Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

جیهان30-03-2026

ترەمپ: دەتوانین دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرین و دوورگەی خارک کۆنترۆڵ بکەین

0:00
0:00
قەبارەی دەق
عەلی زەڵمی

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

عەلی زەڵمی

رۆژی بڵاوکردنەوە

30-03-2026

بابەتی پەیوەندیدار

تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق و سووریا دەستنیشانکرا
جیهان31-05-2026

تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ عێراق و سووریا دەستنیشانکرا

ترەمپ: بە مەبەست هێرشمان نەکردە سەر سوپای ئێران بۆ ئەوەی ئەزموونی عێراق دووبارە نەبێتەوە
جیهان31-05-2026

ترەمپ: بە مەبەست هێرشمان نەکردە سەر سوپای ئێران بۆ ئەوەی ئەزموونی عێراق دووبارە نەبێتەوە

ترەمپ: گەرەنتیمان لە ئێران وەرگرتووە چەکی ئەتۆمی دروست نەکات
جیهان31-05-2026

ترەمپ: گەرەنتیمان لە ئێران وەرگرتووە چەکی ئەتۆمی دروست نەکات


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ، دەیەوێ "دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێ" و ئەگەری هەیە فەرمانی کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک بدات، ئەوەش لە کاتێکدایە کە واشنتن هەزاران سەربازی دیکە رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات.
 
کۆنترۆڵکردنی نەوت هاوشێوەی ڤەنزوێلا
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی (فاینانشناڵ تایمز) گوتی، بژاردەی گونجاو بەلایەوە بریتییە لەوەی دەست بەسەر نەوتی ئێراندا بگرێ و ئەم هەنگاوەی بە دۆخی ڤەنزوێلا چواند، کە تێیدا ئەمریکا دەیەوێ بۆ ماوەیەکی "نادیار" کۆنترۆڵی کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە بکات، ئەوەش دوای ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ لە سەرەتای ئەم ساڵدا. 
 
ترەمپ گوتی: "راستگۆ بم لەگەڵتان، شتە دڵخوازەکەی من ئەوەیە کە نەوتی ئێران ببەین، بەڵام هەندێ کەسی گەمژە لە ئەمریکا دەڵێن 'ئەو کارە بۆچی دەکەی؟' بەڵام ئەوانە کەسانی گەمژەن".  
 
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران نرخی نەوتی لە مانگێکدا 50٪ بەرزکردووەتەوە و بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت 116 دۆلاری تێپەڕاند.
 
ئامادەکاریی سەربازی و دوورگەی خارک
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی دوورگەی خارک کرد کە شاخوێنی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە و گوتی: "رەنگە خارک بگرین، رەنگە نەشیگرین. بژاردەی زۆرمان لەبەردەستە." 
 
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر فەرمان بدەن دوورگەکە بگرن، ئەوا "ئەوە واتای ئەوەیە دەبێ بۆ ماوەیەک لەوێ (لە خارگ) بمێنینەوە". کاتێک لەبارەی پرسی بەرگریی دوورگەی خارگ لە لایەن ئێرانەوە پرسیاری لێکرا، ترەمپ گوتی: "پێم وا نییە هیچ بەرگرییەکیان مابێت. دەتوانین زۆر بە ئاسانی بیگرین". 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، پێنتاگۆن فەرمانی جووڵەی بە 10 هەزار سەرباز داوە کە راهێنانیان پێکراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خاک، ئەگەر فەرمانیان پێبکرێ. نزیکەی 3,500 سەرباز کە 2,200ـیان مارێنزن، رۆژی هەینی گەیشتنە ناوچەکە و نزیکەی 2،200 سەربازی دیکەی فیرقەی 82ی هێزە ئاسمانییەکان لە رێگەدان. سەرەتای ئەم ساڵ و پێش گواستنەوەی ئەم هێزانەش، نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بوون. 
 
دانوستاندن و "دیارییەکەی" قالیباف
 
سەرەڕای هەڕەشەکان، ترەمپ جەختی کردەوە کە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لە رێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە بە باشی بەڕێوەدەچێت. ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئێران وەک "دیارییەک" بۆ کۆشکی سپی، رێگەی بە 20 تانکەری نەوتی داوە لە تەنگەی هورمز تێپەڕبن.
 
سەرۆکی ئەمریکا گوتی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەزامەندی لەسەر تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە داوە و گوتیشی: "دانوستاندنەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن و رەنگە رێککەوتن زۆر زوو بکرێ." 
 
ترەمپ گوتی، قالیباف "ئەو کەسەیە کە فەرمانی گواستنەوەی کەشتییەکانی بۆ من داوە. بیرت نەچێ، من گوتم ئەوان خەڵاتێکم پێدەدەن. هەموو کەس گوتی: "خەڵاتەکە چییە؟ کاتێک گوێیان لێبوو، ئیدی دەمیان داخست و دانوستاندنەکان زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن".
 
ترەمپ مۆڵەتی تاوەکو 6ی نیسانی بۆ تاران داناوە تاوەکو رێککەوتنەکە قبووڵ بکات، ئەگەرنا وێستگەکانی وزەی ئەو وڵاتە دەکرێنە ئامانج.
 
گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران 
 
دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە "گۆڕینی رژێم" پێشتر لە ئێران روویداوە، چونکە زۆربەی سەرکردە باڵاکان کوژراون و ئەوانەی ئێستا ماونەتەوە "کەسانێکی زۆر پیشەگەرن".
 
سەبارەت بە موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ترەمپ گومانی خستە سەر زیندوومانەوەی و گوتی: "کوڕەکە (موجتەبا) یان مردووە یان لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. ئێمە هیچ دەنگوباسێکمان لێی نییە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە تاران جەخت دەکاتەوە کە رێبەرەکەیان سەلامەتە.