ئاوارەکانی ئیدلب ناتوانن رووبەڕووی کۆرۆنا ببنەوە

31-03-2020
A+ A-
 
 
ئاوارەکان لە باکووری پارێزگای ئیدلیب لە سووریا کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆنە، دەڵێن ناتوانن رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە، چونکە پاککەرەوە و کەرەستە و تیمی تەندروستییان نییە.
 
حوسێن محەممەد، ئاوارەیە و دەڵێت، "پاککەرەوەمان نییە، کلۆرمان نییە، ئەوەی هەمانە سابوونە و لەوە زیاترمان نییە. وڵاتانی زلهێز هەن بەرامبەر ئەم نەخۆشییە شکستیان هێنا، ئاخۆ ئێمە چیمان پێدەکرێ؟"
 
رێکخراوی جیهانیی منداڵپارێزان دەڵێت، ئەو ناوچانەی ئیدلب کە دوا ناوچەن لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریا و زۆر چڕن لە رووی دانیشتووانەوە، تەنیا 148 قەرەوێڵەی چاودێریی چڕیان هەیە، ئەوەش ئاوارەکانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.
 
فاتیمە، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت، "لەم کەمپەدا دانیشتووین، کەمپی زۆر هەن و تێکەڵبوونی زۆر هەیە. گوێمان لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، زۆر لە منداڵەکانم دەترسم، زۆر لە تێکەڵبوونیش دەترسم و پاککەرەوەمان نییە".
 
بەهۆی شەڕی 10 ساڵەی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنەوە، ژێرخانی تەندروستیی سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن داڕماوە، بۆیە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور پێشبینی دەکات ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سووریا زۆر خێرا بڵاوببێتەوە.
 
ئەبو عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کەمپە و دەڵێت، "لەم کەمپەدا هاوشێوەی کەمپەکانی دیکە ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکردووە، دەرمان و پاککەرەوەمان نییە، تەنانەت تیمی تەندروستیشمان بۆ قەڵاچۆکردنی ئەم ڤایرۆسە نییە. نەخوازەڵڵا ئەم ڤایرۆسە بگاتە کەمپەکان، کارەسات روودەدات".
 
لە 21ی مانگی ئاداردا تووشبوونی کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سووریا تۆمارکرا و لەو کاتەوە حکومەتی ئەو وڵاتە پرۆسەی خوێندن و دەوامی فەرمانگەکانی راگرت و هاتووچۆشی قەدەخەکرد، تاوەکو ئێستا تووشبوونی 10 کەس بە کۆرۆنا لە سووریا راگەیێندراوە کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە