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە و کەسێک گیانی لەدەستداوەو 15 تووشبووش چاکبوونەتەوە.
08:58
لە فەرەنسا تووشبووانی کۆرۆنا بە شەمەندەفەر دەگوازرێنەوە نەخۆشخانەکان
تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی 27-3-2020 لە فەرەنسا، 29155 کەس تووشی کۆرۆنا بوونە
حکومەتی فەرەنسا لە رێگەی شەمەندەفەرەوە تووشبووانی کۆرۆنا دەگوازێتەوە نەخۆشخانەکان، پێداویستی پزیشکی و پاکێجی پشکنینیان لە نێو شەمەندەفەرەکان دابین کردووە و لە یەک کاتدا بە دەیان تووشبوو دەگوازنەوە.
حکومەتی فەرەنسا لە رێگەی یەکێک لە شەمەندەفەرە خێراکانی، زیاتر لە 20 تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ستراسبۆرگ گواستەوە نەخۆشخانەکان، تاوەکو بخرێنە ژێر چاودێری وردی پزیشکییەوە.
لە نێو شەمەندەفەرەکاندا تیمی پزیشکی تایبەت هەن، پێداویستی پزیشکی و هەروەها پاکێجی پشکنینیان پێیە، تاوەکو نەخۆشەکان دەگەیێندرێنە نەخۆشخانەکان لە نێو شەمەندەفەرەکە و چاودێری دەکرێن.
تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی 27-3-2020 لە فەرەنسا، 29155 کەس تووشی کۆرۆنا بوونە، 4948 کەسیان چاکبوونەتەوە و 1696 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.
08:53
ژمارەیەک تووشبووی کۆرۆنا لە مەدرید نەخۆشخانەیان بەجێهێشت
ئیسپانیا، لەدوای ئیتاڵیا دووەمین وڵاتە لە ئەوروپا کە زۆرترین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ تۆمارکرابێت
ژمارەیەک لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسپانیا، چاکبوونەوە و هەندێکیان بە چەپڵەڕێزان لەلایەن پزیشکەکانەوە بەڕێکرانەوە بۆ ماڵەکانیان.
رۆژی پێنجشەمممەی رابردوو، تیمە پزیشکییەکان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی مەدریدی پایتەخت، بە چەپڵەوە ماڵئاواییان لە یەکێک لە نەخۆشەکان کرد و هیوای تەندرووستییەکی باشیان بۆ خواست.
ئیسپانیا، لەدوای ئیتاڵیا دووەمین وڵاتە لە ئەوروپا کە زۆرترین تووشبووی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لێ تۆمارکرابێت.
تاوەکو ئێستا لەم وڵاتەدا 57786 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، 7015 کەس چاکبوونەتەوە و 4365 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
08:51
لەدوای کۆنترۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو و کەمبوونەوەی ژمارەی تووشبووان لە چین، حکومەتی ئەو وڵاتە بڕیاری دا، بۆ رێگریکردن لە دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەیدا، رێگە بە هیچ بیانییەک نەدرێت سەردانی چین بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی چین رایگەیاندووە، لە ژێر رۆشنایی هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی یەکجاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێگە بە هاتنی هیچ بیانییەک بۆ نێو وڵاتەکەیان نادەن.
وەزارەتی دەرەوەی چین لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەم رێگریکردنە کاتییە و لە ماوەیەکی نزیکدا کاتێک دۆخەکە باشتر دەبێت، دووبارە پێشوازی لە خەڵکی بیانی دەکەنەوە.
بڕیارەکەی حکومەتی چین لە رۆژی شەممەوە واتە لە 28ی ئاداری 2020 جێبەجێدەکرێت و بەتەنیا دیپلۆماتکار و شاندەکانیان ناگرێتەوە.
لە چین تاوەکو ئێستا 81340 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 3292 کەس گیانیان لە دەستداوە و 74588 تووشبوویان چاکبوونەتەوە.
08:42
لەماوەی یەک رۆژدا 662 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا گیانیانلەدەستداوە و ژمارەی گشتی تووشبووانیش بە ڤایرۆسەکە بۆ 80589 کەس بەرزبووەتەوە.
ئاگۆستینۆ میۆزۆ، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیتاڵیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 662 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و 4492 کەسیش تووشی ڤایرۆسەکە بوونە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئیتاڵیا راشیگەیاند، ئێستا لە ئیتاڵیا 62033 کەس هەڵگری ڤایرۆسەکەن، 33648 کەسیان لە ماڵەکانیان کەرەنتینە کراون و 3612 تووشبووشیان لە نەخۆشخانەکان لە ژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.
تاوەکو ئێستا بەگشتی لە ئیتاڵیا 80589 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوونە، 10361 کەس چاکبوونەتەوە و 8215 کەسیش گیانیان لە دەستداوە.