بەرپرسێکی باڵای تورکیا رایگەیاندووە، چیدیکە رێگری لە کۆچبەران ناکەن بۆ گەیشتنیان بە خاکی ئەوروپا و پاسەوانان و بەرپرسانی ئامنیی سنوورەکان فەرمانیان پێ کراوە کە رێگری لە هاتووچۆی زەمینی و دەریایی ئاوارەکان نەکەن.
ئەو بەرپرسەی تورکیا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە میدیاکانی راگەیاندووە "راستەوخۆ بڕیارمان دا رێگریکردن لە ئاوارەکانی سووریا لە گەیشتنیان بە ئەوروپا لە رێگەی زەمینی و دەریاییەوە راگرین، پێشوازی لە هەموو ئاوارەکان و لەناویاندا ئاوارە سوورییەکان دەکەین بۆ گەیشتنیان بە خاکی یەکێتیی ئەوروپا".
ئێستا تورکیا نزیکەی سێ ملیۆن و 700 هەزار ئاوارەی سووریی لەخۆگرتووە و دەڵێ ناتوانێت ئاوارەی زیاتر لەخۆبگرێت، بەپێی رێککەوتنێکیش کە لە ساڵی 2016 ئەنجامدراوە، یەکێتیی ئەوروپا ملیاران دۆلار وەکو هاوکاریی مرۆیی دەدات بە ئەنقەرە بۆ دابینکردنی پێداویستیی ئاوارەکان.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2011 پەنابەرانی سووریا روویان لە تورکیا کرد، ئەمەش لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپێشاندانەکانی سووریا و دواتریش هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی لەو وڵاتە.
لە ساڵی 2011 تورکیا شەش کەمپی بە 15 ملیۆن دۆلار بۆ پەنابەران و کۆچبەرانی سووریا دروستکرد، هەر ئەوکاتیش بەرپرسانی حکومەتی سووریا رایانگەیاند، خەڵکی سووریا لە وڵاتەکەیاندا میوانن نەک پەنابەر.
ئەمەش لەکاتێکدایە، میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند، 33 سەربازی تورکیا لە ئیدلب کوژراون، بەڵام حکومەتی تورکیا تاوەکو ئێستا کوژرانی نۆ سەربازی پشتڕاستکردووەتەوە، بڕیارە ئەمڕۆ هەینی تورکیا وەڵامی هێرشەکەی سووریا بداتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کوژرانی سەربازانی تورکی لە ئیدلب پاڵپشتیی بۆ تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی ناتۆ دەربڕی و رایگەیاند "داوادەکەین دەستبەجێ رژێمی ئەسەد، رووسیا و هێزەکانی سەر بە ئێران کۆتایی بەم هێرشە قێزەونە بهێنن".
هاوکات ئەنتۆنیۆ گوتەرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "زۆر نیگەرانە" لەبارەی پەرەسەندنەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا و کوژرانی سەربازانی تورکی، هەروەها داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکات.
بەپێی ئاژانسی فهرمیی توركیا، لە ماوەی 17 رۆژی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای توركیا لە ئیدلب، ھەزار و 709 سەربازی سوپای سووریا كوژراون و 55 تانک، سێ هێلیکۆپتەر، 18 زرێپۆش و 29 تۆپھاوێژی سوپای سووریا تێكشكێنراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ