کۆمەڵێک کۆچبەری عێراق و سووریا لەسەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس گیریانخواردووە

30-05-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پاسەوانی سنووری پۆڵەندا رایگەیاند، ژمارەیەک کۆچبەری خەڵکی عێراق و سووریا کە ژن و منداڵیشیان لەنێودایە، لەسەر سنووری پۆڵەندا و بێلاڕووس گیریانخواردووە. پۆڵەندا رێگەیان پێ نادات داوای مافی پەنابەرێتی بکەن. 
 
ئەو کۆچبەرانە کە ژمارەیەک کەسی خەڵکی کۆنگۆشیان لەگەڵدایە، ماوەی چوار رۆژە ناچارکراون لە نێو دارستانێکی نزیک ناوچەی بیاڵیۆوێزا لە نزیک ئەو دیوارە بمێننەوە کە پۆڵەندا بۆ رێگریکردن لە کۆچبەرانی نایاسایی دروستیکردووە. 
 
پۆلیسی پۆڵەندا رایگەیاند، کۆچبەرەکان ژمارەیان 20 تا 30 کەسە و "لە دەرەوەی سنووری دەسەڵاتی پۆڵەندان،" بۆیە  ئەوان ناتوانن "هیچ کارێکی کارگێڕی"یان بۆ بکەن، لەوانەش "ئەگەر بیانەوێت مافی پاراستنی نێودەوڵەتی،" یاخود مافی پەنابەرێتی، لە پۆڵەندا بەدەستبێنن."
 
رووداو پەیوەندیی بە پاسەوانی سنووری پۆڵەنداوە کرد، بەڵام وەڵامی دەستبەجێی نەبوو. 
 
بە گوێرەی چالاکڤانان، کۆچبەرەکان یازدە منداڵیان لەگەڵدایە. 
 
ئۆلا شرزانۆڤسکا، چالاکڤانی یاسایی دەڵێت: "بێگومان ئەوان زۆر ماندوو و شەکەتن، لە دۆخێکی زۆر سەخت و دۆخێکی ناڕووندان." 
چالاکڤانەکان دەڵێن، هەوڵیانداوە ورەی کۆچبەران بەرزبکەنەوە و یارییان بەسەر منداڵەکاندا دابەشکردووە. 
 
شرزانۆڤسکا دەڵێت: "ئەوان دەتوانن ببینن و هەست بکەن بەوەی وەکو مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەوەی کە ئەوان بۆ کەسێک گرنگن، بەوەی کە هەموو کەسێک دژی چارەنووسی ئەوانی پشتگوێ نەخستووە."
 
گرووپی بواری مافەکانی مرۆڤ، "گروپا گرانیتسا" دەڵێت، وێڕای ئەوەی کۆچبەران لە دیوارەکە نەپەڕیونەتەوە، لە سنووری پۆڵەندادان. 
 
هەروەها هۆشدارییان دا لەوەی  کە رێگەیان پێ نەدراوە بگەڕێنەوە بێلاڕووس و پاسەوانی سنووری ئەو وڵاتە بە سەگ هەڕەشەیان لێ کردووە و لانیکەم دوو کۆچبەر لە لایەن سەربازانی بێلاڕووسییەوە لێیاندراوە و بریندارکراون. 
 
شرزانۆڤسکاباس لەوە دەکات، رۆژی دووشەممە، گرووپەکەیان داوایان لە دادگەی ئەوروپیی بۆ مافەکانی مرۆڤ کردووە، داوا لە پۆڵەندا بکات، مافی پەنابەرێتی بە کۆچبەران بدات.  
 
پاسەوانی سنووری پۆڵەندا، کە ئاو، خۆراک و دەرمانی بە کۆچبەران داوە، گوتی، داوایان لە لایەنی بێلاڕووسی کردووە، یارمەتیی کۆچبەران بدات، بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە. 
 
پاسەوانی سنووری پۆڵەندا دەشڵێت: "ئەوان تەنیا کەسێکیان نارد بۆ ئەوەی دۆخەکە هەمووی بەدۆکیومێنت بکات، کە گومانی تێدانییە بۆ پرۆپاگەندەی خۆیان بەکاریدێنن."
 
رۆژی شەممە، جێگری داواکاری گشتیی پۆڵەندا هاتووەتە سەر هێڵ و "داواکاریێکی بەپەلەی" دەرکردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی دۆخی کۆچبەران. 
 
لە پاییزی ساڵی 2021، هەزاران کۆچبەر لە هەرێمی کوردستان و عێراق، رۆژئاوای کوردستان و سووریا، ئەفغانستان و ئەفریقاوە بە مەبەستی گەیشتن بە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا، روویان لە بێلاڕووس، لیتوانیا، لاتڤیا و پۆڵەندا کرد. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە