ئیلۆن مەسک: ئەرکەکەم لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ

ئیلۆن مەسک ماوەی کارکردنی وەک فەرمانبەرێکی تایبەتی حکومەتی ئەمریکا و بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، کە ئەرکی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی ئەمریکا بوو، کۆتایی هات. 
 
رۆژی چوارشەممە، ئیلۆن مەسک، ملیاردێری جیهان و گەورە راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، کۆتاییهێنانی ماوەی کارکردنی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا وەکو بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت لەدوای 130 رۆژ راگەیاند. 
 
مەسک وەکو بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت، هیچ مووچەکی نییە و وەکو کارمەندێکی تایبەتی حکومەت کار دەکات، ئەو پۆستەش وایکردووە، کە لە هەندێک رێکاری یاسایی و چاودێری ببەخشرێت.
 
لە دوای کۆتاییهێنانی ماوەکەی، مەسک لە پەیامێکدا لە ئێکس رایگەیاند "بە کۆتاییهاتنی ماوەی دیاریکراوی کارکردنم وەک فەرمانبەرێکی تایبەتی حکومەت، دەمەوێت سوپاسی سەرۆک ترەمپ بکەم لەسەر ئەو دەرفەتەی پێیدام، بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی حکومەت، ئەرکی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت بە تێپەڕبوونی کات بەهێزتر دەبێت، چونکە دەبێتە شێوازێکی نوێی ژیان لەسەرتاسەری حکومەتدا." 
 
لەماوەی کارکردنیدا، مەسک سەرکردایەتیی "بەڕێوەبەرایەتیی کارایی حکومەتی" کرد، کە دەستپێشخەرییەک بوو بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی و رۆتیناتەکانی حکومەت. 
 
هەرچەندە رۆڵی فەرمیی ئەو راوێژکاریی بوو، بەڵام ترەمپ بە ئاشکرا مەسکی وەکو بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت دەناساند و لەوماوەیەشدا، گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئەمریکا بینرا، لەوانەش؛ پێشنیازی مەسک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئاژانسەکانی وەک یوئێس ئەید (USAID) و لابردنی هەندێ لە بەرنامە هاوکاریی و مرۆییەکانی حکومەتی ئەمریکا. 
 
مەسکی گەورە بازرگان و ملیاردێری جیهان، کە لە ئەفریقای باشوور لەدایک بووە، لەماوەی کارکردنی بە دەیان هەزار کەسی لە کار دوورخستبووەوە، ئەمەش لەدوای دەست بەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ و پێشکێشکردنی دەستەوارەیەک بۆ سەرجەم فەرمانبەرە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، تێیدا داوایان لێدەکات "هەرکەسێک دەست لە کارەکەی بکێشێتەوە، 8 مووچە وەردەگرێت"، ئەمەش وەکو هەوڵێکی ئیدارەی ترەمپە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی فەرمانبەران و بارسووککردنی بودجە، کە ژمارەی فەرمانبەرانی فیدرالی ئەمریکا دوو ملیۆن و 300 هەزار کەس دەبێت. 
 
لەماوەی کارکردنی ئیلۆن مەسک وەکو بەرپرسی فەرمانگەی کارامەیی حکومەت؛ نزیکەی 260 هەزار فەرمانبەری فیدرالی وازیان لە ئەرکەکانیان هێنا و دەستەوارەکەی ئیدارەی ترەمپیان قبوڵ کرد.