رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆتاییهێنان بە کارەکانی رێکخراوی یونیتادی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، "ئێمە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین لە دادگەییکردنی داعش و پشتگیری لە ئەنجامێکی رێکوپێک دەکەین لە یەکخستنی کارەکانی یونیتاد."
رۆژی چوارشەممە، 27-03-2024، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی کارەکانی رێکخراوی یونیتاد بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگی و جینۆسایدی داعش گوتی، "ئەمریکا بە جیدی پاڵپشتی کارەکانی دەکات، کە هاوکارە لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دادگەییکردنی ئەندامانی داعش لە بەرامبەر دڕندەییەکانیان، لەنێویاندا کردەوەی جینۆساید لە دژی کەمینە ئایینییەکان لە عێراق. ئێمە پشتگیری لە ئەنجامێکی رێکوپێک دەکەین لە یەکخستنی کارەکان."
رۆژی چوارشەممە، 20-03-2024، لە هەڤپەیڤینێکدا کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە تاوانەکانی داعش ناسراو بە (یونیتاد)، رایگەیاند، "روونە ئەرکەکەی ئێمە کۆتایی نەهاتووە. پێویستمان بە کاتی زیاترە، ئەگەر تەماشای کاتی کۆتایی ئەرکەکان بکەیت کە ئەیلوولی 2024ـە، ئێمە تاوەکو ئەوکاتە ناتوانین تەواوی لێکۆڵینەوەکانمان تەواو بکەین یان دامەزراندنی ناوەندێکی ئەرشیفکردن بۆ ملیۆنان بەڵگەنامەی گرنگ."
حکومەتی عێراق، کۆتاییهێنانی ئەرکی یونیتادی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هاوئاهەنگییەکی باشی لەگەڵ حکومەت نەبووە و ئەو بەڵگەنامانەشی دەستیکەوتوون پێشانی حکومەتی نەداوە.
ئەمە یەکەمجارە، سەرۆکی تیمی یونیتاد بە راشکاوانە باس لە هۆکاری کۆتاییهێنانی ئەرکی تیمەکەیان دەکات کە مانگی ئەیلوولی رابردوو، ئەنجوومەنی ئاسایش لەسەر داوای حکومەتی عێراق تەنیا بۆ یەک ساڵ ماوەی کارکردنی تیمەکەی درێژکردەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی یوئێن چاوەڕێیان دەکرد ئەرکی یونیتاد بۆ چەندین ساڵ درێژە بکێشێت. تاوەکو ئێستا کار و لێکۆڵینەوەکانی یونیتاد بووەتە هۆی دادگاییکردن و زیندانیکردنی سێ چەکداری پێشووی داعش لە ئەڵمانیا و پورتوگال، لەسەر تاوانی جینۆساید و تاوانەکانی دیکەی نێودەوڵەتی.
ماتیو میلەر زیاتر روونیکردەوە، "هانتان دەدەین هەوڵبدەن لەگەڵ حکومەتی عێراق کاربکەن لەسەر بەردەوامبوونی رێوشوێنی پاراستن بۆ شایەتحاڵەکان و قوربانییەکان کە ئازایانە شایەتحاڵی و بەڵگەیان پێشکەش کردووە."
گوتەبێژە ئەمریکییەکە هەروەها گوتی، "لە کۆتاییدا، ئێمە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە عێراق و وڵاتانی دیکەی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەیشتن و سوودوەرگرتن لەو بەڵگانەی کە داتای یەکەکان کۆدەکرێنەوە و بەڵگەکان بە شێوەیەکی دروست ئەرشیف دەکرێن و پارێزراو دەبن بۆ بەکارهێنانی داهاتوو."
بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاندووە هۆکاری هاوبەشینەکردنی بەڵگەنامەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەغدا هێشتا سزای لەسێدارەدان جێبەجێ دەکات و ئەوەش دژی سیاسەتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و لێپرسینەوە لە تاوانکاران، ناسراو بە یونیتاد، لە ساڵی 2017 لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکان پێکهێنرا تاوەکو تاوانبارانی داعش بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن.
دەقی پرسیارەکەی رووداو و وەڵامی ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
رووداو: سوپاس مات، پرسیارێک لەبارەی کارەکانی یونیتاد لە عێراق کە لە ساڵی 2017 دامەزرا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانی جەنگی و جینۆسایدی داعش، ئێستا بەهۆی ناکۆکی لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق ئەم ئاژانسە خەریکە رووبەرووی داخستنی یەکجاری دەبێتەوە، ئاژانسەکە دەڵێت، ئەوان کارەکانیان تەواو نەکردووە و پێویستیان بە کاری زیاترە، حکومەتی عێراقیش دەڵێت، کارەکانی یونیتاد چیدیکە پێویست نین و سەرکەوتوو نەبوونە لە هاوئاهەنگیان لەگەڵ حکومەتی عێراق. هیچ کاردانەوەیەک و کۆمێنتێکت لەسەر ئەمە هەیە، هەروەها ئەمریکا پشتیوانی لە بەردەوامی کارەکانی یونیتاد لە عێراق دەکات، چۆن لێکۆڵینەوەکان لە تاوانەکانی داعش لەلایەن یونیتادەوە دەبینێت؟
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەمریکا بە جیدی پاڵپشتی کارەکانی دەکات، کە هاوکارە لە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دادگەییکردنی ئەندامانی داعش لە بەرامبەر دڕندەییەکانیان، لەنێویاندا کردەوەی جینۆساید لە دژی کەمینە ئایینییەکان لە عێراق. ئێمە پشتگیری لە ئەنجامێکی رێکوپێک دەکەین لە یەکخستنی کارەکان، ئێوە ئەو بەڵگانەی لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەشکراوە هاوپێچ دەکەن بۆ لێپێچینەوە لە ئەندامانی داعش کە توخمێکی سەرەکییە لە کارەکاندا و هانتان دەدەین هەوڵبدەن لەگەڵ حکومەتی عێراق کاربکەن لەسەر بەردەوامبوونی رێوشوێنی پاراستن بۆ شایەتحاڵەکان و قوربانییەکان کە ئازایانە شایەتحاڵی و بەڵگەیان پێشکەش کردووە. لە کۆتاییدا، ئێمە کاردەکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە عێراق و وڵاتانی دیکەی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانن بەردەوام بن لە دەستڕاگەیشتن و سوودوەرگرتن لەو بەڵگانەی کە داتای یەکەکان کۆدەکرێنەوە و بەڵگەکان بە شێوەیەکی دروست ئەرشیف دەکرێن و پارێزراو دەبن بۆ بەکارهێنانی داهاتوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ