فیلمی پێشمەرگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان نمایشدەکرێت

رووداو- هەولێر

فیلمی پێشمەرگە لە دەرهێنانی بێرنارد هێنری لێڤی، بەرەبەیانی چوارشەممە لە نەتەوەیەکگرتووەکان نمایشدەکرێت و تۆڕی میدیایی رووداو رووماڵی دەکات.

فیلمی پێشمەرگە ، فیلمێکی دۆکیۆمێنتەرییە کە یەکێک لە بەنێوبانگترین دەرهێنەرانی فەرەنسا بەرهەمیهێناوە. بێرنارد هێنری لێڤی، دەرهێنەری فیلمەکەیە، ئەو دەرهێنەرە فەرەنسییە، تاوەکو ئێستا چەندین خەڵاتی جیهانی بردووەتەوە.

فیلمەكە 92 خولەکە ، لە باشووری کوردستان وێنەگیراوە و باس لە شەڕی داعش و پێشمەرگە دەکات. کاژێر 2:30 خولەکی بەرەبەیانی چوارشەممە 29-11-2017 لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بۆ نوێنەرانی زیاتر لە 190 وڵاتی جیهان نمایشدەکرێت.

تۆڕی میدیایی رووداو لە کاژێر 23:00 ئەمشەو سێشەممە 28-11-2017 رووماڵی نمایشکردنی فیلمەکە دەستپێدەکات. دەرهێنەری فیلمەکە بەشێوەی راستەوخۆ لە نیویۆرکەوە بۆ رووداو قسە دەکات، هەروەها هونەر سەلیم ، دەرهێنەری دیاری کورد باسی فیلمەکە بۆ رووداو دەکات و ئاڵا تەیب یەکێک لە وێنەگرانی فیلمەکەش ، باسی چۆنیەتی وێنەگرتنی فیلمەکە بۆ رووداو دەکات.

بێرنارد هێنری لێڤی، نووسەر و فەیلەسووفی فەرەنسی، لە توویتێکدا دەنووسێت:"جگە لە چیاکان کەس هاوڕێمان نییە. رۆژی 28ـی نۆڤەمبەر، لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە شاری نیویۆرک، دەسەلمێندرێت کە ئەم گوتە کوردییە کۆنە راست نییە! لە بەردەم 193 وڵاتدا، ئێمە بە هاوپەیمانانمان لە کوردستان نیشان دەدەین کە هاوڕێکانیان زۆرن." 

لێڤی دواتر لە توویتێکی دیکەدا نووسیویەتی: "28ـی نۆڤەمبەر، 6:30 پاشنیوەڕۆ، 193 وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە چاوی خۆیان دەبینن کە بوونە پێشمەرگە واتە چی، ئەوە کرۆکی ئازایەتی و بوێرییە. هەموو ئەو کورسییانەی کە بۆ گشتیی دانرابوون، بە داخەوە، فرۆشران. بەڵام ئێوە دەتوانن لێرە چاودێریی بابەتەکە بکەن".

فیلمی پێشمەرگە ، رۆژی 20-5-2016، لە نۆیەمین رۆژی چالاكییەكانی شەست و نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کان نمایشكرا. لەكاتی نمایشی فیلمەكەدا شاندێكی باشووری كوردستان بە جلوبەرگی كوردی ئامادەبوون. دیارترین ئەندامانی شاندەكە، فەرماندەكانی پێشمەرگە بوون.



فیلمەكە وێنەی راستەقینەی شەڕی دژی داعش، وەك شەهیدبوون، برینداربوون، بەدیلگرتن و سەركەوتنی پێشمەرگە پیشاندەدات، بەهۆی كاریگەرییەكەشی، نمایشكردنی لە فێستیڤاڵی کان رۆژێكی دیكە درێژكرایەوە. 

لەكاتی وێنەگرتنی فیلمەكەدا چەندین كەس برینداربوونە، بەتایبەت وێنەگرێكی كوردی فیلمەكە بەناوی ئاڵا تەیب، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێك بەسەختی برینداربووە.