سیناتۆرێکی دیموکرات بۆ رووداو: دەمانەوێ هاوبەشەکانمان لە سووریا شەڕی یەکدی نەکەن


رووداو دیجیتاڵ

رۆژی هەینی 30-01-2026 ئێلیزا سلۆتکین، سیناتۆری دیموکراتی ویلایەتی مشیگن، لە لێدوانێکدا بۆ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن گوتی: "بەشێکی زۆری پیشەکەم لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەسەربردووە. دەمانەوێ سووریا سەرکەوتوو بێت."
 
سلۆتکین گوتی: "دەمانەوێ هەموو ئەو هاوبەشانەمان کە کاری رژدیان بۆ سەقامگیرکردنی سووریا کرد، دابنیشن و شەڕی یەکدی نەکەن و گفتوگۆیەکی راستەقینە بکەن."
 
 ئەمە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ هەینی هەسەدە و حکومەتی راگوزەری سووریا گەیشتنە رێککەوتنێکی نوێ.
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هێزە سەربازییەکان لە هێڵی بەرەنگاربوونەوەی نێوانیان دەکشێنەوە و هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ، هەروەها دەست دەکرێ بە تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ناوچەکە و فیرقەیەکی سەربازی پێکدەهێنرێ کە سێ لیوای لە هەسەدە دەبێت.
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، لیوایەکی دیکە بۆ هێزەکانی کۆبانێ پێکدەهێنرێ لە چوارچێوەی فیرقەی سوپا لە سنوورى پارێزگای حەلەب.
 
بەشێکی دیکەی رێککەوتنەکەی نێوان هەسەدە و دیمەشق تایبەتە بە یەکە کارگێڕییەکان، بەشێوەیەک کە دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکرێن و فەرمانبەرانی مەدەنی جێگیر دەکرێن.
 
   
دەقی گوتەکانی ئێلیزا سلۆتکین بۆ رووداو:
"ئاشکرایە، بەشێکی زۆری پیشەکەم لە پرسەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەسەربردووە. دەمانەوێ سووریا سەرکەوتوو بێت، بەڵام دەمانەوێ هەموو ئەو هاوبەشانەمان کە کاری رژدیان بۆ سەقامگیرکردنی سووریا کرد، دابنیشن و شەڕی یەکدی نەکەن و گفتوگۆیەکی راستەقینە بکەن."