رووداو - ئەفریقای باشوور
وەك چۆن وشەی “باشوور” لەنێوان باشووری كوردستان و ئەفریقای باشووردا هاوبەشە، ئاواش هەندێك خاڵی هاوبەش لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەن. لە زۆر شتیشدا هەردوو “باشوور” لێك جیاوازن. بۆنموونە سەرەڕای ئەوەی ئێمە خۆمان پێ زۆر لێبووردەیە، بەڵام ئەفریقاییەكان لە ئێمە لێبووردەترن. هەرچەندە وا هەستدەكەین ئەفریقایی خاوێن نین، بەڵام لە سەرتاسەری ئەفریقای باشووردا یەك بوتڵە ئاوی فڕێدراویش لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان نادۆزیتەوە. هەرچەندە وادەزانین پەروەردەی ئێمە جوانترە لە هی هەموو گەلان، بەڵام هێشتاش ناگەینە رەشپێستەكانی گوندەكەی ماندێللا. ئەوەی لێرە دەیخوێنیتەوە ئەو سەرنجانەن كە دوای سەردانی تیمی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئەفریقای باشوور گەڵاڵە بوون.
ماندێللا دوژمنەكانی دەشكاند بەڵام شكۆی نەدەشكاندن 
هاوینی تەڕ و زستانی وشك
كاتێك لە فڕۆكەخانەی شاری جۆهانسبێرگ-ی ئەفریقای باشوور دابەزین، خۆمان بۆ وڵاتێكی وێران ئامادە كردبوو كە ماندێللا لە بیرەوەرییەكانیدا باسیدەكات. وڵاتێك كە رەشەكان شۆڕشیان تێداكردووە و لەدەست سپییەكان رزگاریان بووە، بەڵام بەدەست گەندەڵی و نەزانی و ئایدز و دنیایەك دەردی دیكەوە دەناڵێنن. دوای ئەوەی سواری تەكسییەك بووین و بەرەو نێو شارەكە بەڕێكەوتین، لە رێگە بە چاوی ئەبڵەقەوە سەیری یەكدیمان دەكرد. ئەو ئەفریقای باشوورەی ئێمە خۆمان بۆ ئامادە كردبوو دەمێك بوو هەر لەنێو كتێبەكان و لە دیمەنی فیلمە دۆكیۆمێنتارییەكاندا بەجێماوە و ئەو وڵاتە بووەتە وڵاتێكی نوێ.
لە ئەفریقای باشوور بوتڵی فڕێدراو نادۆزیتەوە 
هەرسێ ئەندامەكەی تیمی رووداو پێشتر لە وڵاتی جیاوازی رۆژئاوایی ژیابوون. كاوە ئەمین لە سوێد و هەژار برینجی لە كەنەدا و منیش لە هۆڵەندا. ئەو دیمەنە سەرەتاییانەی لە ئەفریقای باشوور دەماندیت دروست ئەوە بوو كە لە وڵاتێكی رۆژئاوایی پێشكەوتوودا دەیانبینی. زۆرتریش هەستی ئەوەمان هەبوو كە لە بەریتانیاین، چونكە هەموو شتێك لەوێ بە ئینگلیزییە و ئۆتۆمبێلەكانیش سوكانەكانیان لای دەستی راستن. ئەمەش وایدەكرد لە لێخوڕینیشدا تەواو بەپێچەوانەی كوردستان و زۆر وڵاتی دیكەی دنیاوە لە دەستی چەپی جادەكان ئۆتۆمبێل لێبخوڕیت.
ئێمە هەرسێكمان سەرسام بووین بە جوانیی سروشتی ئەفریقای باشوور. درەختەكان سەوز سەوز بوون. لە قەراخی شەقامەكان هیچ قوڕ و پیسییەكمان نەدەبینی. جاددە گەورەكانی دەرەوەی شار و رێنماییەكانی هاتوچۆ و ئەو كۆمپانیایانەی لەسەر رێگە بوون، دروست ئەوانە بوون كە لە وڵاتانی ئەوروپاییدا هەن. بەڵام لەو نێوانەدا جارجارە هاووڵاتییەكی ئەفریقاییمان دەدیت كە بەپێ لە قەراخی جادە لە شارێكەوە بەرەو شارێكی دیكە دەڕۆیشت.
لە هوتێلێكی نزیك ئەو ماڵە دابەزین كە نێلسۆن ماندێللا، رێبەری كۆچكردووی ئەفریقای باشوور، دوایین ساڵەكانی تەمەنی تێدا بەسەربردبوو و گیانی سپاردبوو. بە رۆژ خۆرێكی زێڕین و ئاسمانێكی شین لەسەر ئەو وڵاتە دەدرەوشانەوە، بەڵام بەشەو دەبووە بارانێكی هێندە بەتین، وات هەستدەكرد سەیری فیلمێك دەكەی كە تێیدا بەئەنقەست بارانی زۆر دەبارێندرێت. هاوینی تەڕی جۆهانسبێرگ زۆرتر لەوە دەچێت كە مرۆڤەكان خۆیان پلانیان دانابێت وابێت. ئەوەی بە رۆژ تۆزی لێ نیشتبایە یان وشك بووبایە، بەشەو باران جوان جوان دەیشووشتەوە. بۆیەش جۆهانسبێرگ هەمیشە سەوز و پاك و جوانە.
كاتێك هەولێرمان بەجێهێشت، خەریك بوو لە زستان نزیك دەبووینەوە. هەولێر لە زستانیشدا هەر وشكە. لە هەولێر، كە قەول وایە ببێتە دوبەی، هێشتاش مرۆڤ جلەكانی بەقوڕ دەبن و پێڵاوەكان رۆژێكی تەواو بۆیاخەكەیان وەكو خۆی نامێنێتەوە. لە هەولێر رۆژێك خۆت نەشۆیت بۆنی جلەكانت ناخۆش دەبن. بەڵام لە جۆهانسبێرگ هەفتەیەك خۆت مەشۆ، بەبێ ئەوەی لە چڵكنبوون بترسیت.
گەندەڵەكانی وڵاتی ماندێللا ئیش بۆ خەڵكی خۆیان دەكەن 
لە ئێمەش لێبووردەتر هەن
خەڵكی ئەفریقای باشوور بۆ بەخۆداهەڵگوتن لێبووردە نین. ئەوان لە سەردەمی زوودا كەمینەیەكی سپی پێست حوكمی كردوون كە لەوبەری دەریاكانەوە هاتوون و وڵاتەكەیان داگیركردوون. ئەو سپییانە كردوویاننە كۆیلە و بەم و بەویان فرۆشتوون. هێندە بێبەزەیی بوون كە رێگەیان نەداون بخوێنن و هەمیشە لە شوێنە گشتییەكاندا سووكایەتییان پێكردوون. ژنێكی پیری هاوڕێی كۆنی ماندێللا بۆی باسكردین كە كاتێك رەشێك لەسەرشەقام تووشی سپییەك بووە، دەبووایە بۆی بەچۆكدا بێت و بە “خاوەنەكەم” بانگی بكات. كاتێك تووشی منداڵێكی سپیش بووە، دەبووایە پێی بڵێت “خاوەنە بچكۆلەكەم”. هیچ رەش پێستێك بۆی نەبووە كەسێكی سپی پێست بە ناوی بچووكی بانگ بكات و دەبووایە جگە لە پێشگری بەڕێز، تەنیا بە پاشناوەكەی بانگی بكات. لەبەرامبەریشدا سپییەكان كە بانگی رەشێكیان كردووە، گوتوویانە “هۆی، تۆ!”.
ماندێللا لە خێزانێكەوە هاتووە كە باوكی بەهۆی لاملیكردن لە داگیركەرە بەریتانییەكان لە گوندەكەی خۆی دەركراوە و كوێخایەتیی گوندەكەی خۆیان لێسەندووەتەوە. بۆخۆی 27 ساڵ لە زینداندا بووە و ئازار دراوە. ژنەكەی بە بەرچاوی دوو منداڵە بچكۆلەكەیەوە بۆ ساڵ و نیوێك بردراوەتە زیندان. هەر لە زینداندا بووە كە دایكە پیرەكەی گیانی سپاردووە. كاتێك چووە نێو زیندان قژێكی رەشی پڕی هەبوو، كاتێك هاتە دەرەوە، قژی سپی سپی ببوو. كەچی هەموو ئەو رابردووەی لەبیركرد و لە دوژمنەكانی دوێنێی بووری. یەكێك لە سپی پێستەكانی ئەفریقای باشوور پێیدەگوتین: “ئەگەر ئێستا توانیبام قسە لەگەڵ ماندێللا بكەم، تەنیا پێمدەگوت: خواكەی من، سوپاس.. هیچیدیكە نا!”.
خەڵكی ئەفریقای باشوور بە دڵ و گیان هزری لێبووردەییان قبوڵكردووە. راستە لەنێویاندا هەن كە هێشتاش دڵیان پێكەوە پاك نییە، بەڵام زۆرینەیان دڵخۆشن بەو لێبووردەییەی كە لە وڵاتەكەیاندا هەیە. كوڕی یەكێك لەو رەشپێستانەی سەركردەیەكی چالاكڤانانی دژی جیاوازیی رەگەزایەتی بووە و گیانی لەدەستداوە، دەیگوت: “كاتێك دەبینم سپی پێستێك لە گەڕەكەكەماندا پیاسە دەكات، دڵخۆش دەبم. چونكە دەزانم ئێمە بۆ ئەمە خەباتمان كرد”.
ئێمە لە باشووری كوردستان بە سەرزارەكی دەڵێین لێبووردەین. بەڵام تاوەكو ئێستا نەمانتوانیوە وەكو پێویست بەرامبەر كوردی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی كوردستان لێبووردە و خۆگونجێن بین. كە گەنجێكی رۆژئاوا كارێكی خراپ دەكات، هەموو خەڵكی رۆژئاوا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك و شارەكانی دیكە باجی ئەو هەڵەیە دەدەن. هێشتاش رۆژهەڵاتییەكان لەلامان “ئێرانی”ن. هێشتاش هەولێری و سلێمانی و دهۆكی لەنێوان یەكدیدا جیاوازی دادەنێن. لێبووردەییەكەی ئێمە زۆرتر لەنێو میدیاكان و لەسەرزاری سەركردەكانمان دەبیسترێ. بەڵام لێبووردەییەكەی ئەفریقای باشوور لە دەمی خەڵكەوە و لەسەرشەقام دەبیسترێ.
ئەوان سووكایەتی بە سەركردەكانی خۆیان ناكەن 
ئەوان قارەمان سووك ناكەن
ماندێللا لە ماڵێكدا دوایین ساڵەكانی تەمەنی بەڕێكرد و ژیا كە لە ماڵی زۆر لە بەرپرسانی كوردستان خۆشتر و گرانبەهاترە. ئەو گەڕەكەی ئەو و كاربەدەستانی دیكەی دەوڵەت تێیدا دەژیان و دەژین، لە سویسراش بەو شیكی و خۆشییە نادۆزرێتەوە. سەرەڕای ئەوەش كاتێك لەگەڵ هاووڵاتییەكی ئەفریقای باشوور قسە دەكەی، ئامادە نین بە خراپە باسی ماندێللا بكەن. لەگەڵ یەكێك لەوانە لەبەردەم ماڵەكەی ماندێللا راوەستابووین و قسەمان دەكرد. پێمانگوت: “سەیركە ماندێللا لە كوێدا ژیاوە و مردووە. چ پێویست دەكات وای بۆ بكەن؟ ئەو جیاوازیی چییە لەگەڵ بەرپرسە گەندەڵەكانی دیكەی ئەم وڵاتە؟” كەچی ئەو وەڵامیداینەوە: “ماندێللا شایستەی هەموو شتێكە، چونكە ئەو چاوی ئێمەی كردەوە. ئەو هەرچەند پارەی هەبووبێت ناكاتە ئەوەی رێبەرایەتیی ئێمەی كرد”.
دووردەستترین گوندی ئەفریقای باشوور كارەبای هەیە 
وامان هەستدەكرد تەنیا رەشەكان ئاوا شەیدای ماندێللان. كاتێك كەوتینە قسە لەگەڵ سپییەكان، ئەوانیش هەروا بوون. ئەوانیش رەخنەیان لە حكومەتەكەیان دەگرت و نیگەران بوون، بەڵام بە خراپە باسی ماندێللایان نەدەكرد. هەرچەندە ماندێللا رەخنەی زۆری لەسەربوو كە چاوی لە گەندەڵیی هاوڕێیانی پێشووی نووقاندووە و هەموو شتێكیان لێ قبووڵ دەكات، بەڵام خەڵكەكە بە چاوی پڕ لە فرمێسكەوە ناوی ماندێللایان دەهێنا.
لەبەردەم ماڵەكەیدا بە بەردی رەنگاوڕەنگ جوانترین وشەكانی سوپاسگوزاری و رێزگرتن لە سەركردەكەیان نووسیبوو. هەموو رەنگەكان پێكەوە بە دەوری ماڵەكەیدا دەهاتن و دەچوون، بۆئەوەی بیر لە كارەكانی و بیركردنەوەكانی بكەنەوە. ژنێكی جوولەكەی سپی پێست دوو منداڵە بچووكەكەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو دەیگوت: “دەمەوێ منداڵەكانم لەئێستاوە بزانن ماندێللا چی بووە و چەند گرنگ بووە”.
كاتێك ئەو دیمەنانەم دەبینی، بیرم لە خۆمان دەكردەوە كە چۆن سەركردە قارەمانە لەدەستچووەكانمان سووك دەكەین. ئەو سووككردنەش تەنیا خەڵك نایكەن، بەڵكو پێش هەموو كەس میراتگرانی ئەو سەركردانە دەیكەن. لە وڵاتی ئێمە حیزبەكان ناهێڵن سەركردەكان هی هەمووان بن، بەڵكو دەیانكەنە ئایكۆنی حیزبی و ماندووبوون و خەباتەكەی بەبا دەدەن.
هەموو گوندێك خزمەتگوزاریی هەیە
ماندێللا تەنیا پیاوی لێبووردەیی و كردەوەی عیساییانە نەبووە، بەڵكو كاتێك بووەتە سەرۆك كۆمار بنەمای ژێرخانێكی پتەوی بۆ وڵاتەكەی داناوە. لە جۆهانسبێرگەوە تاوەكو كونۆ، زێدی ماندێللا، بە ئۆتۆمبێل نزیكەی 11 كاژێر لە رێگە بووین. لە سەرتاسەری ئەو رێگەیەدا هیچ شوێنێكمان نەبینی كە جادەی نووژەن و كارەبای رێكوپێك و پرۆژەی ئاوی نەبێت. هەرچەندە زۆر باسی گەندەڵیی بەرپرسانی حكومەتی ئەفریقای باشوور دەكرێت، بەڵام لەوە تێگەیشتین كە ئەو بەرپرسانە چەندە گەندەڵن هێندەش ئیش بۆ وڵاتەكە دەكەن. لە جۆهانسبێرگ و شوێنەكانی دیكەی ئەفریقای باشوور حكومەت چەند ملیۆن خانوویەكی دروستكردووە و بە قەرز بە هاووڵاتییانیان دەفرۆشێتەوە.
ئەوەی بیەوێ كاربكات هەلی كاری بۆ دەستەبەر كردووە. تەنانەت لە گوندە زۆر دواكەوتووەكانیش خەڵك دوایین ژمارەی رۆژنامەكانی وڵاتیان بۆ دەڕوات و دەیخوێننەوە. هەرچەندە لە گوندی ماندێللا رۆژنامەكان كۆن بوون و هی دوو رۆژ پێشتر بوون. لەوەوە زانیم خەڵكی ناوچەكەی ئەو هێشتاش ئەهلی خوێندنەوە نین.
لەوێ بیرم لە باشووری كوردستان دەكردەوە. لەلای ئێمە چش لەوەی كە لێبووردەیی تەواوەتی نییە، ئاواش ژێرخانمان نییە. جا چ بگات بە ژێرخانێكی پتەو. لە هەولێرەوە تاوەكو دۆڵی خۆشناوەتی بڕۆ، جادە نییە بێ كێشە بێت و ئۆتۆمبێلەكەت ئازار نەدات. گوند نییە كێشەی كارەبای نەبێت. كاتێك باسی بەرپرسە گەندەڵەكانمان دەكەین، زۆربەیان ئیشێكی وایان تەنانەت بۆ ناوچەكەی خۆشیان نەكردووە كە شایانی باسكردن بێت. بۆیە ناكرێ ئێرە و ئەوێ بە یەكدی بەراورد بكەین.
فێرنەبوون بەڵام پەروەردەیان هەیە
ماندێللا لە بیرەوەرییەكانی خۆیدا (رێبڕینێكی درێژ بەرەو ئازادی) باسی بنەماڵەكەی خۆی دەكات و وا دەیانناسێنێت كە بایەخی زۆر بە پەروەردە دەدەن. كاتێك مرۆڤ ئەو دێڕانە دەخوێنێتەوە، یەكسەر بیری بۆ پەروەردەی خۆمان دەچێت كە بریتییە لە رێزگرتن لە گەورە و بچووكی لەنێو خێزاندا، پەیوەندیی باش لەگەڵ هاوسێیان و زۆر نەریتی جوانی دیكەی كوردی كە شایانی شانازی پێوەكردنن. بەڵام ئێمە بە چاوی خۆمان بینیمان كە پەروەردە شتێك واوەترە لەو شتانەش.
خەڵكی ئەفریقای باشوور تێیاندا هەیە كە نەخوێندەوارە، بەڵام كەم كەسیان هەیە بێ پەروەردە بێت. بۆنموونە لەو ماوەیەی لەوێ بووین تەنانەت بۆ جارێكیش نەمانبینی شۆفێرێك سەرپێچی لە رێنماییەكانی هاتوچۆ بكات. قەت كەسێكمان نەبینی نەك بوتڵە ئاو، بەڵكو سووتووی جگەرەش لەسەرشەقام فڕێبدات. لە وڵاتانی ئەوروپی كێشەیەكی گەورە كێشەی فڕێدانی بنێشت و جگەرە و دەستماڵ كاخەزییە لەسەر شەقام، بەڵام لە ئەفریقای باشوور ئەوەشمان نەبینی. لەوێ زۆر زۆر بە كەمی خەڵكمان بینی جگەرە بكێشن. بە كەمی دیتمان عاموودێك شكێندرابێت یان شوێنی وەستانی پاس ناشیرین كرابێت. قەت نەمانبینی جادەیەك تاسەی لەسەر دروستكرابێت. هەر نەمانبینی كەسێك لەسەرشەقام بە مۆڕەوە قسە لەگەڵ یەكدی بكات. دەستمان بۆ هەركەسێك هەڵدەهێنا و سڵاومان دەكرد، جا لە گوندەكان بێت یان لە شار، بە دڵگەرمییەوە وەڵامی سڵاوەكەی دەداینەوە. بەجۆرێك وات هەستدەكرد ئامۆزایەكی دەبینێت كە ساڵێكە یەكدییان نەدیتووە.
لێبووردەیی لە وڵاتی ماندێللا تەنیا لەسەر كاخەز نییە 
ئەو هەڵسوكەوتانە ناكرێ لەدوای ماندێللاوە هاتبنە ئەفریقای باشوورەوە، بەڵكو وەك بۆخۆیشی لە كتێبەكەیدا باسیكردووە، نیشانەی ئەوەیە كە ئەوانەی لەو وڵاتەدا ژیاون، هەمیشە رێزیان بۆ پەروەردەیەكی جوان داناوە و دەماودەم بۆ منداڵەكانیان گواستوویانەتەوە.
قسەیەكی جوانی ماندێللا ئەوەیە كە باسی سەردەمی منداڵیی خۆی دەكات و دەڵێت لە شەڕێكدا دۆڕاندوویەتی. دواتر هاوڕێكانی گاڵتەیان پێكردووە. ئەو دەڵێت: “لەو رۆژەوە فێربووم كە نابێ ئەوكاتەی دوژمنەكەت دەشكێنی، شكۆی بشكێنی”. ئەو هەر واشیكرد، بۆیە كەڕە لادێییەكی كوردی وەكو من، دوای سەردانەكەی، بەو سەرسامییەوە لاپەڕەی رۆژنامەیەك بە باسكردنی وڵاتەكەی ئەو پڕدەكاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ