رووداو دیجیتاڵ
دۆخەکە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەواو لە کۆنترۆڵ دەرچووە؛ لەلایەک ئەمریکا و ئیسرائیل بە چڕی ئێران بۆردوومان دەکەن و سەرکردەکانی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج، لەلایەکی دیکەش ئێران بە مووشەک وەڵامی داوەتەوە و ئاگر لە دوبەی و بەحرەین کەوتووەتەوە.
چارەنووسی خامنەیی و پزیشکیان
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمار کراونەتە ئامانج.
• بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوە کرد کە "ئاماژە هەیە" خامنەیی گیانی لەدەستدابێت.
• هەروەها وێنە مانگی دەستکردەکان نیشانی دەدەن زیانێکی زۆر بە شوێنی نیشتەجێبوونی خامنەیی کەوتووە.
• عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، خامنەیی و پزیشکیان هەردووکیان "زیندوون".
• تەلەڤزیۆنی ئێران بەیانیی شەممە گوتی، خامنەیی گوتاری دەبێت، بەڵام دوای چەندین کاژێر هێشتا دەرنەکەوتووە.
داخستنی گەرووی هورمز
سوپای پاسداران لەرێگەی پەیوەندیی رادیۆییەوە هۆشداریداوە کە "هیچ کەشتییەک رێگەی پێ نادرێت لە گەرووی هورمز تێپەڕێت."
وەڵامی ئێران: 7 وڵاتی عەرەبی کرانە ئامانج
ئێران بەڵێنی داوە لە بنکەکانی ئەمریکا بدات لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
• ئیمارات: وێنەکان نیشانی دەدەن هۆتێلێکی گەورە لە دوورگەی دەستکردی "پالم جومێرا" لە دووبەی ئاگری تێبەربووە و 4 کەس بریندارن.
• بەحرێن: لە بارەگای هێزی دەریایی ئەمریکا درا.
• کوێت: مووشەک بەر خاکەکەی کەوتووە.
• سعودیە، عێراق، ئوردن و قەتەر: رایانگەیاندووە بەرپەرچی مووشەکەکانیان داوەتەوە.
دۆخی ئیسرائیل
ئیسرائیل باری نائاسایی راگەیاندووە و داوای لە هاووڵاتیانی کردووە لە پەناگەکان بمێننەوە. خزمەتگوزاریی فریاکەوتن دەڵێت چارەسەریان بۆ 89 بریندار کردووە.
راگرتنی گەشتەکان
ئاسمانی ناوچەکە بە تەواوی داخراوە؛ ئێران، ئیسرائیل، عێراق، ئیمارات، ئوردن و قەتەر ئاسمانی خۆیان داخستووە و گەشتەکان هەڵوەشاونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ