28-04-2020
20:17
رووسیا قەدەخەی هاتووچۆی تاوەکو 11ی ئایار درێژکردەوە
تاوەکو ئێستا لە رووسیا زیاتر لە 93 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون. وێنە: AFP
سەرۆکی رووسیا قەدەخەی هاتووچۆی تاوەکو 11ی ئایار درێژکردەوە و فەرمانی بە حکومەتی وڵاتەکەی کرد کە رێوشوێنی نوێ بگرێتەبەر بۆئەوەی کاریگەرییە ئابوورییەکان لەسەر وڵاتەکە سووک ببن.
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە، پێمخۆشە ئەم ناڕەحەتییە ناچارییە زوو کۆتایی بێت. جەخت لەوە دەکەمەوە کە نابەرپرسانە و مەترسیدارە کە باوەڕ بەوە بکرێت هەڕەشەکە کەمبووەتەوە و ئێستا کاریگەریی لەسەرمان نابێت".
سەرۆکی رووسیا باسی لەوەش کردووە، هەوڵیان داوە گەشەکردنی پەتای کۆرۆنا بوەستێنن و دەڵێ "دۆخەکە زۆر قورسە، مەترسیی ڤایرۆسەکەش وەکو خۆی ماوەتەوە".
تاوەکو ئێستا لە رووسیا زیاتر لە 93 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش لانیکەم 867 کەس گیانیان لەدەستداوە.
16:01
ئوسترالیا لە یەکی ئایارەوە کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ دەهێنێت
ئوسترالیا لە یەکی ئایارەوە کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ دەهێنێت
رودۆلف ئانزشوبەر، وەزیری تەندروستیی ئوستراڵیا رۆژی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە یەکی ئایارەوە کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ دەهێنن و بازاڕەکان دەکەنەوە.
وەزیری تەندروستیی ئوسترالیا ئاماژەی بەوە کرد، لە هەنگاوی یەکەمدا بەشێک لە دووکان و شوێنەکان دەکرێنەوە و لە هەنگاوی دووەمیشدا لە 15ی ئایار چێشتخانە و شوێنەکانی دیکەش دەکرێنەوە و هەروەها هۆتێلەکانیش لە 29ی هەمان مانگدا دەکرێنەوە.
هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ لە ئوسترالیا لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە 15 هەزار و 274 کەس تووشی کۆرۆنابوون و 549 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
14:16
پاپا فرانسیس داوادەکات رێز لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگیرێت
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیاکان
پاپا فرانسیس داوا لە خەڵک دەکات رێز لە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بگرن و پابەندی رێنماییەکانی خۆپارێزیبن.
پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیاکان و رێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان رۆژی سێشەممە لە گوتارێکیدا داوا لە خەڵکی جیهان کرد پابەندی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنابن.
پاپا فرانسیس راشیگەیاند، ئێستا کە لە قۆناخی دەرچوونن داوا دەکات خەڵک پابەندی رێکارەکانبن تاوەکو رێگری لە دووبارە گەڕانەوەی ڤایرۆسەکە بکەن.
لەدوای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و راگەیاندنی باری نائاسایی لە ئیتاڵیا و هەروەها ڤاتیکان، پاپا فرانسیس سەرجەم چالاکی و گوتارەکانی لە رێگەی ئۆنلاینەوە پێشکەش دەکات.
13:12
لە قەتەر لە 24 کاژێری رابردوودا 957 کەس تووشی کۆرۆنا بوون
لە قەتەر لە 24 کاژێری رابردوودا 957 کەس تووشی کۆرۆنا بوون
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی قەتەر، لە 24 کاژێری رابردوودا 957 کەس تووش ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و بەوەیش کۆی گشتیی ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە گەیشتە 11 هەزار و 244 کەس.
تاوەکو ئێستا لە قەتەر هەزار و 66 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و 10 هەزار و 168 تووشبوویش لەژێر چاودێریی پزیشکیدان و 10 تووشبوویش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی قەتەر ئاماژەی بەوە کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەکەوە تاوەکو ئێستا 85 هەزار و 709 پشکنینیان بۆ خەڵکی کردووە.
13:02
ڤاكسینی كۆرۆنا كەی ئامادەدەبێت و دەست كێ دەكەوێت؟
حكومەتەكان و رێكخراوەكان لەنێوان زیاتر لە 100 هەوڵی دروستكردنی ڤاكسیندا
ژیانی ملیۆنان كەس و چارەنووسی ئابووری جیهان و لەوێشەوە بژێوی سەتان ملیۆن كەس بەستراوەتەوە بە دۆزینەوەی ڤاكسینی ڤایرۆسێك كە ئەوەندە بچووكە ملیۆنان گەردیلەی دەتوانن لە خانەیەكی لەشی مرۆڤدا خۆیان حەشار بدەن. ئەم ڤایرۆسە حكومەت و كۆمپانیاكانی دەرمانسازی ناچاركردووە چەندین ملیار دۆلار بخەنە گرەوی دروستكردنی ڤاكسینەوە، لەكاتێكدا مێژوو سەلماندوویەتی ئەمە گرەوێكە چانسی سەركەوتن تێیدا زۆر كەمە.
كۆمپانیاكانی دەرمانسازی پرۆسەی تاقیكردنەوەیان خێراتر كردووە، هەندێكیان لەئێستاوە داوای كڕیارەكانیشیان وەرگرتووە، هەرچەندە رەنگە ڤاكسینەكەیان هیچ كات نەگاتە بازاڕەكان. جیا لەمە دروستكردنی ڤاكسین بۆ پەتایەكی نوێ پێویستی بە رێكخستنەوەی تاقیگەكان و هێنانی ئامێری نوێی پشكنینە.
پۆڵ ستۆفڵز، بەرپرسی ئۆفیسی زانستی لە كۆمپانیای جۆنسن&جۆنسن J&J، بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی راگەیاندووە "قەیرانەكەی جیهان ئەوەندە گەورەیە كە هەموومانی ناچاركردووە ئەوپەڕی سەركێشی بكەین، بۆ ئەوەی بەلكو ئەو نەخۆشییە بوەستێنین، ئەگەر هەوڵەكەمان سەرنەگرێت، ئەوە زۆر خراپ دەبێت". كۆمپانیاكەی ستۆفڵ یەكێك لە هاوبەشەكانی حكومەتی ئەمریكایە بۆ دروستكردنی ڤاكسینی كۆڤیدـ 19.
مێژوو سەلماندوویەتی تەنیا 6٪ی ئەو كۆمپانیایانەی قۆڵ لە دروستكردنی ڤاكسین هەڵدەكەن، لە هەوڵەكانیاندا سەركەوتوو دەبن، ئەوەش دوای پرۆسەیەكی درێژ كە ساڵانێكی زۆر دەخایێنێت.
12 تاوەكو 18 مانگ
بەڵام كۆڤیدـ 19 و ئەو زیانەی لە ئابووریی جیهانی داوە، نۆرمەكانی دروستكردنی ڤاكسینی گۆڕیوە. ئێستا هەموو هەوڵەكان بۆ ئەوەن لە ماوەی 12 بۆ 18 مانگ ڤاكسینەكە بدۆزرێتەوە، تاقیبكرێتەوە و بە قەبارەی چەند سەت ملیۆنی بخرێتە بازاڕەكانەوە.
ئاژانسە بەریتانییەكە لەگەڵ زیاتر لە 30 سەرۆكی كۆمپانیای دەرمانسازی، بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتان و شارەزایانی بەرەنگاربوونەوەی پەتا جیهانییەكان قسەی كردووە، كە هەموویان جەخت لەوە دەكەنەوە ئەو سەركێشییەی ئێستا بۆ دروستكردنی ڤاكسینەكە نەك هەر بۆ ئەوەیە ڤاكسینەكە بەخێرایی دروستبكرێت، بەڵكو بۆ ئەوەشە بەزووترین كات و لەگەڵ پەسندكرانی دابەشبكرێت.
100 هەوڵی دروستكردن
حكومەتەكان و رێكخراوەكان لەنێوان زیاتر لە 100 هەوڵی دروستكردنی ڤاكسیندا، وەبەرهێنانی خۆیان تایبەت كردووە بەوانەی ئەگەری سەركەوتنیان زۆرە، بەڵام تەنیا چەند دانەیەكی كەمیان گەیشتوونەتە قۆناخی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكە لەسەر مرۆڤ، كە بە قۆناخی سەركەوتن یان شكستی ڤاكسینەكە دادەنرێت.
لە سەرەتاكانی سەرهەڵدانی پەتای كۆڤید-19ەوە یەكێك لە نیگەرانییەكان ئەوەبووە كە تەنانەت ئەگەر هەوڵی دروستكردنی ڤاكسینەكە سەركەوتووش بێت، ئەوە بەرهەمهێنانی بەكۆمەڵی ڤاكسینەكە و دابەشكردنی لەسەر ئاستی جیهان كاتێكی زۆری دەوێت.
ریچارد هەچێت، سەرۆكی هاوپەیمانێتی تازەگەری لە ئامادەیی بۆ پەتای جیهانی CEPI لە لێدوانێك بۆ ئاژانسە بەریتانییەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە "ئێمە دەمانەوێ لەبەرەی پێشەوەی وەبەرهێنان بین، بۆیە دەمانەوێ سەركێشی بكەین و پێش ئەوەی بزانین ڤاكسینەكە كاریگەری دەبێت، توانای بەرهەمەمهێنانی دەیان یان سەتان ملیۆن بەشە دەرمانمان هەبێت".
هاوپەیمانێتی CEPI بە هاوكاری كۆمەڵێك سپۆنسەر لە بەریتانیا، كەنەدا، بەلجیكا، نەرویج، سویسرا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا كار دەكات. ئەو گرووپە پێشبینیدەكات بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینەكە و بەرهەمهێنانی پێویستی بە 2 ملیار دۆلار بێت، لەو ژمارەیەش تەنیا 915 ملیۆنی كۆكردووەتەوە كە رادەستی سێ ناوەندی دۆزینەوەی ڤاكسینەكەی كردووە.
لە ئەمریكا، ئاژانسی دەسەڵاتی توێژینەوەی پێشكەوتووی بایۆمێدیكال و پەرەپێدان BARDA رایگەیاندووە ئامادەن یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە هەوڵی گرووپە پێشەنگەكانی دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆرۆنادا بكەن.
لەساڵی 2009 كاتێك ئەنفلوانزای H1N1 لە ئەمریكا و مەكسیكەوە بە وڵاتە جیاجیاكانی جیهادا بڵاوبووەوە، وڵاتە دوڵەمەندەكانی جیهان یەكەمجار دەستیان گەیشتە ڤاكسینەكە، لەبەرئەوەی گرێبەستی پێشوەختیان لەگەڵ كۆمپانیا ڤاكسینسازەكاندا هەبوو. ئەمریكا بە تەنیا 250 ملیۆن بەشە ڤاكسینی داواكردبوو، دواتریش ئوسترالیا، بەرازیل، فەرەنسا، ئیتاڵیا، نیوزیلەند، نەرویج، سویسرا و بەریتانیا ڤاكسینەكەیان بەدەستهێنا. ئەو وڵاتانە لەژێر گوشاری رێكخراوی تەندروستیی جیهاندا ١٠٪ی كۆگاكانی ڤاكسینی خۆیان بۆ وڵاتانی هەژار نارد.
هەرچەندە ئابووری جیهان لە 10 ساڵی رابردوودا ئەوەندە بە یەكەوە بەستراوەتەوە كە ئەگەر پەتاكە لەسەر ئاستێكی بەرفراوانی جیهان نەوەستێنرێت، ئەوە بەردەوام ئەگەری سەرهەڵدانەوەی شەپۆلی نوێ و پەرەسەندنی ڤایرۆسەكە و بەردەوامبوونی لێكەوتە ئابوورییەكانی هەیە، بەڵام شارەزایانی پەتا جیهانییەكان پێیانوایە بە ئەگەری زۆر سیناریۆكەی 2009 دووبارە دەبێتەوە.
یەكێك لە بژاردەكان ئەوەیە ڤاكسینەكە یەكەمجار بەسەر ئەو توێژانەی كۆمەڵگەكانی جیهاندا دابەشبكرێت كە زیاترین مەترسی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەكەیان لەسەرە، لە نێوانیشیاندا ستافی تەندروستی، بەساڵاچووان و ئەوانەی بەهۆی دۆخێكی تەندروستی پێشوەختەوە مەترسییان لەسەرە. كێشەكە ئەوەیە زۆر وڵات لە ئێستاوە پشتگیری داراییان پێشكەشی پڕۆژەكانی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی ڤاكسین كردووە، بەوهیوایەی ئەوان لەو وڵاتانە بن كە یەكەمجار ڤاكسینەكەیان بەدەستدەگات، لەوانەش چین، ئەمریكا و سینگاپوور و زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی.
رۆژی هەینی رابردوو، رێكخراوی تەندروستیی جیهانی پلانێكی هاوكاری و هاوئاهەنگییەكی لەسەر ئاستی هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی راگەیاند. ئامانجی پلانەكە كۆكردنەوەی 8 ملیار دۆلارە بۆ خێراتركردنی هەوڵەكانی دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆڤید-19. ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپی، ئەفریقی، ئاسیایی و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری دەربڕیوە، بەڵام چین و ئەمریكا كە دوو هێزی دەرمانسازی گەورەی جیهانن لەو هەوڵەدا بەشدار نابن.
وەك باوە ڤاكسین بە دروستكردنی ڤێرژنێكی لاوازكراوی ڤایرۆسەكە كاری خۆی دەكات، ڤایرۆسە لاوازكراوەكەش دەبێ بەشی ئەوەندە لە ڤایرۆسەكە خۆی بچێ كە بەرگری لەشی كەسەكە بەهێز بكات، بۆ ئەوەی ئەگەر لە داهاتوودا ڤایرۆسەكەش چووە گیانییەوە پێی نەخۆش نەكەوێت.
زۆربەی ئەو ڤاكسینە سەركەوتووانەی كە تائێستا دروستكراون هەر بەوشێوەیە لە لەشی مرۆڤدا كاریان كردووە. بەڵام دۆزینەوەی ڤاكسینێكی لەوجۆرە پێویستی بە پڕۆسەیەكی درێژی تاقیكردنەوەیە، كە دوایین قۆناخی تاقیكردنەوەیەتی لەسەر مرۆڤ، لەو قۆناخەشدا یەكەمجار تەندروستبوون و دواتر كاریگەربوونەكەی تاقیدەكرێتەوە.
ئەم شێوازە باوە بۆ دۆزینەوەی پەتایەكی جیهانی وەك كۆڤید ـ 19 دەستنادات، كە ئابووری جیهانی داتەپاندووە و هەڕەشە لە بژێوی سەدان ملیۆن كەس دەكات. تاوەكو كۆتایی رۆژی دووشەممە زیاتر لە سێ ملیۆن كەس لەسەر ئاستی جیهان وەك تووشبووی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركرابوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 209 هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.
لەوانەیە كۆتایی هاوین ئەنجام دەركەوێت
بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەی (گاردیەن)ی بەریتانی لەكۆی ئەو 76 هەوڵەی لەژێر چاودێری رێكخراوی تەندروستیی جیهانیدا بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینەكە دەدرێن، تەنیا دوو هەوڵیان پشت بە شێوازە باوەكەی دۆزینەوەی ڤاكسین دەبەستن و ئەوانیدیكە پەنایان بۆ شێوازی خێرا بردووە، كە تێیدا سیستەمی بەرگریی لەشی مرۆڤ پێویستی بەوە نییە هەموو ڤایرۆسەكە ببینێ بۆ ئەوەی كاردانەوەی هەبێت، بەڵكو تەنیا شوێنەواری ئاماژە سەرەكییەكانی بەسن بۆ ئەوەی بكەوێتە خۆی.
زۆر لەو تەكنەلۆژیا و رێبازانەی كە ئێستا بۆ دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆڤید ـ 19 بەكاردەهێنرێن تائێستا پشتڕاستنەكراونەتەوە، ئەوانەشی كە پشتڕاستكراونەتەوە تاوەكو دوای هاوینی ئەمساڵیش ئەنجامی كۆتایی بەدەستەوە نادەن. وەك ستۆفڵز لە J&J دەڵێت "لە كۆتایی ئەمساڵدا بۆمان دەردەكەوێت ڤاكسینەكەمان مرۆڤ دەپارێزێت یان نا"، لەكاتێكدا تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەیان لەسەر مرۆڤ لە هاوینی ئەمساڵەوە دەستپێدەكات.
12:57
بەرپرسێکی ئیسپانی لەکاتی خوێندنەوەی ناوی مردووانی کۆرۆنا گریا
تاوەکو ئێستا 23 هەزار کەس لە ئیسپانیا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە
بەرپرسێکی ئیسپانی لەکاتی خوێندنەوەی ناوی هەندێک پزیشک کە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە دەستی بە گریان کرد و نەیتوانی گوتەکەی تەواو بکات.
ڤێریۆنیکا کاسادۆ، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەرێمی کاستییا لیۆن لە ئیسپانیا قسەی بۆ پەرلەمانتاران دەکرد، دوای خوێندنەوەی ناوی چەند پزیشكێک کە لە بەرەکانی پێشەوەی دژ بە کۆرۆنا جەنگاون گیانیان لەدەستداوە، دەستی بە گریان کرد و فرمێسک لە چاوەکانی نەوەستا.
پەرلەمانتارەکان دەستیان بە چەپڵەلێدان وەکو رێزلێنانێک لەوانەی کە لەکاتی ئەرکدا بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 28ی نیسانی 2020، مردن بە کۆرۆنا لە ئیسپانیا 23 هەزاری تێپەڕاندووە و وڵاتەکە 229 هەزار و 422 تووشبووی کۆرۆنای هەیە.
12:51
ترەمپ: پشکنینەکان بۆ کۆرۆنا ئەوەندە باشن کە بتوانین ژیان ئاسایی بکەینەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەمریکا یەک ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، توانای پشکنینەکان بۆ کۆرۆنا ئەوەندە باشن کە بتوانین ژیان ئاسایی بکەنەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسی رۆژانەی کۆشکی سپی لەسەر ڤایرۆسەکە گوتی، بەردەوامن لە زیادکردنی ژمارەی پشکنینەکان و توانای پشکنینیان بەشی ئەوە دەکات کە کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ بێنن.
ترەمپ گوتی، پلانیان بۆ هەموو ویلایەتەکان هەیە کە چۆن کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ بێنن، ئەمە لەکاتێکدا چەند ویلایەتێک لە ئەمریکا رەتیدەکەنەوە کۆتایی بە قەدەخەی هاتووچۆ بێنن.
ئەم هەفتەیە سێ مانگ تێپەڕدەبێت بەسەر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەمریکا دوای ئەوەی لە سەرەتای شوبات کەسێک لە شاری ووهانی چین گەڕایەوە ویلایەتی واشنتن لە رۆژئاوای ئەمریکا.
ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکا زیاتر لە 328 ملیۆن کەسە، تائێستا پێنج ملیۆن و 696 هەزار و 928 کەس پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنایان بۆ کراوە. واتە لە هەر یەک ملیۆن کەسدا 17 هەزار و 211 کەس پشکنینیان بۆ کراوە.
یەکەمین تووشبوو لە ئەمریکا لە 15ی کانوونی دووەمی 2020 تۆمارکراوە، ئێستا لە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا، تووشبووی کۆرۆنا هەن و زۆرترین تووشبووش لە ویلایەتی نیویۆرکن.
سەرەتا کۆشکی سپی، ئەم ڤایرۆسەی بە جیدی وەرنەگرت، تەنانەت رێکارەکانیشی دژ بە ڤایرۆسەکە تووند نەبوون و ترەمپ ڤایرۆسەکەی بە "چینی" ناودەبرد، تەنانەت بڕوای تەواویشی زۆر بە بڵابوونەوەی ڤایرۆسەکە نەبوو.
دواتر کە بەرپرسانی کۆشکی زانیان هەڕەشەکانی کۆڤید-19 جیدین، کەوتنە خۆیان، سەرۆکی ئەمریکا تیمێکی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە دروستکرد و مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکای کرد بە سەرۆکی تیمەکە، بەڵام بەتەنیا بەوەش نەوەستا، بەڵکو دوای چەند هەفتەیەک خۆی بوو بە سەرۆکی فیعلی تیمەکە. ئێستا ترەمپ رۆژانە قسە لە بارەی ڤایرۆسەکە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات.
تاوەکو ئێستا لە ئەمریکا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون لەو ژمارەیە 56 هەزار و 803 کەس گیانیان لەدەستداوە و 139 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.
هەروەها لە هەموو جیهان تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ ملیۆن زیاتر لە 65 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 211 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و 922 هەزار کەسی دیکەش چاکبووەتەوە.
12:51
لە ئەوروپا قەدەخەی هاتووچۆ کۆتایی دێت و بازاڕەکان دەکرێنەوە
لە ئەمریکا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
رووداو - هەولێر
هەرچەندە ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا رۆژ بە رۆژ لە زیاندبووندایە و مەترسی ڤایرۆسەکەش کۆتایی نەهاتووە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 211 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە کرواتیا بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکرێنەوە و رێکارەکانی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم وڵاتە کەمدەکرێنەوە.
لەدوای راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ بۆ چەند هەفتەیەک لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کرواتیا، بەرپرسانی ئەم وڵاتە بڕیاریان دا بە کردنەوەی بازاڕەکان و کەمکردنەوەی رێکارەکانی دژ بە ڤایرۆسەکە.
لە رۆژی دووشەممەوە بازاڕەکان و شوێنە گشتییەکان لە کرواتیا کراونەتەوە، بەڵام هێشتا داوای جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە خەڵک دەکرێت و هەڕەشەکانی کۆرۆنا بۆ سەر ئەم وڵاتە کۆتاییان نەهاتووە.
بەپێی ئامارە فەرمیەکان دوو هەزار و 39 کەس لە کرواتیا تووشی کۆرۆنابوون، 59 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 166 کەسیش چاکبوونەتەوە.
بەدەر لە کرواتیا، هاوکات لە سویسڕاش بازاڕەکان کراونەتەوە و ئێستا رێگە بە چوونەدەرەوەی خەڵک لەم وڵاتە دەدرێت، بەڵام هێشتا کۆبوونەوەی خەڵک و چالاکییە هونەری و وەرزشییەکان لە سویسڕا قەدەخەن و رێگەپێنەدراون.
هەروەها فەرەنساش پلانی کردنەوەی بازاڕەکانی داناوە و بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە ئێدوارد فلیپ، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا لە گوتارێکیدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پلانەکە بخاتەڕوو.
پێشتر هەریەکە لە ئیسپانیا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپا بازاڕەکانیان کردووەتەوە و بڕیاریشە لە داهاتوو رێکارەکان بەرامبەر بەم ڤایرۆسە کەمتربکەنەوە.
ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە جیهان سێ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 211 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و 924 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.
ئەو وڵاتانەی زۆرترین تووشبووی کۆرۆنایان لێ تۆمارکراوە
ئەمریکا
تووشبوو 1,010,507
چاکبوونەوە 139,162
گیان لەدەستدان 56,803
ئیسپانیا
تووشبوو 229,422
چاکبوونەوە 120,832
گیان لەدەستدان 23,521
ئیتاڵیا
تووشبوو 199,414
چاکبوونەوە 66,624
گیان لەدەستدان 26,977
فەرەنسا
تووشبوو 165,842
چاکبوونەوە 45,513
گیان لەدەستدان 23,293
ئەڵمانیا
تووشبوو 158,758
چاکبوونەوە 114,500
گیان لەدەستدان 6,126
بەریتانیا
تووشبوو 157,149
گیان لەدەستدان 21,092
تورکیا
تووشبوو 112,261
چاکبوونەوە 33,791
گیان لەدەستدان 2,900
ئێران
تووشبوو 91,472
چاکبوونەوە 70,933
گیان لەدەستدان 5,806
رووسیا
تووشبوو 87,147
چاکبوونەوە 7,346
گیان لەدەستدان 794
چین
تووشبوو 82,836
چاکبوونەوە 77,555
گیان لەدەستدان 4,633