ئاژانسی وزەی ئەتۆم کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لەسەر ئۆکرانیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) لە ڤیێنا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی سەر کەرتی ئەتۆمیی ئۆکرانیا؛ ئەوەش دوای ئەوەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر تۆڕی کارەبای ئەو وڵاتە مەترسیی لەسەر وێستگە ئەتۆمییەکان دروستکردووە.
رۆژی هەینی 30-01-2026، کۆبوونەوەکە لە بارەگای سەرەکیی ئاژانسەکە لە ڤیێنا بەڕێوەچوو، کە لەسەر داوای 13 وڵات بە سەرۆکایەتیی هۆڵەندا رێکخراوە. یوری ڤیترێنکۆ، باڵیۆزی ئۆکرانیا پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "کاتی ئەوە هاتووە ئاژانسەکە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم دۆخە بکات و پەیامێکی پاڵپشتیی بەهێز بنێرێت."
بەهۆی بۆردوومانە بەردەوامەکانی رووسیا بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، دابینکردنی کارەبا بۆ وێستگە ئەتۆمییەکان پەکیکەوتووە. بەگوێرەی زانیارییەکان، هەفتەی رابردوو وێستگەی چێرنۆبیڵ بۆ ماوەیەکی کاتی هەموو سەرچاوەکانی کارەبای دەرەکیی لەدەستداوە؛ هاوکات وێستگەی زاپۆریژیا کە گەورەترین وێستگەی ئەورووپایە، بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە چەندین جار رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە.
لەبارەی هەڵوێستی فەرمیی کیێڤ، دێنیس شمیهال، وەزیری وزەی ئۆکرانیا داوای لە ئاژانسەکە کرد کە "رووسیا بە تەواوی گۆشەگیر بکات و ئەندامێتییەکەی هەڵپەسێرێت"، چونکە بە گوتەی ئەو، کارەکانی مۆسکۆ هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی جیهان و "بە تیرۆری ناوەکی" هەژمار دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، تیمێکی شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ماوەی چەند هەفتەیەکە سەرقاڵی پشکنینی وێستگەکان و وێستگە لاوەکییەکانی کارەبان لە ئۆکرانیا و چاوەڕوان دەکرێت مانگی داهاتوو راپۆرتی کۆتایی خۆیان پێشکەش بکەن.
بەردەوامیی ئەو مەترسییانە لە کاتێکدایە، سەرەتای ئەم مانگە هەردوو وڵات لەسەر ئاگربەستێکی ناوخۆیی بۆ چاککردنەوەی هێڵێکی کارەبای یەدەگی وێستگەی زاپۆریژیا رێککەوتن، بەڵام هێشتا دۆخی سێکتەری ئەتۆمی بە ناسەقامگیری ماوەتەوە.