تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتنە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس

27-04-2020

22:22

تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس

تووشبوون بە کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس
 
تاوەکو دێت ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا هەڵدەکشێت و ئەمڕۆ دووشەممە 27-4-2020 ژمارەی تووشبووان گەیشتە ملیۆنێک و 444 کەس.
 
ڤایرۆسەکە هەموو ویلایەتەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە، نیویۆرک و نیوجێرسی خراپترین بەرکەوتنیان هەیە بە ڤایرۆسەکە و لە پلەی یەکەم و دووەمی ویلایەتەکانی ئەمریکا دێن.
 
تاوەکو ئێستا 56 هەزار و 286  کەس گیانیان لەدەستداوە و 137 هەزار و 465 کەسیش چاکبوونەتەوە. 

 

 

 

20:49

لە عێراق 27 کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون

لە عێراق 27 کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
 
وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماری 24 کاژێری رابردووی ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 27 کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و یەک تووشبووش گیانی لەدەستەداوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا هاتووە، دوو هەزار و 311 پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراوە کە 27 پشکنینیان ئەرێنی بوون و بە گوێرەی پارێزگان بەمجۆرەن:
 
بەغدا: 8 تووشبوو
 
بەسرە: 1 تووشبوو
 
نەجەف: 1 تووشبوو
 
موسەننا: 7 تووشبوو
 
سلێمانی: 3 تووشبوو 
 
هەولێر: 7 تووشبوو 
 
هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، یەک کەس لە نەجەف گیانی لەدەستداوە، 23 کەس چاکبوونەتەوە کە بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیە:
 
بەغدا: 3 کەس
 
بەسرە: 8 کەس
 
نەجەف: 1 کەس
 
واست: 2 کەس
 
میسان: 1 کەس 
 
 زیقار: 6 کەس
 
هەولێر :2 کەس
 
بەپێی ئامارەکانی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەزار و 848 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لە ژمارەیە هەزار و 286 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 88 تووشبوویش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

 

19:37

ژمارەی مردووان بە کۆرۆناوە لە ئەمریکا 56 هەزار کەسی تێپەڕاند

 
 
لە ویلایەتی نیوجێرسیی ئەمریکا 106 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و بەوەش کۆی گیانلەدەستدانی کۆرۆنا لە تەواوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ 56 هەزار و نۆ کەس بەرزبووەوە. 
 
نیوجێرسیی ئەمریکا دووەم ویلایەتە لە رووی زۆری ژمارەی تووشبووان و زیاتر لە 111 هەزار تووشبووی هەیە و شەش هەزار و 48 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

 

 

 
 
 

17:23

360 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە بەریتانیا گیانیان لەدەستدا

360 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە بەریتانیا گیانیان لەدەستدا
 
وەزیری تەندروستیی بەریتانیا رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوو 360 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و هیچ ئاماژەیەکیش بۆ کۆتاییهێنان بە قەدەخەی هاتووچۆ نییە. 
 
بە گیانلەدەستدانی ئەو 360 کەسە، ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە بەریتانیا بۆ 21 هەزار و 92 کەس بەرزبووەوە. 

 

 

16:26

سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند: جەنگی دژی کۆرۆنامان بردەوە

سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند: جەنگی دژی کۆرۆنامان بردەوە
 
نیوزیلاند رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆی ئاسانترکردووە و سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت، سەرکەوتنێکی گرنگیان بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا بەدەستهێناوە. 
 
جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، "هیچ بڵاوبوونەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ڤایرۆسەکە نییە و هیچ شوێنێکیش نییە پشکنینی بۆ نەکرابێت. ئێمە ئەو جەنگەمان بردەوە". 
 
دوای نزیکەی پێنج هەفتە لە قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی کە بەتەنها دەزگا خزمەتگوزارییەکان کاریان دەکرد، نیوزیلاند رێکارەکان ئاساندەکاتەوە. بەوەش بەشێک لە بازرگانییەکان، خواردنە خێراکان و قوتابخانەکان دەکرێنەوە. 
 
هاوکات سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند هۆشداریشدەدات، کە هێشتا هیچ دڵنیاییەک نییە کە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە لە کۆمەڵگەکەیاندا نەمابێت و ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی. 
 
جاسیندا ئاردێرن، ئاماژە بەوەشدەکات، هەموو کەس دەیانەوێت ژیانی کۆمەڵایەتییان دەستپێبکەنەوە "بەڵام بۆ ئەوەی بە دڵنیاییەوە ئەوە بکەین، دەبێت بەهێواشی و بە وریاییەوە بیکەین". 
 
هاوکات ئاشلی بلوومفیڵد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی نیوزیلاند ئاماژەی بەوە کرد "نەمانی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکە مانای ئەوە نییە کە کۆتاییهاتووە، بەڵام ئێستا دەزانین سەرچاوەی بڵاوبوونەوەکەی کێیە و لە کوێوەیە". 
 
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا هەزار و 469 کەس لە نیوزیلاند تووشی کۆرۆنا بوون، 19 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 180 کەسیش چاکبوونەتەوە. تەنها یەک تووشبووش لەژێر چاودێریی چڕدایە و تەندروستیی ناجێگیرە. 

 

14:33

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: کاتی ئەوەیە کۆرۆنا لە زەوی بدەین

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. وێنە: AFP
 
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەدوای گەڕانەوەی بۆسەر کارەکەی لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئێستا بەریتانیا لە چرکەساتی دەستپێکی هەڵگەڕاندنەوەی دۆخەکەدایە لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات سوپاسی ئارامیی خەڵکی وڵاتەکەی کرد بەرامبەر بە رێکارەکان.
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە گەڕایەوە داونینگ ستریت و دەستی بە کارەکەی کردەوە و لەبەردەم نووسینگەی سەرۆکوەزیرانیش گوتارێکی پێشکەشکرد.
 
جۆنسن لە گوتارەکەیدا رایگەیاند "من دەتوانم لە روانگەی ئەزموونی خۆمەوە پیتان بڵێم ئەم ڤایرۆسە هێرشکارێکی فیزیکی، دڕندەیەکی نادیار و چاوەڕواننەکراوە، بۆیە ئێستا ئەو چرکەساتەیە کە دەبێت دەستبکەین بەوەی ڤایرۆسەکە لە زەوی بدەین".
 

13:45

قوتابخانە سەرەتاییەکان لە نەرویج دەکرێنەوە

ئەو قوتابیانەی تەمەنیان لەنیوان شەش بۆ 10 ساڵاندایە دەگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن. وێنە: AFP
 
دوای ئەوەی حکومەتی نەرویج رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەژێر کۆنترۆڵدایە، قوتابخانە سەرەتاییەکان لە نەرویج کرانەوە، بەڵام ژمارەی قوتابییان لە هەر پۆلێکدا بۆ 15 قوتابی کەمکراوەتەوە.
 
ئەو قوتابیانەی تەمەنیان لەنیوان شەش بۆ 10 ساڵاندایە دەگەڕێنەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
 
چەندین رێکاری دیکەی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا وەکو خۆیان ماونەتەوە، ئێرنا سۆلبێرگ، سەرۆکوەزیرانی نەرویجیش دەڵێ "پێویستە کاربکەین لەپێناو کۆنترۆڵکردنی بەردەوامی کۆرۆنادا. ئەگەر هۆشیار نەبین، لەوانەیە دەرەنجامی جیددی بۆ کەسانی دیکە لێبکەوێتەوە و جارێکی دیکە رێوشوێنە تووندەکان بگرینەوەبەر".
 
ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە نەرویج تاوەکو ئیستا حەوت هەزار و 527 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 202 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و تەنیا 32 کەس چاکبوونەتەوە، حەوت هەزار و 293 کەسیش ڤایرۆسەکە بە چالاکی لە جەستەیاندا ماوەتەوە.
 

13:41

لە ئێران 96 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

ژمارەی گشتی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 91 هەزار و 472 کەس
ژمارەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران دووبارە بەرزبووەوە و لە یەکشەممەوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 96 کەسی دیکە لەو وڵاتە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا.
 
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، دوای 36 رۆژ ژمارەی تووشبوونی رۆژانەی خەڵک بە کۆرۆنا لەو وڵاتە بۆ خوار هەزار کەس دابەزیوە و لە یەکشەممەوە 991 کەیسی تووشبوون لە هەموو ئێران تۆمارکراوە.
 
بەو پێیە، ژمارەی گشتی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئێران گەیشتە 91 هەزار و 472 کەس کە بەپێی ئاماری فەرمی، پێنج هەزار و 506 کەس گیانیان لەدەستداوە و 70 هەزار و 993 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 

13:16

بەریتانیا: باری نائاسایی بۆ ماوەیەکی دیکە بەردەوامدەبێت

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: لەدوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ و باری نائاسایی، وڵات ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆیی. وێنە: AFP

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاسانکاریکردن بۆ قەدەخەی هاتووچۆ هێشتا زووە، بەڵام ئامادەکاری بۆ ئاسانکاریکردن دەکەن؛ وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش دەڵێ، لەدوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ و باری نائاسایی، بەریتانیا ناگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆیی و لە هەندێک لە رێکارەکانی خۆپارێزی بەردەوام دەبێت.

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کارکردنی حکومەتەکەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بە 'سەرکەوتن" ناوبرد و گوتیشی، پزیشک، پەرستار و کارمەندانی تەندروستیمان ئێمەیان لە پەتای کۆرۆنا پاراستووە.

دۆمەنیک راب، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ و لابردنی باری نائاسایی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا رایگەیاند، تاوەکو ماوەیەکی دیکەش قەدەخەی هاتووچۆ لە بەریتانیا بەردەوام دەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تائێستا لە بەریتانیا 152 هەزار و 840 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، کە نزیکەی 21 هەزار تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە.

11:47

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گەڕایەوە بۆسەر کارەکەی

بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. وێنە: AFP
 
پاش تووشبوونی بە کۆرۆنا و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە رێگەی ئۆتۆمبێلکی تایبەتەوە گەڕایەوە نووسینگەکەی لە داونینگ ستریت، لەدوای تووشبوونیشی بە ڤایرۆسەکە ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی کارکردنی دەبێت.
 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسان دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و رایگەیاندووە، ئێستا باری تەندروستیی زۆر باشە و پزیشکەکان رێگەیان داوە بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
 
بۆریس جۆنس، کۆتایی مانگی ئادار لە پەیامێکدا رایگەیاند، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام باری تەندروستیی باشە و لە ماڵەکەیدا خۆی کەرەنتین کردووە و کارەکانی بەڕێوەدەبات، بەڵام چەند رۆژێک دواتر نووسینگەکەی رایگەیاند، بەهۆی خراپتربوونی باری تەندروستی، گواستوویانەتەوە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی لەندەن و خرایە ژێر چاودێریی وردی پزیشکی.
 
هەفتەی رابردوو، میدیاکانی بەریتانیا بڵاویان کردەوە، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە 27ی نیسان دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
 

11:46

ئیتالیا رێکارەکانی خۆپاراستن لە کۆرۆنا کەمدەکاتەوە

لە مانگی داهاتووەوە رێگە بە چوونەدەرەوەی خەڵک دەدرێت. وێنە: AFP
 
لە دوای نزیکەی 7 هەفتە لە داخران و راگەیاندنی باری نائاسایی بەهۆی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئیتاڵیا رێکارەکانی باری نائاسایی کەمدەکاتەوە و رێگە بە چوونە دەرەوەی خەڵک دەدرێت.
 
جۆزیپی کۆنتی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە گوتارێکیدا رایگەیاند، لە مانگی داهاتووەوە دەستدەکەن بە کەمکردنەوەی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ و رێگەدان بە چوونە دەرەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان.
 
کۆنتی راشیگەیاند، لە 4ی ئایارەوە رێگە بە خەڵک دەدرێت سەردانی کەسوکاریان بکەن، بەڵام دەبێت دەمامک ببەستن و هاوکات ژمارەی سەردانیکەرانیش کەمبێت.
 
لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی ئیتاڵیا بۆ کەمکردنەوەی رێکارەکان، پارک و هەروەها چەند شوێنێکی دیکەی گشتی دەکرێنەوە، بەڵام قوتابخانەکان تاوەکو مانگی ئەیلول بە داخراوی دەمێننەوە. 
 
ئیتاڵیا بە ناوەندی بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەوروپا دادەندرێت. ئەم ڤایرۆسە زیانێکی گەورەی لەو وڵاتە داوە. یەکەمین حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا لە 31ی کانوونی دووەمی 2020 تۆمارکراوە، ئەمەش کاتێک بەرپرسانی ئیتاڵیا پشکنینیان بۆ دوو گەشتیاری چینی لە شاری رۆما کردووە و بۆیان دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەکەن
 
کەمکردنەوەی رێکارەکان بەرامبەر بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا، لە کاتێکدایە تائێستا لەم وڵاتە 197 هەزار و 675 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 26 هەزار و 644 کەس گیانیان لەدەستداوە و 64 هەزار و 928 کەسیش چاکبوونەتەوە. 
 

11:43

بەرپرسێکی تەندروستیی چین: سەرجەم تووشبووانی کۆرۆنا لە ووهان چاکبوونەتەوە

لە 84٪ی کۆی ئەوانەی لە چین بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە لە ووهان بوون. وێنە: AFP
 
شاری ووهانی چین کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیدا سەریهەڵدا و ئێستا جیهان گیرۆدەی دەستی ڤایرۆسەکەیە، بەڵام بەرپرسێکی تەندروستیی چین دەڵێ، هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەکانی شارەکەدا نەماون و دوای چارەسەرکردنیان گەڕێندراونەتەوە ماڵەکانیان.
 
می فێنگ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی تەندروستیی نیشتمانیی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند "دوایین هەواڵ تاوەکو 26ی نیسان ئەوەیە کە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ووهان سفرە، سوپاس بۆ هەوڵە هەرەوەزییەکانی ووهان و ستافی پزیشکیی وڵات".
 
بەشێک لە بەرپرسانی تەندروستیی جیهانی دەڵێن، یەکەمجار لە مانگی 12ی ساڵی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بازاڕێکی شاری ووهانەوە سەریهەڵداوە، کە ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن کەس تووشی بوون و زیاتر لە 200 هەزار کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
لە شاری ووهان 46 هەزار و 452 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، کە ئەو رێژەیەش لە 56٪ی کۆی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنان لە چین، سێ هەزار و 869 کەسیش کە بەهۆی ڤایرۆسەکە لە چین گیانیان لەدەستدا هەر لەو شارە بوون، کە دەکاتە لە 84٪ی کۆی ئەوانەی لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە.
 
لە شارەکەی چین هێشتا بەردەوام پشکنین بۆ خەڵک دەکرێت، ئەمەش سەرەڕای ئاساییکردنەوەی بەشێکی بەرچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی.
 

11:40

خەڵک لە ئەمریکا پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ نین و دەچنە کەنار دەریاکان

لە کالیفۆرنیا تائێستا هەزار و 727 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە. وێنە: AFP
 
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە ئەمریکا خەڵک پابەندی رێکارەکانی قەدەخەی هاتووچۆ نابن و روو لە کەنار دەریاکان دەکەن.
 
لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، رۆژانە بە هەزاران کەس روو لە کەنار دەریاکان دەکەن و بەیەکەوە لە قەراخ دەریا کۆدەبنەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە تائێستا قەدەخەی هاتووچۆ لەو ویلایەتە بەردەوامە.
 
چوونەدەرەوە و نزیکبوونەوەی خەڵک لە یەکدی مەترسیی بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکەی لە کالیفۆرنیا زیاتر کردووە، بەرپرسانی ویلایەتەکە داوا لە خەڵکەکەیان دەکەن پابەندی رێکارەکان بن و لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.
 
کالیفۆرنیا سێیەم گەورەترین ویلایەتە لە ئەمریکا، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 39 ملیۆن و 512 هەزار کەس دەبێت، تائێستا 43 هەزار و 558 کەس لەو ویلایەتە تووشی کۆرۆنا بوون و هەزار و 727 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

11:35

لە 24 کاژێری رابردوودا لە ئیسپانیا کەمترین کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە

لە 24 کاژێری رابردوودا 288 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیسپانیا گیانیان لەدەستداوە. وێنە: AFP
 
وەزیری تەندروستیی ئیسپانیا رایگەیاند، کەمترین ژمارەی مردن بە کۆرۆنا لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوو لە ئیسپانیا تۆمارکراوە، دەشڵێ "ژمارەی تووشبووانیش بە ڤایرۆسەکە رووی لە کەمبوونەوەیە".
 
بە گوتەی سەلڤادۆر ئێللا، وەزیری تەندروستیی ئیسپانیا، لە 24 کاژێری رابردوودا 288 کەس بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش کەمترین ژمارەی مردنە بەهۆی کۆرۆنا لە ماوەی پێنج هەفتەی رابردوودا لەو وڵاتە تۆمارکرابێت.
 
تائێستا لە ئیسپانیا 226 هەزار و 629 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 23 هەزار و 190 کەس گیانیان لەدەستداوە و 117 هەزار و 727 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 

11:19

تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا گەیشتنە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس

رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا لە یەک ملیۆن کەس نزیکدەبێتەوە
 
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە جیهاندا زیاتر لە سێ ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 882 هەزار کەس چاکبوونەتەوە و 207 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
تاوەکو دێت ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا هەڵدەکشێت و ئەمڕۆ دووشەممە 27-4-2020 ژمارەی تووشبووان گەیشتە ملیۆنێک و 444 کەس.

 

لە ئیسپانیا 226 هەزار و 629 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 117 هەزار و 727 کەسیان چاکبوونەتەوە و 23 هەزار و 190 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە. لە ئیتاڵیا نزیکەی 200 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، نزیکەی 65 هەزار کەسیان چاکبوونەتەوە و 26 هەزار و 644 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە فەرەنسا گەیشتووەتە زیاتر لە 162 هەزار کەس، نزیکەی 45 هەزار کەسیان چاکبوونەتەوە و 22 هەزار و 856 کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە.
 
هەرچەندە لە ئەڵمانیا ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا نزیکەی 158 هەزار کەسن، بەڵام وادیارە ئەو وڵاتە بەشێوەیەکی باش کۆنترۆڵی ڤایرۆسەکەی کردووە، چونکە تەنیا 37 هەزار و 294 کەس ڤایرۆسەکە لە جەستەیاندا چالاکە و نزیکەی شەش هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەراورد بە چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا ئامارێکی باشە.
 
لە بەریتانیا ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا نزیکە لە ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە ئەڵمانیا، بەڵام 20 هەزار و 732 تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، واتە گیانلەدەستدان لە بەریتانیا زیاتر لە سێ هێندەی ئەڵمانیایە.
 
ئامارەکانی تورکیاش هاوشێوەی ئەڵمانیا باش دەردەکەون، لەکاتێکدا زیاتر لە 110 هەزار کەس وەکو تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، بەڵام تەنیا دوو هەزار و 805 کەس گیانیان لەدەستداوە و 29 هەزار و 140 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 
لە رووسیا ژمارەی تووشبووان بە خێرایی لە هەڵکشاندان، تاوەکو ئیستا 87 هەزار و 147 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون، 794 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 346 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 
لە شاری ووهانی چین، بەرپرسانی تەندروستی دەڵێن سەرجەم تووشبووانی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو شارە بە سەرچاوەی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکە دادەنرێت.