رووداو دیجیتاڵ
ئیسپانیا و پۆرتوگال، دوای 23 کاژێر بێکارەبایی و وەستانی نزیکەی تەواوی سێکتەرەکانی ژیان، گەڕانەوە دۆخی ئاسایی خۆیان.
رۆژی 28ـی نیسان، لە ئیسپانیا و پۆرتوگال کارەبا بڕا. نەبوونی کارەبا نزیکەی تەواوی شوێنەکانی پەکخست، لەنێویاندا، قوتابخانە، فڕۆکەخانە، وێستگەی شەمەندەفەر، ترافیک لایت، ئامێرەکانی راکێشانی پارە و چەندین شوێنی دیکە.
لەو ماوەیەدا، بەکارهێنانی لایتی دەستی، نۆرە گرتن بۆ باوگاویکردنەوەی مۆبایل، دوو سەیرترین حاڵەت بوون، خەڵکی ئەو وڵاتە دووچاری بوونەوە.
گەشتیار و رێبوارەکان، چەندین کاژێر لە وێستگەی شەمەندەفەر و فڕۆکەخانەکان مانەوە، بەشێکیان لەنێو هۆڵی فڕۆکەخانەکان راکشان و لە چاوەڕوانی هاتنەوەی کارەبادا، رۆژیان کردەوە.
نەمانی کارەبا لەو چەند کاژێرەدا، زیانێکی زۆری بە ئابووری دوو وڵاتەکە گەیاند. بانکی وەبەرهێنانی جیهانی (World Global Banking) دەڵێت، زیانەکانی ئیسپانیا بە 2.25 بۆ 4.5 ملیار یۆرۆ دەخەمڵێندرێن.
کۆمپانیای ڤۆڵکسواگنی ئەڵمانیش کە لقێکی لە ئیسپانیایە دەڵێت، کاری رۆژێکی وەستاوە کە رۆژانە هەزار و ٢٠٠ ئۆتۆمبێل دروست دەکات.
نەمانی کارەبا، زۆر نامۆیە بە ئەورووپا و دانیشتووانەکەی، دوایین جار ساڵی 2003 حاڵەتێکی هاوشێوە لە ئیتاڵیا روویدا و 12 کاژێر بێکارەبا بوون.
تاوەکو ئێستا سەرچاوەی کێشەکە دیار نییە، پۆرتوگال هۆکارەکەی بۆ ئیسپانیا دەگەڕێنێتەوە و ئەویش دەڵێت، بەهۆی نەمانی پەیوەندیی بووە لەگەڵ فەرەنسا.