رووداو - هەولێر
مەسعود بارزانی، سەرۆکی کورد و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە، بە چیرۆکێک دەستی بە هەڤپەیڤینەکە کرد لەگەڵمان: "کەسێک پێیگوتم کە یەکێک لە دەوڵەتمەدارانتان لە ئێوارەی دوای سەرکەوتنی فەرەنسا بە سەر ئەڵمانیادا لە ساڵی 1918دا گوتی: ئێستا ئاساییە بمرم. منیش ئەم بەیانییە ئەم هەستەم هەیە".
راوێژکارەکان کە سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە (26-9-2017) لە کۆشکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە سەلاحەدین کە دەکەوێتە باکووری هەولێر چواردەوری بارزانییان دابوو، زوو هەستیان بەوەکرد کە ئەنجامی گشتپرسییەکە سەرەتای شەڕەکەیە. ئەوان هەستیان بەوەش کرد کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تەمەنی 71 ساڵیشدا بۆ گەلەکەی هێندە گرنگە، کە نابێت ئەو بیرەی بە مێشکدا بێت، بەڵام بارزانی پەشیمان نەبووەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "نیو سەدەیە شەڕدەکەم. لەگەڵ گەلەکەم کوشتنی بەکۆمەڵ، راگوێزان و کیمیابارانکردنم بینیوە. چەندین کاتم لەبیرە کە پێمانوابوو تەواوبووین و بەرەو لەناوچوون دەچین. چەندین کاتم لەبیرە، وەک ساڵی 1991 و دوای جەنگی یەکەمی دژی سەددام، کە وڵاتە دیموکراسییەکان فریامان کەوتن، بەڵام دیکتاتۆرییان لە شوێنی خۆیان هێشتەوە و بەو جۆرەش ئێمەیان خستەوە بارودۆخێکی زەحمەت. لەماوەی ئەو دەیان ساڵەی خەباتکردن و لەنێوبردنی ئومێدەکان و نوێبوونەوەیاندا، هیچکات بە مێشکمدا نەهات لە ژیانمدا ئەو رۆژە دەبینم کە تێیدا، لە کۆتایی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی نموونەییەوە بەبێ ئەوەی رووداوێکی سەرەکی ئەوتۆ یان کێشەیەکی سیاسیی تێکیبدات، گەلەکەم بتوانن پێکەوەبن و ویستیان بۆ ئازادی و دیموکراسی بۆ جیهان دەربڕن. ئەو رۆژە هات و خۆشترین رۆژی ژیانیشم بوو. وەک ئەوە وایە تەواوی ئەو شتانەی ئەنجامم داون و خەونم پێوە بینیون، تەواوی خەبات و هەوڵەکانمان کە پێکەوە داومانن، لەو چرکەدا یەکیان گرتووەتەوە".
کاتێک گوێم لە بارزانی گرتبوو نەمدەتوانی بیر لەو کەسە بچووکانە نەکەمەوە، کە تاوەکو دوایین خولەک لە سەر مێزی باڵیۆزخانە و نووسینگە دەرەکییەکانەوە پێیانوابوو بارزانی رازی دەبێت گشتپرسییەکە دوابخات. بیر لە رێککەوتنەکە دەکەمەوە کە ریکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێنج رۆژ پێش ئەنجامدانی گشتپرسیەکە پێشکەشی بارزانی کردبوو. دەرفەتی ئەوەم هەبوو سەیری رەشنووسی ئەو رێککەوتنە بکەم. رێککەوتنەکە بە جۆرێک لە جۆرەکان باش بوو و لە بەرامبەر دواخستنی خەونەکەی بارزانیدا پیاهەڵدانێکی زۆر و بڕێکی زۆر یارمەتی دارایی و گەرەنتی ئەمریکیشی پێدەدا. بەڵام ئەو رێککەوتنە سەربەرزیی بەهێزی شێرە کۆنەکانی کوردستانی لەبەرچاونەگرتبوو. رێککەوتنەکە هیچ تێگەیشتنێکی ئەو ئایدیایەی تێدا نەبوو کە بەدرێژایی ژیان لەگەڵ بارزانیدا بووە، ئەو بیرۆکەیەی کە نەوەک تەنیا بۆ خۆی، بەڵکو بۆ چارەنووسی گەلەکەی واتای هەیە. بارزانی بەو جۆرە قسەی دەکرد وەک ئەوەی لەبیری مندایە و هەربۆیە بەردەوام بوو:
"دەبێت بزانن لە هەموو لایەکەوە گوشارم لەسەر دروستکرا بۆئەوەی لە گشتپرسییەکە پەشیمان ببمەوە. بۆ ماوەی چەندین هەفتە بیرم لای ئەوەبوو کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ سەیری ناوچاوی ئەو خەڵکە بکەم کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ منیان هەڵبژاردبوو. من تەنیا دەربارەی ژیان قسە ناکەم، بەڵکو دەربارەی ئەو کەسانەش قسە دەکەم کە ژیانیان کردە قوربانی پرسی کورد. لە دوایین کۆبوونەوەی جەماوەریمدا لە یاریگای فەرەنسۆ هەریری لە هەولێر تەنیا یەک شت بەلامەوە گرنگ بوو: شەرمەزار نەبم کاتێک لەبەردەمیاندا دەوەستم".
جارێکی دیکە چوومەوە ناو بیرەکانمەوە و بیرم لەوانە کردەوە کە گومانیان لەوە هەبوو بارزانی گشتپرسییەکە رێکدەخات بۆئەوەی کاتی خۆی لە پۆستەکەی درێژبکاتەوە. یەکێک لە دوایین کاتەکانی پێکەوەبوونمان بیری بارزانی هێنایەوە. ئەویش ئێوارەی ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش بوو لە شنگال و لە بەرەکانی جەنگ.
لەسەر ئەو بابەتە، ئەو پیاوە لیبراڵە پشتیوانە رۆژئاواییە، پشتیوانە ئەمریکییە، پشتیوانە ئیسرائیلییە پێیگوتم کە مۆدێلی ئەو مۆدێلی جەنراڵ گیاپی باکووری ڤێتنامە. من پرسیارم کرد و گوتم ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە کاتێك کە گیاپ خۆی بۆ هۆ شی مینە گۆڕی، ئەو دەمەی کە ستراتیجییەت وای دەخواست کە دەوڵەتێک دروستبکات هاوشێوەی ئەو دەوڵەتی کوردستان کە لە رۆژی سێشەممە بونیادەکەی دانرا؟
بارزانی گوتی: نەخێر و پێداگری کرد لەسەر ئەوە. بارزانی گوتی: "یەکەم شت کە من دوێنێ شەو ئەنجاممدا کاتێك کە دوایین بنکەی دەنگدان لە گوندێکی دوورەدەست لە چیاکانی ناوچەی بارزان داخرا، ئەوە بوو کە چوومە سەر گۆڕی مستەفا بارزانی، باوکی من و باوکی نەتەوەی کورد و بیروبۆچوونەکانم کۆکردەوە. لەبیرت نەچێت ئەوەی کە لە شنگال بەتۆم گوت، هەموو ژیانم وەک پێشمەرگەیەک بەسەربردووە هەر وەک باوکم بەسەری برد، هەمیشە بوون بە پێشمەرگەیەک بۆ من مەزنترە لەوەی کە سەرۆکێک بم. من ئەوبیروبۆچوونەم نەگۆڕاوە. بۆیە، شتێکی باشە کە کات تەرخان بکەیت و بۆ دراوسێکانت باسی گرنگی گشتپرسییەکە بکەیت. بەڵام راستگۆیانە پێتبڵێم، نەخێر، نامەوێت وەک هۆ شی مینە بم، گەلی کورد پێویستی بە نەوەیەکی نوێی سەرکردایەتی لاوە".
روانینی گرژبوو کاتێک ناوی ''دراوسێکان" ی برد ( تورکیا، ئێران و عێراق) کە هۆشدارییەکان و نمایشە سەربازییەکانیان زۆرتر و فراوانتر بوون لە چەند کاژێر دوای دەنگدانەکەوە: "ئێمە هیچ تاوانێکمان ئەنجام نەداوە. ئێمە نە یاسای عێراقی فیدراڵ و نە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانمان پێشێل نەکردووە. هەروەها من بەردەوام جەختم کردووەتەوە، تا رۆژی دەنگدانەکە، کە ئەمە راگەیاندنی بەپەلە یان تاکلایانانەی سەربەخۆیی نییە، بەڵکو سەبارەت بە دەستپێکردنی دانوستاندنی راشکاوانەیە لەگەڵ بەغداد، کە چەندە بخایەنێت ئەوەندە درێژ دەبێت. بۆیە ئەمە گران نییە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی، کاتێکە کە دراوسێکانمان وەڵامی لەوشێوەیە دەدەنەوە، کاتێک ئەوان کاردانەوەیان دەبێت لەبەرامبەر دەنگدانەکەی ئێمە بە هەڕەشە و ترساندن، ئێمە تەنیا دەتوانین بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئێمە راست بووین لەوەی وریا بووین و دوای چەندین سەدە لە خیانەت، بۆ هێنانی داهاتوومان بۆ ناو دەستەکانمان."
من بە ئاشکرا نیگەرانم سەبارەت بە جددییەتی ئەو هەڕەشانە، سەرنجی دەخاتە سەر ئەو جیوگرافیا تراژیدییە کە وڵاتەکەی ئەویان گەمارۆداوە، کە هەم پیرە و هەمیش گەنج. من ناوی بۆسنیام برد لە ژێر گەمارۆی سڕبیا. هێرشکردنە سەر ئیسرائیل دەستبەجێ دوای درووستبوونی. مەسعودێکی دیکە، سەرکردەی یاخیی ئەفغانستان، گەمارۆدراو لە پەنجەشیر.
"هەموو شتێک لە کاتی خۆیدا"
فەلاح مستەفا، وەزیری کاروباری دەرەوەی بارزانی، کە وەک وەرگێڕێکی راستەوخۆ کاردەکات و بەهرەیەکی هەیە، وەک زۆر لە سەرکردە کوردەکان، بە ئەمریکی و بە لەهجەی ئۆکسفۆرد قسە دەکات، شتەکەی بە لایەکی دیکەدا پاڵ پێوەنا: "نیگەرانی کێشەکە مەبە لە نیوەی رێدا."
لە میانەی ئەم گفتوگۆیانەوە، من هەست بە مکوڕیی بارزانی دەکەم بۆ رووبەڕووبوونەوە بە داوایەکی پتەوەوە، هەروەها هەست بە بەرزبوونەوەی پلەی تای بەغدا- ئەنقەرە - تاران دەکەم کە رێگەنادەن رۆژێک بەبێ ناوبردنی تۆڵەکردنەوەیەکی نوێ تێپەڕێت.
+++
هەر وەک گوتم هەموو شتێک لەکاتی دیاری کراوی خۆیدا. تازە هەڵکشانەکان دەستیان پێکردووە و لە قووڵایی دڵمەوە ئومێدوارم کە ئەوان ئەو کارە نەکەن، بەڵام ئەگەر هات و ئەنجامیاندا....
پێدەچێت بارزانی ئاگای لە هەموو وشەیەک بوو کە دەیگوت.
بارزانی گوتی: ئەگەر ئەوان ئەو کارە بکەن، ئەگەر ئەوان بەڕاستی بیانەوێت بمانخنکێنن، فڕۆکەخانەکانمان دابخەن و پەیوەندییە بازرگانییەکانمان بپچڕێنن، ئەوا من پێت دەڵێم: ئێـمە چەندین شتی دیکەمان لەو جۆرە بینیوە، ئێمە ئەشکەنجە دراین. کوژراین، ئاوارەکراین. چەند ساڵێک لەمەوبەر لە چیاکان و چەند هەفتەیەکیش لەمەوبەر لەسەر هەزاران کیلۆمەتر لەسەر بەرەیەکی شەڕدا دژ بە داعش، ئێمە باجێکی قورسمان دا، زۆر قورس، باجێکی قورس بۆ خۆشەویستیمان بۆ ئازادی. بۆیە باوەڕم پێبکە، هیچ رێوشێنێکی دوژمنکارانە، هیچ سزایەکی بەکۆمەڵی خراپتر و قورستر نابێت لەوەی کە پێشتر بەسەر ئێمەدا هاتووە. یەک شتی دیکەش....
چاوی لە هاوڕێکانی کرد وەک وابێت بیەوێت بیانکاتە شایدی قسەکەی: "ئەگەر تەماشای یادەوەری هەریەک لەئێمە بکەیت، ئەوا هەر یەکێکمان خراپترین شتی بینیوە کە کەسێک دژ بە کەسێكی دیکە ئەنجامی دەدات. ئێمە هەموومان ئەوە دەزانین. بەڵام ئەو کاتە کۆتایی هات. هەرگیز جارێكی دیکە رێگەنادەین بەوجۆرە رەفتارمان لەگەڵدا بکرێت. چیدیکە کەس ناتوانێت هێرش بکاتە سەر کەرامەتمان بەبێ ئەوەی سزابدرێت. هەروەها کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی...
ئەو کاتەی کە ئەو قسەیەی کرد چاوی پڕ لە تەحەدا بوو.
با وای دابنێین کە درواسێکانمان بەدواداچوون بۆ پلانە نامەعقولانەکەیان دەکەن. ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەستەوەستان دەوەستێت لەبەردەم خنکاندنی ئێمە ؟ ئایا ئەوان تەنیا وەک سەیرکەر دەبن وەک ئەوەی تەماشاچی بوون کاتێك کە ئێمە کیمیاباران کراین ؟
وەبیربهێنەرەوە رووداوەکانی فازلییە لە ساڵی رابردوو لە دەستپێکی شەڕی موسڵ، تۆ لەوێ بوویت ؟ وا نەبو ؟
بەڵێ، وایە، من لەوێ بووم لەگەڵ تیمە میدیاییەکەم. کەمینێک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دانرا بوو. دواتر چەند کاژێرێک شەڕی قورس روویدا، وێڕای داواکاری بەردەوامی فەرماندەی گشتی، هەروەها پێشێلکاری یاساکانی پێکدادانە سەربازییەکان کە هێزی هاوپەیمانان دایان نابوو، هیچ پشتگیرییەکی ئاسمانی پێشکەش نەکرا.
ئەو شەوە لە چیای زەرتک، سەرۆک بارزانی بە تووڕەییەوە ناوچەکەی جێهێشت.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەڵێنێکی دابوو بەڵام ئەو رۆژە بەڵێنەکەی نەبردەسەر. ئەو کاتە هێزەکانی پێشمەرگە لەسەر لێوی هەموو کەسێك بوون، قارەمانێتی پێشمەرگە. قوربانی پێشمەرگە. بەڵام کاتێك کە کاتی پشتگیریکردنی پێشمەرگە هات هیچ کەس لەوێ نەبوو پشتگیری پێشکەش بکات و تاوەکو ئێستاش هیچ روونکردنەوەیەکم لەسەر ئەوە رووداوە پێنەدراوە.
کاتێك کە بارزانی ئەو رووداوەی وەبیرخۆی هێنایەوە، تووڕەیی کاتی رووداوەکەی بۆ گەڕایەوە، بەڵام ئەو بەخێرایی خۆی کۆنترۆڵکردەوە.
بارزانی گوتی: زۆربەی کات بەپێی پێویست ناتوانم ئەوە بڵێم: ئێمە دانوستاندن و گفتوگۆمان دەوێت. ئێمە ئامادەین چەندینجار دووبارەی بکەینەوە کە ئەو سەربەخۆییەی ئێمە بەدوایەوەین تەنیا بۆ کوردی عێراقە، ئێمە هیچ خواستێکمان نییە خۆمان بە کاروباری وڵاتانی دراوسێوە تێبگلێنین. من جەختم لەو راستییە کردەوە بۆ سەرۆک ماکرۆن، ئەو کاتەی کە لەدوای گەڕانەوەی لە نیویۆرک پەیوەندی تەلەفۆنی پێوەکردم، ماکرۆن دۆستانە ئەو قسانەی وەرگرت و لەمن تێگەیشت.
من ئێستا دەزانم کە ئیمانوێل ماکرۆن دەستپێشخەری بە بارزانی داوە تاوەکو فەڕەنسا ببێتە نێوەندگیر. هەروەها دەشزانم، کە سەرۆکی فەرەنسا بە سەرۆک بارزانی گوتووە ئەو ئامادەیە بەبێ دواکەوتن بۆ پاریسی بانگهێشت بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ عەبادی. لەوکاتەی بارزانی باسی لەوە دەکرد رووخساری گەشبووەوە.
بارزانی گوتی: من متمانەم بە سەرۆک ماکرۆن و سەرکردایەتییەکەی ئەو هەیە. هەردوو وڵاتی ئێمە پەیوەندی تایبەتیان هەیە، تۆ دەزانی.
بە سەرۆکەکەت بڵێ کە هەموو کورد هەست بە خۆشەویستی بۆ ژنی مەزنی فەرەنسا دەکات، بە دانیال میتران. من بەشانازییەوە ئەو بانگهێشتکردنە پەسند دەکەم و دەتوانم هەر لە سبەینێوە لەوێ بم و هیواداریشم بۆ عەبادیش هەر بەو جۆرە بێت.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ