رووداو دیجیتاڵ
لە هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، لانیکەم 240 ئیسرائیلی و بیانیان بە بارمتە گرتن، لەماوەی ئاگربەستیشدا لە سێ رۆژدا 58 لەو بارمتانەیان لەبەرامبەر ئازادکردنی چەند زیندانییەکی فەلەستینی، ئازادکردن.
تائێستا چەکدارانی حەماس بە سێ قۆناخ بارمتەکانیان ئازادکردوون، جاری یەکەم 24 بارمتە کە 13ـیان ئیسرائیلی بوون و ئەوانی دیکە بیانی بوون، دووەمجار 17 بارمتەی دیکە، بەهەمان شێوە 13ـیان ئیسرائیلی بوون، دوایین گەڕی ئازادکردنی بارمتەکانیش شەوی رابردوو بوو کە 17 کەسی دیکەیان ئازادکردن، 13ـیان ئیسرائیلی بوون و ئەوانی دیکە بیانی بوون، یەکێک لە بارمتەکانیش خاوەن هەردوو رەگەزنامەی ئیسرائیل و رووسیا بوو.
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، "لەگەڵ هەموو بارمتەکان کۆبووینەتەوە و قسەمان کردووە، پرسیارمان لێکردوون و هەریەکێک لەوان لە جیهانێکدایە. هەندێک لە بارمتەکان شتەکانیان لەبیرە و هەندێکی دیکە یادگەیان لەدەستداوە. ئەوان باسی ئەو شتانەیان کردووە کە بینیویانە و فێریبوون، ئێمە ناتوانین لێرە باسیان بکەین."
لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و بەندکراوەکانیشەوە گوتی، "پرۆسەی ئاڵوگۆڕکردنەکە ئاڵۆزە. دەبێت ئارامگر بین. هەموو رۆژێک وەکو ئۆپەراسیۆنێک وایە. ئێمە بارەگایەکی هەواڵگریمان هەیە کە سوپای ئیسرائیل لەگەڵ دەزگای ئاسایشی گشتی و مۆساد بەڕێوەی دەبات، ئێمە 24 کاژێر لەکارکردنداین تەنیا بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی بارمتەکانمان لە قۆناخێکەوە دەچنە قۆناخی دواتر."
حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر، ئاگربەستێکی چوار رۆژەیان راگەیاند. کە شەوی یەکشەممە کۆمەڵەی سێیەمی بارمتە و بەندکراوەکان ئاڵوگۆڕکران.
رۆژی 24-11-2023، رێککەوتنی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر دەستیپێکرد و ئەمڕۆ (دووشەممە، 27-11-2023) دواڕۆژی ئەو ئاگربەستەیە.