رووداو- بی بی سی
هونەرمەندانی گۆرانیبێژ، بۆ کۆکردنەوەی داهاتی زیاتر و بازاڕپەیداکردن بۆ ئەلبوومی گۆرانییەکانی، ساڵانە گەشتی هونەری ئەنجامدەدەن و ژمارەیەک ئاهەنگ دەگێڕن.
جانێت جاکسن، خانمە گۆرانیبێژی ئەمریکی، بەمەبەستی بازاڕپەیداکردن بۆ ئەلبوومە نوێیەکەی، گەشتێکی هونەری دەستپێکرد، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکەوە گەشتەکەی دواخست.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە لە ماڵپەڕەکەیدا بڵاویکردووەتەوە، پزیشکی تایبەتی خۆی پێیڕاگەیاندووە، دەبێت بەزووترین کات نەشتەرگەری ئەنجام بدات.
جانێت داوای لە هۆگرانی كردووە نزا بۆ گرووپەکەی بکەن، بۆ ئەوەی لەو قۆناخە سەختەدا دەربازیان ببێت. نەشیویستووە جۆری نەشتەرگەرییەکەی ئاشکرا بکات.
جانێت جاکسن، لە مانگی ئابی ئەمساڵدا گەشتە هونەرییەکەی دەستپێکرد و بڕیاربوو تاوەكو مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو بەردەوام بێت.
بڕیاربوو ئاهەنگی داهاتووی ئەو گۆرانیبێژە لە 9 -12- 2015 لە شاری دینفەر لە ویلایەتی کۆلۆرادۆ بەڕێوەبچێت.
جاکسن روونیکردووەتەوە، ئاهەنگەکانی بۆ بەهاری 2016 دواخستوون، کە بڕیارە ژمارەیەک ئاهەنگ لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا پێشکەش بکات.
لە ساڵی 2008، جانێت جاکسن بەهۆی سەرئێشەوە، بەشێک لە ئاهەنگەکانی گەشتێکی هونەرەیی ئەنجامنەدا.
جانێت جاکسن، لە 16 ئایاری ساڵی 1966 لە ویلایەتی ئیندیانا لە ئەمریکا لەدایکبووە، بەیەکێک لە بەنێوبانگترین گۆرانیبێژانی پۆپ و ئار ئاند بی دەناسرێت و خوشکی مایکل جاکسن، گۆرانیبێژ و شای پۆپیی جیهانە.
ئەو خانمە گۆرانیبێژە لە ساڵی 1982دا یەکەم ئەلبوومی گۆرانی بڵاوکردەوە و رەخنەگری ئەو بوارە پێشوازیان لە بەرهەمەکەی کرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەردەوامبێت لە کارەکەی.
تێکڕای ئەلبوومەکانی ئەو گۆرانیبێژە زیاتر لە سەد ملیۆن کۆپییان لێفرۆشراوە، بەو هۆیەوە چەندین ناسناو و خەڵاتی بەدەستهێناون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ