چوار کۆچبەر لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەیەکی یۆنان خنکان
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، بەلەمێکی بچووکی کۆچبەران لە نزیک کەناراوەکانی دوورگەی لیسبۆس لە دەریای ئیجە وەرگەڕا، کە بەهۆیەوە چوار کۆچبەر خنکان.
رۆژی دووشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، پۆلیسی کەناراوەکانی یۆنان رایگەیاند، تیمەکانی فریاگوزاری 7 کەسیان لە بەلەمێکەوە رزگارکردووە، کە لە دەوروبەری لیسبۆس تووشی کێشە بوو، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە 24 پیاوی دیکەی سەرنشینی هەمان بەلەم لە کەنارەکانی دوورگەکە دۆزراونەتەوە و سەلامەتن.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، زۆربەی ئەو کەسانەی لەنێو بەلەمەکەدا بوون هاووڵاتیی سوودان بوون و هۆکاری سەرەکیی وەرگەڕانی بەلەمەکەش بەهۆی بای بەهێز و ناجێگیریی کەشوهەوا بووە.
دوورگەی لیسبۆس و دوورگەکانی دیکەی نزیکی وەکو خیۆس، کۆس، لیرۆس و سامۆس، بەهۆی نزیکییان لە کەناراوەکانی تورکیا، بوونەتە ئامانجی سەرەکیی ئەو کۆچبەرانەی کە هەوڵدەدەن لە رێگەیەکی مەترسیدارەوە خۆیان بگەیێننە سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا.
هەفتەی رابردوو، تەرمی دوو ژن لە کەناراوەکانی خیۆس دۆزرانەوە، ئەوەش دوای وەرگەڕانی بەلەمێک کە لانیکەم 29 کەسی هەڵگرتبوو. هاوکات لە 7ی ئۆکتۆبەر، تەرمی چوار کەسی دیکە لە کەناراوەکانی لیسبۆس دۆزرانەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 1,400 کەس لە کاتی هەوڵدانیان بۆ گەیشتن بە ئەورووپا لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون.