ئەمنستی لەسەر پەناخوازانی كورد رەخنە لە بولگاریا دەگرێ

31-01-2014
زنار ئالا
نیشانەکردن پەناخوازانی كورد بولگاریا
A+ A-
رووداو - بولگاریا

تەلەڤزیۆنی (Euronews)ی ئەوروپی لە ریپۆرتاژێكی 9 خولەكیدا لەبارەی كێشەی پەنابەرانی سووریا لە بولگاریا باسی چۆنیەتی كۆنترۆڵكردنی سنووری ئەو وڵاتە دەكات لەگەڵ توركیا. هەروەها ئاماژە بە هەلومەرجی نالەباری ژیانی ئەو پەنابەرانە دەكات لەو وڵاتەدا كە زۆربەیان كوردن.

ئیڤان ئیڤانۆڤ، بەرپرسی خاڵی سنووریی 19 لەگەڵ توركیا دەڵێت ئەوان چەندین خێزانی پەنابەریان دەستگیركردووە كە هەوڵیان داوە بە قاچاخ بچنە نێو خاكی بولگاریا.

 ئیڤانۆڤ لەنێو دارستانێكی سەر سنوور باسی ئەو خێزانانەی كرد كە منداڵێكی بچووك لە باوەش دەگرن و هەوڵی بەزاندنی سنوور دەدەن. بە سەرسوڕمانیشەوە دەڵێ "بینینی ئەم خێزانانە لەگەڵ منداڵەكانیان تووشی شۆكی كردین. ئەمە كارێكی نابەرپرسیارانەیە. بیر لەوەبكەنەوە ئەمانە چۆن دەتوانن لەگەڵ منداڵی بچووك ئەم سنوورانە ببەزێنن."

سنوورەكانی تەلبەند دەكات

بەپێی راپۆرتەكەی(Euronews) ، بولگاریا هاوشێوەی یۆنان پلانی هەیە كە سنوورەكانی خۆی تەلبەند بكات لەگەڵ توركیا بۆ ئەوەی رێگە لە كۆچی نایاسایی پەنابەران بگرێت.

ئیڤانۆڤ ئاشكرای كرد "ساڵی رابردوو 10 هەزار پەنابەر سنووری بولگاریایان بەزاندووە كە ژمارەیەكی زۆریان كورد بوون، 1648 پەنابەر لە كەمپی هارمانلی دەمێننەوە تاوەكو پەنجەمۆریان وەربگرن. چەند رۆژێك لەمەوبەر ئەو چادرانەی كە پەنابەران تێیدا دەژیان و هیچ ئامرازێكی گەرمكردنەوەیان تێدا نەبوو، لەلایەن سوپاوە لادران. لە جیاتی ئەوان كابینەی تازەیان دانان كە پێداویستی ژیانی تێدایە."

خەنسا عەبدولڕەحمان لە كەمپی هارمانلی كە منداڵێكی لەباوەش گرتووە و چوار منداڵی دیكەش لەبەردەمیدا راوەستاون، دەڵێ "دەمەوێ بچمە ئەڵمانیا بۆ لای هەردوو براكانم و لەگەڵ ئەو شەش منداڵەم دارستانی سنوورمان بەزاند". گوتیشی "رەوشمان زۆر خراپ بوو، زۆر ماندووبووین تاوەكو گەیشتینە ئێرە". حەسەن حەسۆش كە لەنێو كەمپەكەدا دەژیت، بەمشێوەیە باسی هێرشی توندڕەوە ئیسلامییەكان و شەڕی سەرێكانی دەكات "ئێمە كوردی ئێزدین، گروپێكی تیرۆرستی ئیسلامی هەڕەشەی كوشتنیان لێدەكردین و خانووی ئێمەیان تێكدا. هەروەها زۆر گوندی ئێزدینشینیان كاول كرد، منداڵەكانم تەنانەت شوێنی خەوتنیشیان نەبوو، بۆیە رامانكرد."

فاتیمە رۆستەم و یوسف موسا لەگەڵ منداڵەكانیان لە شاری دیمەشق دەژیان. كاتێك دەبینن ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و پیاوی چەكداری دەمامكدار لەنێو گەڕەكەكەیاندا هاتوچۆ دەكەن، لەوە ترسان كە شەڕێكی كیمیاوی رووبدات. بۆیە روویانكردە وڵاتی بولگاریا. فاتیمە دەڵێت "گوتمان ئەگەر بمرین چی بەسەر منداڵەكانماندا دێت. بۆیە بڕیارماندا شاری دیمەشق جێبهێڵین".

محەممەد حوسێن كە لە شاری حومسی سووریا ئەندازیاریی پەترۆكیمیاوی خوێندووە، لەنێو كەمپی هارمانلیدا خواردن بەسەر پەنابەراندا دابەش دەكات. ئەو باسی رووداوی رفاندنی خۆی و 16 خوێندكاری كورد دەكات لەلایەن گرووپێكی توندڕەو و دەڵێ "توندڕەوەكان كە شمشێریان بەدەستەوە بوو، یەكێكیان گوتی ئێستا 17 خوێندكاری كوردمان لەبەردەستە، من سەری دووانیان دەپەڕێنم. كەسێكی دیكەش گوتی منیش ملی یەكێكیان."
دژایەتی دەكرێن

لە زۆر وڵاتی یەكێتی ئەوروپا دەنگی پارتی نەژادپەرست لە دژی داڵدەدانی پەنابەران بەرزدەبێتەوە، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی پەنابەرانە. لە بولگاریا پارتی ئاتاكای راستڕەو كە لەگەڵ سۆسیالیستەكاندا حكومەتی ئەو وڵاتە بەڕێوەدەبەن، بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ پەنابەری بیانی پێشان دەدات.

ماگدالێنا تاشێڤا، پەرلەمانتاری ئەو پارتە دەڵێت "ئێمە مەجبوور نین شوێن و خواردن بدەینە جیهادی، توندڕەو و ئیسلامییەكان، ئەمانە تیرۆرستن".
رێكخراوی خاچی سووری بولگاریا رایگەیاند دژایەتیكردنی بیانیان روو لە زیادبوونە. ئۆلیا ئەلئەحمەد كارمەندی خاچی سوور لەبەردەم ئەو قوتابخانە كۆنەی شاری سۆفیا كە ئێستا بووەتە كەمپی پەنابەران، دەڵێ "بولگارییەكان لە هاتنی بیانیان دەترسن، بۆیە دژایەتییان دەكەن، كاتێك پەنابەرێك لە كەمپەكە دێتە دەرێ بۆ كڕینی خواردن یان بۆ هەر كارێكی دیكە، لێیدەدەن."

هەر لەبارەی رەوشی خراپیان لەو شوێنە، نەغەم درێعی باسی هەلومەرجی نالەباری خۆیان دەكات و دەڵێ "یەك ئاودەست بۆ سەد كەسە و ئاویشی تێدا نییە".

نەغەم هەروەها دەڵێ هاوسەرەكەی دووجار لەلایەن چەكدارانی جەبهەتولنوسرەوە رفێنراوە، لەوە دەترسا شتێك بەسەر كچەكانیشی بێت "كچیان دەڕفاند، منیش دایكم مەسیحییە و نەماندەتوانی لەنێو ئیسلامییە توندڕەوەكاندا بژین."

ئەمنستی رەخنە لە بولگاریا دەگرێت

رێكخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) دوو هەفتە لەمەوبەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند كە رەفتاری دەسەڵاتدارانی بولگاریا لەگەڵ پەناخوازان "جێگەی شەرمەزارییە". باربارا كێرنووساكۆڤا، توێژەر لە ئەمنستی پێیوایە كە رەوشی پەناخوازان لەو وڵاتە زۆر خراپە "پێویستیان بە خواردن، شوێنی حەوانەوە و خزمەتی تەندروستی هەیە. هەروەها پەنابەران ترسی ئەوەشیان لەسەرە كە بەبێ هۆكار دەستبەسەربكرێن. تۆماركردنی ناوەكانیان زۆر دوادەكەوێت. هەروەها بێبەش دەكرێن لە مافی پەنابەری".

سەرباری ئەو رەوشە زەحمەت و نالەبارە لە بولگاریا، بەڵام هاتنی پەنابەران هەر بەردەوامە بۆ ئەو وڵاتە. ئەوانەی لە توركیا دەربازی بولگاریا دەبن، ئەگەر لەلایەن پۆلیسی سنوورەوە نەبینرێن و دەستبەسەر نەكرێن، ئومێدێكیان بۆ دەمێنێتەوە كە ئەویش ئەوەیە بتوانن بەزووترین كات لەو وڵاتە ئەوروپییە دەربچن و گەشتەكەیان بەردەوام بكەن بۆ گەیشتن بەو ئەوروپایەی خەونی پێوە دەبینن.

گۆرانییەك لە غەریبی دا

عەممار ئۆمەر، كە پەنابەرێكی كوردە، خەون بەوەوە دەبینێت بگاتە ئەڵمانیا. بەڵام پۆلیسی بولگاریا ئەو خەونەی لەباربرد. عەممار لەگەڵ قاچاخچییەكان رێككەوتبوو كە لە توركیاوە بیگەیەننە ئەڵمانیا و لە بەرامبەریشدا 8 هەزار یورۆیان بداتێ. بەڵام لە بولگاریا دەستبەسەركرا و ناچاریش بوو 4 هەزار یورۆ بداتە قاچاخچییەكان. عەممار لە رۆژئاوا بژێوی ژیانی بەهۆی گۆرانیگوتن لە شاییەكاندا پەیدا دەكرد. بەڵام هەموو شتێكی فرۆشت و لە كۆتاییشدا لە شوێنێكی زۆر خراپ گیرسایەوە. عەممار لە كۆتایی ئەو ریپۆرتاژەدا بە گۆرانییەك هەستی خۆی دەربڕی و گوتی "هەی لاوكۆ، ل غەریبیێ بیریا تە دكم حەیرانۆ، كەنگی تو بێ ژ غەریبیێ وەر پێشیێ قوربانۆ".





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە