رووداو - هەولێر
ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پێشوازی لە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە سووریا دەکات و دەڵێت "بۆ یەکپارچەیی خاکی سووریا هەنگاوێکی باش دەبێت".
رۆژی سێشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە چەند وەزیر و بەرپرسێکی وڵاتەکەی بە سەردانێک گەیشتە رووسیا و لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکانیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی هاوبەشدا پووتین و ئەردۆغان باسیان لە چەند تەوەرێک کرد، بەتایبەت پرسی سووریا.
لەبارەی ناوچەی ئارام، ڤیلادیمیر پووتین گوتی "ئێمە زۆر باش لە هەستیاریی تورکیا تێدەگەین. پێویستە ئاسایشی باشووری وڵاتەکەی بپارێزرێت کە ئەمە مافێکی رەوای خۆیەتی. دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لە سووریا بۆ پاراستنی یەکێتیی خاکی سووریا باش دەبێت".
رەجەب تەیب ئەردۆغان داوایەکی ئاراستەی واشنتن کرد و رایگەیاند "داوایان لێدەکەین چیی زووە ئەو بەڵێنانە جێبەجێبکەن کە پێیانداوین... داوادەکەین بەڵێنی ناوچەی ئارام جێبەجێبکرێت. ئێستا لە سنوورەکەوە ناوبەناو دەستدرێژی دەکرێتە سەر تورکیا. لە بەردەوامبوونی ئەمە بێگومان رێگەی تێناچێت دەستەوستان نابین".
لە سەردانەکەیدا ئەردۆغان چانسی بەشداریکردنی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی فڕین و بۆشایی ئاسماندا کرد، کە تێیدا چەند فڕۆکە و کۆپتەرێکی جۆراوجۆر نمایشکران.
لەکاتێکدا کە گواستنەوەی بەشی دووەمی سیستمی بەرگریی مووشەکی ئێس 400 بۆ تورکیا دەستیپێکردووە و یەکەم فڕۆکە رۆژی سێشهممه لە بنکەی سهربازیی مورتەد نیشتووەتەوە، پووتین پێشنیازێکی دیکەی خستووەتە بەردەم ئەردۆغان و پێیگوتووە؛ دەکرێ مۆسکۆ و ئەنقەرە کاری هاوبەش لەسەر سیخۆی جۆری Su57 و Su-35 ئەنجامبدەن.
هەر ئەمڕۆش وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، گواستنەوەی بەشی دووەمی سیستمی بەرگریی مووشەکی S-400 بۆ تورکیا دەستیپێکردووە و یەکەم فڕۆکە لە بنكهی سهربازیی مورتەد له ئهنقهره نیشتووەتەوە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا راشیگەیاندووە "گواستنەوەی بەشی دووەمی سیستمی بەرگریی مووشەکی ئێس 400 بۆ تورکیا دەستیپێکردووە و یەکەم فڕۆکە ئهمڕۆ سێشهممه لە بنکەی سهربازیی مورتەد نیشتووەتەوە. گواستنەوەی ئەو کەلوپەلانە نزیکەی یەک مانگ دەخایەنێت".
