دۆناڵد ترەمپ: خامنەیی کوژرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رێبەر حوسێن
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی راگەیاند.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە، لە هەژماری خۆی لە ترووس سۆشیال کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانی راگەیاند.
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "خامنەیی، یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو، مرد. ئەمە تەنیا دادپەروەری نییە بۆ گەلی ئێران، بەڵکو بۆ هەموو ئەمریکییە مەزنەکان و خەڵکی زۆرێک لە وڵاتانی تری جیهانیشە، کە لەلایەن خامنەیی و تاقمە چەتە خوێنڕێژەکەیەوە کوژراون یان کەمئەندام کراون."
 
 دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، "ئەو نەیتوانی لە دەست هەواڵگری و سیستەمە زۆر پێشکەوتووەکانی شوێنپێهەڵگرتنی ئێمە رابکات، و لە رێگەی کارکردنی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ شتێک نەبوو کە ئەو، یان ئەو سەرکردانەی تری لەگەڵیدا کوژران، بتوانن ئەنجامی بدەن".
 
ئەمریکا و ئیسرائیل بەرەبەیانیی رۆژی شەممە هێرشیانکردە سەر ئێران، بەگوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان، ماڵی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکراوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ پەیامێکی بۆ گەل و سەربازانی ئێران نارد و گوتی، "ئەمە گەورەترین و تاکە هەلە بۆ گەلی ئێران تاوەکو وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. دەبیستین کە زۆرێک لە پاسداران، سوپا و هێزە ئەمنی و پۆلیسەکانی تریان، چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن و داوای پارێزبەندی لە ئێمە دەکەن. وەک شەوی رابردوو گوتم: 'ئێستا دەتوانن پارێزبەندییان هەبێت، بەڵام دواتر تەنیا مردنیان بۆ دەمێنێتەوە".
 
بەگوێرەی مانگی سووری ئێران، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، زیاتر لە 200 کەس کوژراون و زیاتر لە 700ـی دیکەش بریندار بوون. 
 
لە بەرامبەردا، ئێران کە بە مووشەک و درۆن هێرشی کردە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و وڵاتی ئیسرائیل، دەڵێت، زیاتر لە 200 سەربازی ئەمریکایان کوشتووە و بریندارکردوون، بەڵام فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئەمەی رەتکردەوە.
 
ترەمپ "هیوادەخوازێت" سوپای پاسداران و لایەنە ئەمنییەکانی وڵاتەکە بە "ئاشتییانە تێکەڵی هاووڵاتییانی ئێران ببن و وەک یەک یەکە کار بکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکە "بگەڕێننەوە بۆ ئەو مەزنەیەی کە شایستەیەتی".
 
 
ئەو یەکێک بووە لە رێبەرانی ناڕەزایەتییەکان دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتیی ئێران، لە سەردەمی پاشایەتیی ئێراندا لە 1963 تاوەکو 1977 چەندین جار دەستبەسەر کراوە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی شۆڕش.
 
خامنەیی دوای ئەوە چەندین پۆستی دیکەی باڵای هەبووە و دوایینجار لە ساڵی 1989ـوە جێگەی روحوڵڵا خومەینی گرتەوە و بووە رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
 
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ:
 
خامنەیی، یەکێک لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو، مرد. ئەمە تەنیا دادپەروەری نییە بۆ گەلی ئێران، بەڵکو بۆ هەموو ئەمریکییە مەزنەکان و خەڵکی زۆرێک لە وڵاتانی تری جیهانیشە، کە لەلایەن خامنەیی و تاقمە چەتە خوێنڕێژەکەیەوە کوژراون یان کەمئەندام کراون. ئەو نەیتوانی لە دەست هەواڵگری و سیستەمە زۆر پێشکەوتووەکانی شوێنپێهەڵگرتنی ئێمە رابکات، و لە رێگەی کارکردنی نزیک لەگەڵ ئیسرائیل، هیچ شتێک نەبوو کە ئەو، یان ئەو سەرکردانەی تری لەگەڵیدا کوژران، بتوانن ئەنجامی بدەن.
 
ئەمە گەورەترین و تاکە هەلە بۆ گەلی ئێران تاوەکو وڵاتەکەیان وەربگرنەوە. دەبیستین کە زۆرێک لە پاسداران، سوپا و هێزە ئەمنی و پۆلیسەکانی تریان، چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن و داوای پارێزبەندی (حەسانە) لە ئێمە دەکەن. وەک شەوی رابردوو گوتم: 'ئێستا دەتوانن پارێزبەندییان هەبێت، بەڵام دواتر تەنیا مردنیان بۆ دەمێنێتەوە!'
 
بەو هیوایەی، پاسداران و پۆلیس بە ئاشتییانە تێکەڵی نیشتمانپەروەرانی ئێران ببن و وەک یەک یەکە کار بکەن بۆ ئەوەی وڵاتەکە بگەڕێننەوە بۆ ئەو مەزنەیەی کە شایستەیەتی. پێویستە ئەو پرۆسەیە بەم زووانە دەست پێ بکات، چونکە نەک تەنیا خامنەیی مردووە، بەڵکو وڵاتەکەش تەنها لە یەک ڕۆژدا تا ڕادەیەکی زۆر وێران بووە و تەنانەت سڕاوەتەوە. بەڵام بۆردوومانە چڕ و وردەکان بەردەوام دەبن، بەبێ وەستان بە درێژایی هەفتەکە یان تا ئەو کاتەی پێویست بێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەمان کە بریتییە لە ئاشتی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە راستیشدا هەموو جیهان!
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە