ئیمانوێل گریگوار بووە سەرۆکی شارەوانیی پاریس؛ شوێنی ئان ئیدالگۆی گرتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئیمانوێل گریگوار، سیاسەتمەداری سۆسیالیست، وەک سەرۆکی شارەوانیی پاریس دەستبەکار بوو. گریگوار کە پێشتر جێگری ئان ئیداڵگۆ بوو، دوای ململانێیەکی تووند لەگەڵ راشیدا داتی، بەربژێری پارتی راستڕۆ، توانی کورسیی سەرۆکایەتیی پایتەختی فەرەنسا بەدەستبهێنێت.
ئیمانوێل گریگوار کە ئێستا تەمەنی 48 ساڵە، بەوە ناسراوە کە کەسێکی خۆڕاگر و پشوودرێژە. لە نیسانی 2020، کاتێک فەرەنسا بەهۆی پەتای کۆرۆناوە لە کەرەنتیندا بوو، گریگوار کە ئەو کات جێگری سەرۆکی شارەوانی بوو، ماوەی 42 کیلۆمەتر لەنێو هۆڵە گەورە و درێژەکانی باڵەخانەی شارەوانیی پاریسدا وەرزشی کرد و گوتی: "عاشقی بەردەوامیم،" ئەمەش ئەو خەسڵەتەیە کە دوای شەش ساڵ گەیاندییە لووتکەی دەسەڵات لە پاریس.
لە هەڵبژاردنەکانی 22ی ئاداردا، گریگوار توانی 50.52٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش بەرزترین رێژەی دەنگی چەپەکانە لە پاریس لە ساڵی 2001ەوە. بەمەش توانی پێش راشیدا داتی، بەربژێری راستڕۆکان و سۆفیا شیکیرۆ، بەربژێری چەپە تووندڕۆکان بکەوێ.
گریگوار لە ساڵانی سەرەتای دوو هەزارەکان تێکەڵی سیاسەت بوو و وەک "بەرهەمێکی رەسەنی پارتی سۆسیالیست" دەبینرێ. ئەو سیاسەتمەدارە پلەبەپلە لەنێو پارتەکەیدا سەرکەوت تاوەکو بووە سەرۆکی دیوانی بێرترا دیلانۆی، سەرۆکی پێشووتری شارەوانیی پاریس و دواتر لە حکومەتەکەی فرانسوا ئ
هۆلاندیشدا پۆستی وەرگرت.
کێشەکانی لەگەڵ ئان ئیدالگۆ
پەیوەندیی نێوان گریگوار و ئان ئیداڵگۆ، سەرۆکی پێشووی شارەوانی پاریس، لە ساڵی 2022 تێکچوو. هیداڵگۆ رەخنەی لە گریگواری گرت و بە "ناپاکی" تۆمەتباری کرد، چونکە پێی وابوو لە کاتی شکستی گەورەی هیداڵگۆ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لەو ساڵەدا (کە تەنیا 1.7٪ی دەنگەکانی هێنا)، گریگوار وەک پێویست بەرگری لێ نەکرد.
ئەم ململانێیە وایکرد گریگوار رێگەی خۆی جیابکاتەوە و وەک رکابەرێکی بەهێز بۆ جێگرتنەوەی هیدالگۆ دەربکەوێ.
بانگەشەیەکی پڕ لە ململانێ
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، گریگوار پەردەی لەسەر نهێنییەکی ژیانی لادا و بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لە رادیۆی (فرانس ئینتەر) رایگەیاند، لە منداڵیدا و لە کاتی چالاکییە وەرزشییەکانی قوتابخانەدا، رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بووەتەوە. ئەم دانپێدانانە کاریگەریی زۆری لەسەر شەقامی پاریسی دروست کرد.
هاوکات، راشیدا داتی، بەربژێرە رکابەرەکەی، گریگواری تۆمەتبارکرد بەوەی "کەسانێک دەنێرێ بۆ ئەوەی هێرشی بکەنە سەر" و سۆفیا شیکیرۆش رەخنەی تووندی لە کارەکانی گرت. بەڵام گریگوار بە توندی رووبەڕووی هەموو ئەو گوشارانە بووەوە.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و سەرکەوتنی بەسەر داتی و شیکیرۆدا، گریگوار بە بایسکیلی گشتی بەرەوە گۆڕەپانی ستالینگراد لە باکووری پاریس رۆیشت بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنگرانی ئاهەنگ بگێڕێت. لەوێ ئان هیداڵگۆ، کە دیار بوو کینەی مێژوویی وەلانابوو، بە شێوەیەکی سیمبوولی کلیلێکی دەرگای شارەوانییەکەی رادەست کرد.
ئاڵنگارییەکانی بەردەم سەرۆکشارەوانی نوێ
ئیمانوێل گریگوار ئێستا سەرۆکی شارەوانیی یەکێک لە گرنگترین پایتەختەکانی جیهانە، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
ئەو سیاسەتمەدارە دەبێت رووبەڕووی قەرزە زۆرەکانی شارەکە و کێشەکانی پەیوەست بە منداڵان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان ببێتەوە.
چاوەکان لەسەر ئەوەن کە ئایا گریگوار دەتوانێت ئەو "شێوازە جیاوازە" جێبەجێ بکات کە بەڵێنی دابوو بۆ ئاشتکردنەوەی پاریسییەکان لەگەڵ شارەوانییەکەیان.
ئان ئیدالگۆ کە لە 5/4/2014 وەک سەرۆکی شارەوانی پاریس دەستبەکاربوو، بە یەکيک لە دۆستە هەرە نزیکەکانی کورد دادەنرا و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو و لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەویشدا هەولێر و پاریس بوونە دەستەخوشکی یەکدی.
پاشان هەر لە سەردەمی سەرۆکایەتیی شارەوانی ئیداڵگۆدا رێوڕەسمی تایبەت بە ناونانی رێڕەوی پيشمەرگە لە یەکێک لە پارکەکانی پاریس لە رۆژی 5/9/2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی بەڕێوەچوو.
لەکاتی کردنەوەی رێڕۆی پيشمەرگەدا هیداڵگۆ گوتی، ئازایەتیی گەلی کورد هۆکارە بۆئەوەی لە دڵی فەرەنسییەکاندا خۆشەویست بن.