رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی بیرۆکەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئاڵۆزە بۆ دەستبەسەرداگرتن و بردنەدەرەوەی نزیکەی 450 کیلۆگرام لە یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران؛ ئۆپەراسیۆنێک کە رەنگە پێویستی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بۆ چەندین رۆژ لەنێو خاکی ئێراندا هەبێت.
هێزی زەوینی بۆ نێو ئێران
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکا بۆ رۆژنامەکە، ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەداوە و رەچاوی مەترسییەکانی سەر گیانی سەربازانی وڵاتەکەی دەکات. بەڵام سەرۆکی ئەمریکا بە گشتی لایەنگری بیرۆکەکەیە، چونکە بە ئامانجێکی سەرەکیی خۆی دەبینێت بۆ رێگریکردن لە ئێران تاوەکو هیچ کات نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ شەوی یەکشەممە بە رۆژنامەڤانانی گوت، دەبێت ئێران داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات، ئەگەرنا "وڵاتێکیان بۆ نامێنێتەوە". سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی یۆرانیۆمی ئێرانیشەوە گوتی: "دەبێت تۆزی ئەتۆمییەکەمان رادەست بکەن."
گوشار لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، ترەمپ داوای لە راوێژکارەکانی کردووە گوشار بخەنە سەر ئێران تاوەکو وەک مەرجێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، رەزامەندی بدات لەسەر رادەستکردنی مادە ئەتۆمییەکەی. هەرچەندە وڵاتانی وەک تورکیا، پاکستان، سعودییە و میسر وەک نێوەندگیر کاردەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا واشنتن و تاران هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ ئەنجام نەداوە.
کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەرکی پێنتاگۆنە ئامادەکاری بکات تاوەکو زۆرترین بژاردە بخاتە بەردەم فەرماندەی گشتی [ترەمپ]، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە سەرۆک بڕیاری کۆتایی بدات."
ئامادەکاریی پێنتاگۆن و ناردنی هێزی زیاتر
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چەندین کەرەستەی سەربازیی پێویستی لە ناوچەکەدا کۆکردووەتەوە و تاوتوێی ناردنی 10 هەزار سەربازی دیکەی زەوینی دەکات. ئەم هێزە دەچێتە پاڵ یەکەکانی مارێنز و فیرقەی 82ی هێزە ئاسمانییەکان کە پێشتر رەوانەی ناوچەکە کراون. ئەوە لە کاتێكدایە پێش ئەم دۆخەی ئێستا نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بوون.
ئەم هێزە ئامادە دەکرێ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی خێرا، وەک دەستبەسەرداگرتنی دوورگەکانی کەناراوەکانی باشووری ئێران یان چوونە ناوەندە ئەتۆمییەکان.
پێشتر و لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە هیواخوازن تاران خۆی یۆرانیۆمەکە رادەست بکات، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە ئەگەر ئێران رەتیبکاتەوە، سوپای ئەمریکا بژاردەی دیکەی لەبەردەستە و گوتی: "سەرۆک چاوی لەسەر توانای ئەتۆمییە و بێگومان بژاردەمان هەیە."
یەدەگی یۆرانیۆمی ئێران
پێش ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ساڵی رابردوودا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بکەنە سەر ئێران، وابڕوادەکرا ئەو وڵاتە خاوەنی زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60٪ بێت، لەگەڵ نزیکەی 200 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 20٪؛ کە ئەم مادەیە بە ئاسانی دەتوانرێ بپیتێندرێن بۆ ئاستی 90٪ کە تایبەتە بە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ