گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گەیشتە نزیکەی 41 هەزار و 500 کەس

بەپێی دوایین ئامارەکان تاوەکو ئێستا 800 هەزار کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە زیاتر لە 38 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و 170 هەزار کەسیش چاکبوونەتەوە.

31-03-2020

01:42

ترەمپ هۆشداری دەداتە ئەمریکییەکان: دوو هەفتەی سەختمان لەپێشە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەداتە ئەمریکییەکان و رایدەگەیێنێت، دوو هەفتەی زۆر سەختیان لەپێشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و داوا لە خەڵک دەکات کە پابەندی رێنماییەکان بن تاوەکو کۆتایی مانگی نیسان.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاندووە "دۆخەکە لە 30 رۆژی داهاتوودا بەتەواوی هەستیارە بۆ گەلی ئەمریکا، داوادەکەم شوێن رێنماییەکان بکەون، بابەتەکە پەیوەندی بە ژیان و مەرگەوە هەیە".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، رێوشوێنەکانی گەشتکردن لەگەڵ چین و ئەوروپا وەکو خۆیان دەمێننەوە و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کرد هاوکاربن لە شەڕی دژی کۆرۆنا بە گرتنەبەری "رێوشوێنی تووند لە مانگی نیساندا".
 
دۆناڵد ترەمپ بە رۆژنامەڤانانیشی راگەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتیی ئەمریکی پشکنینیان بۆ کراوە، داواش دەکات کە خەڵکی بە گرووپی زیاتر لە 10 کەسی کۆنەبنەوە و لە رێستۆرانت و یانە شەوانەکاندا خۆیان لە خواردنەوەی کهولی بەدووربگرن.
 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە لەوانەیە رێوشوێنەکان تووندتریش بکەن ئەگەر پێویست بکات و دەشڵێ "هەریەکێک لە ئێمە بۆ بردنەوە لەم جەنگەدا رۆڵێکمان هەیە، هەموو هاووڵاتی، خانەوادە و بازرگانییەک دەکرێت گۆڕانێک دروستبکات بۆ راگرتنی ڤایرۆسەکە. ئەم ئەرکە ئەرکێکی نیشتمانییە، ئاڵنگاریکردن لەگەڵ کات لەپێشمانە لە ماوەی 30 رۆژی داهاتوودا و ئەم 30 رۆژە زۆر گرنگە".
 
ئەم گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا لەکاتێکدان کە لەو وڵاتە بە شێوەیەکی زۆر خێرا تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەڵکشاندایە، بەشێوەیەک کە ئەمریکا پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی زۆری ژمارەی تووشبووان بەو ڤایرۆسە گرتووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 200 هەزار کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون.
 
هاوکات ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا لە هەڵکشاندایە و تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 780 کەس گیانی لەدەستداوە و تەنیا شەش هەزار و 347 کەسیش چاکبوونەتەوە.
 

23:56

گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گەیشتە نزیکەی 41 هەزار و 500 کەس

گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گەیشتە نزیکەی 41 هەزار و 500 کەس
 
ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا هێندە بەخێرایی بەرزدەبێتەوە تەندروستیی وڵاتان فریای سات بە سات بڵاوکردنەوەی ئامارەکان ناکەون، بەپێی دوایین ئامارەکانیش 41 هەزار و 494 کەس گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی سێشەممە 31-3-2020 لە ماوەی شەش کاژێردا زیاتر لە 20 هەزار کەس تووشی کۆرۆنا بوون، دوایین ئامارەکانی زانکۆی جۆنس هۆپکینس دەریدەخەن تاوەکو ئێستا 846 هەزار و 156 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە 181 هەزاریان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. 
 
ئیتاڵیا دووەم وڵاتە و 105 هەزار و 792 کەس تووشبوون. 
 
لە سەرانسەری جیهان زۆرترین گیانلەدەستدان لە ئیتاڵیایە کە 12 هەزار و 428 کەسن و زۆرترین کەسیش کە چاکبوونەتەوە لە چینن کە ژمارەیان 76 هەزار و 206 کەسن. 
 
ئیسپانیا دووەم وڵاتە کە زۆرترین چاکبوونەوەی تێدایە و 19 هەزار و 259 کەس چاکبوونەتەوە. 
 
دوای ئیسپانیاش ئەڵمانیا دێت کە 15 هەزار و 824 کەس چاکبوونەتەوە. 

 

 

 

23:47

راپۆرتێکی ئەوروپی: کەرەنتینکردنی خەڵک زیاتر لە 120 هەزار کەسی لە مردن رزگارکردووە

پزیشکانی ئەڵمانی سامپڵی هاووڵاتییان وەردەگرن بۆ پشکنینی کۆرۆنا. وێنە: AFP
 
راپۆرتێک لەلایەن کۆلێژی ئێمپریالی بەریتانی ئامادەکراوە و بەو ئەنجامە گەیشتووە کە کەرەنتینکردنی خەڵک، زیاتر لە 120 هەزار کەسی لە مردن رزگارکردووە، لەنێوانیاندا 38 هەزار کەس لە ئیتاڵیا.
 
سەمیر باهات، سەرپەرشتیاری تیمی لێکۆڵەران رایگەیاند "ئێستا ئەوروپا بە کاتێكی قورسدا تێپەڕدەبێت، بەڵام رێکارەکانی حکومەت بە کەرەنتینکردنی خەڵک بوونەهۆی کەمترکردنی گوشارەکان لەسەر کەرتی تەندروستی، ئەوەش وایکرد خزمەتی باشتر بە تووشبووان پێشکەشبکرێت و کۆنترۆڵی زیاتری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت".
 
سەمیر باهات گوتیشی "تاوەکو ئێستا توانیومانە ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە مردن رزگاربکەین، بەڵام هێشتا زووە باس لە کۆنترۆڵکردنی تەواوی ڤایرۆسەکە بکەین و چەند هەفتەی پێشمان کە دێن قورس و یەکلاییکەرەوە دەبن".
 
تاوەکو ئێستا لە جیهاندا 848 هەزار و 329 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 176 هەزار و 545 کەس چاکبوونەتەوە و 41 هەزار و 593 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
 
لە 10 یەکەمین وڵاتانی جیهان کە زۆرترین ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنایان تێدا تۆمارکراوە، شەش وڵاتیان لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپان، زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانیش لە ئیتاڵیایە بە پلەی یەکەم کە 12 هەزار و 428 کەسە و دوای ئەویش ئیسپانیایە کە هەشت هەزار و 269 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 

23:45

قەدەخەی هاتووچۆ لە عێراق تاوەکو 19ـی مانگ درێژدەکرێتەوە

قەدەخەی هاتووچۆ لە عێراق تاوەکو 19ـی مانگ درێژدەکرێتەوە
 
 
هەرچەندە هێشتا 14 رۆژی ماوە بۆ کۆتاییهاتنی قەدەخەی هاتووچۆ، شانەی قەیرانەکانی عێراق بڕیاریدا قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو 19ـی نیسان درێژبکرێتەوە.
 
جەعفەر سادق عەللاوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنییدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی دیجلە رایگەیاند، پێشبینییەکانی بۆ رێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تەنها درێژکردنەوەی قەدەخەی هاتووچۆیە. 
 
وەزیری تەندروستیی عێراق دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی لە خێرخوازان وەریانگرتووە دەدرێتە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و لەوێوە بەسەر خەڵکیدا دابەشی دەکەن.
 
تاوەکو ئێستا لە عێراق 694 کەس تووشی کۆرۆنا بوون و 50 کەسیان گیانیان لەدەستداوە. 170 کەسیشیان چاکبوونەتەوە. 
 

20:49

تەندروستیی عێراق: 65 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکران

تەندروستیی عێراق: 65 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا تۆمارکران
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاژێری رابردوو 65 کەسی دیکە لە پارێزگاکانی عێراق تووشی کۆرۆنا بوون و کۆی تووشبووان لە عێراق گەیشتووەتە 694 کەس. 
 
هاوکات چوار کەسی دیکەش لە بەغدا، بەسرە، نەجەف و میسان گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 50 کەس. 
 
بە گوتەی سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، 170 کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە. 
 

 

 

20:14

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە تورکیا گەیشتە 214 کەس

بەرپرسانی تورکیا پۆشاکی خۆپارێزییان پۆشیوە بۆ خۆپاراستن لە کۆرۆنا. وێنە: AFP
وەزیری تەندروستیی تورکیا بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بۆ 214 کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش بۆ 13 هەزار و 531 کەس.
 
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماری نوێی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای بڵاوکردەوە و رایگەیاند "لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا 15 هەزار و 422 پشکنین ئەنجامدراون و دوو هەزار و 704 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون".
 
وەزیری تەندروستیی تورکیا راشیگەیاندووە، هەر لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لەو وڵاتە 46 کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە.
 
یەکەم تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تورکیا رۆژی 11ی ئادار تۆمارکرا.
 

20:07

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مۆسکۆ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو؛ لەگەڵ پووتین کۆبووەتەوە

ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا و ڕێوەبەری نەخۆشخانەی مۆسکۆ
 
تەلەفزیۆنی فەرمیی رووسیا رایگەیاند، دێنس پرۆتیسنکۆ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی مۆسکۆ کە تیابەتە بە نەخۆشی کۆرۆنا، لەدوای ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوت کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە.
 
رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردوو، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا سەردانی نەخۆشخانەکەی کردووە و لەلایەن پرۆتیسنکۆوە پێشوازیی لێکرا و تەوقەیشیان لەگەڵ یەکدی کرد.
 
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەگەری تووشبوونی پووتین بە کۆرۆنا، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی نووسینگەی سەرۆکی رووسیا رایگەیاند "سەرۆک پشکنینی ئەنجامداوە و ئەنجامەکەشی نەرێنی دەرچووە و تووشی کۆرۆنا نەبووە".
 

20:03

ترەمپ: بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار هاوکاریی پزیشکی رەوانەی ئیتاڵیا دەکەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئیتاڵیا لە شەڕی دژ بە کۆرۆنا، هاوکاریی پزیشکی لە کەرەستە و کەلوپەلی تەندروستی بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار رەوانەی ئەو وڵاتە دەکەن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێ "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە سەرۆکی ئیتاڵیام گوتووە، بڕێکی زۆر لە کەلوپەل و کەرەستەی پزیشکیمان هەیە کە لێمان زیادە و پێویستمان پێی نییە، بۆیە دەیدەینە ئێوە، ئەوەش سەرۆکی ئیتاڵیای زۆر خۆشحاڵ کرد".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، بەمزووانە کەلوپەل و کەرەستەی پزیشکی کە لێیان زیادن دەنێرنە چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان.
 
هاوکات دۆناڵد ترەمپ جەختیکردەوە لەوەی کە وڵاتەکەی لە ماوەیەکی کەمدا هەڵکشانێكی گەورە لە بەرهەمهێنانی ئامێری هەناسەدان تۆماردەکات، چونکە 10 لە گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنی ئەو ئامێرانەن، بەڵێنیشی داوە بە ناردنی ئەو ئامێرانەی کە لێیان زیادە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
 

 

19:37

تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا 105 هەزار کەسی تێپەڕاند

تووشبووانی کۆرۆنا لە ئیتاڵیا 105 هەزار کەسی تێپەڕاند
 
 
ئیتاڵیا لەدوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە دێت بۆ زۆری ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا و لە 24 کاژێری رابردوو چوار هەزار و 53 کەسی دیکە تووشی ڤایرۆسەکە بوون، بەوەش ژمارەی تووشبووان گەیشتە 105 هەزار و 792 کەس. 
 
ژمارەی ئەوانەی بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە بەپێی ئامارەکانی پێگەی وۆڵد مێتەر، 12 هەزار و 428 کەسن و 15 هەزار و 729 کەسیش چاکبوونەتەوە. 
 
لە 24 کاژێری رابردوو 837 کەس لە ئیتاڵیا گیانیان لەدەستداوە و یەکەم وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان کە ئەو ژمارە زۆری گیانلەدەستدانی تێدابێت. 
 

17:59

ماکرۆن: چوار ملیار یۆرۆمان بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی تەرخانکردووە

ماکرۆن: چوار ملیار یۆرۆمان بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی تەرخانکردووە
 
 
 سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ سێشەممە گوتارێکی پێشکەشکرد و باسی لە ئامادەکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، چوار ملیار یۆرۆیان بۆ دابینکردنی کەلوپەلی پزیشکی تەرخانکردووە.
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەی داهاتوودا رۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن دەمامک بەرهەمدەهێنن.
 
هەروەها  سەرۆکی فەرەنسا ئەوەی خستەڕوو کە حکومەتی وڵاتەکەی چوار ملیار یۆرۆیان بۆ کڕینی دەرمان، دەمامک، و ئامێری هەناسەدانی دەستکرد تەرخانکردووە.
 
یەکێک لەو کێشانەی کە رووبەڕووی فەرەنسا دەبێتەوە، بە گوتەی سەرۆکی ئەو وڵاتە، بریتییە لە نەبوونی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد.
 
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 44 هەزار و 550 کەس لە فەرەنسا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، سێ هەزار و 24 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 927 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.
 
یەکەمین تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فەرەنسا لە 23ی شوباتی ئەمساڵ تۆمارکرا.
 

17:51

دوو کەسی دیکە لە بەغدا تووشی کۆرۆنا بوون

دوو کەسی دیکە لە بەغدا تووشی کۆرۆنا بوون
 
 
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کەرخ لە بەغدا تووشبوونی دوو کەسی دیکەی بە کۆرۆنا لە ناوچەی شوعلە راگەیاند. 
 
ئەو دوو تووشبووە پیاوێکی تەمەن 29 ساڵان و ژنێکی تەمەن 25 ساڵانن، خزمی تووشبوویەکن کە رۆژی دووشەممە 30-3-2020 تۆمارکرا. 
 

15:37

%60ی تووشبووانی کۆرۆنا لە تورکیا دانیشتووی ئیستەنبووڵن

%60ی تووشبووانی کۆرۆنا لە تورکیا دانیشتووی ئیستەنبووڵن
 
 
سه‌رۆكی شاره‌وانیی گه‌وره‌ی ئیستەنبووڵ ئاشكرای كرد، 60%ی رێژه‌ی توشبوون و مردن به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تورکیا له‌ ئیستەنبووڵه‌، بۆیه‌ ئیستەنبووڵ ناوه‌ندی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌. 
 
له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو، سه‌رۆكی شاره‌وانیی گه‌وره‌ی ئیستەنبووڵ رایگه‌یاند، ئیستەنبووڵ ناوه‌ندی ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی ڤایرۆسی كۆرۆنایه‌ له‌ توركیا و زیاتر له‌ 60%ی كۆی توشبووان و ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ ئیسته‌نبووڵ بووه‌. 
 
ئه‌كره‌م ئیمامئۆغڵو هۆشداریی له‌ زیادبوونی رێژه‌ی تووشبووان دا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت رێكاری جیددیتر نه‌گرێته‌به‌ر و راشیگه‌یاند، پێویسته‌ قه‌ده‌خه‌ی هاتووچۆ رابگه‌یێندرێت و خزمه‌تی یه‌كسان و به‌په‌له‌ پێشكه‌شی هه‌مووان بكرێت. 
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا کە یەکەم جار لە 20ی کانوونی دووەمی 2020 لە شاری ووهانی چین پەیدابوو. لە 9ی ئاداری ئەمساڵ گەیشتە تورکیا. 
 
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 10 هەزار و 827 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان تووشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو ژمارەیە 168 کەسیان گیانیان لە دەست داوە و 162 تووشبووش چاکبوونەتەوە.
 

14:55

ئاوارەکانی ئیدلب ناتوانن رووبەڕووی کۆرۆنا ببنەوە

ئاوارەکانی ئیدلب ناتوانن رووبەڕووی کۆرۆنا ببنەوە
 
 
ئاوارەکان لە باکووری پارێزگای ئیدلیب لە سووریا کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆنە، دەڵێن ناتوانن رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببنەوە، چونکە پاککەرەوە و کەرەستە و تیمی تەندروستییان نییە.
 
حوسێن محەممەد، ئاوارەیە و دەڵێت، "پاککەرەوەمان نییە، کلۆرمان نییە، ئەوەی هەمانە سابوونە و لەوە زیاترمان نییە. وڵاتانی زلهێز هەن بەرامبەر ئەم نەخۆشییە شکستیان هێنا، ئاخۆ ئێمە چیمان پێدەکرێ؟"
 
رێکخراوی جیهانیی منداڵپارێزان دەڵێت، ئەو ناوچانەی ئیدلب کە دوا ناوچەن لەژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریا و زۆر چڕن لە رووی دانیشتووانەوە، تەنیا 148 قەرەوێڵەی چاودێریی چڕیان هەیە، ئەوەش ئاوارەکانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە.
 
فاتیمە، ئاوارەیەکی دیکەیە و دەڵێت، "لەم کەمپەدا دانیشتووین، کەمپی زۆر هەن و تێکەڵبوونی زۆر هەیە. گوێمان لە نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، زۆر لە منداڵەکانم دەترسم، زۆر لە تێکەڵبوونیش دەترسم و پاککەرەوەمان نییە".
 
بەهۆی شەڕی 10 ساڵەی حکومەت و ئۆپۆزیسیۆنەوە، ژێرخانی تەندروستیی سووریا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن داڕماوە، بۆیە رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور پێشبینی دەکات ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سووریا زۆر خێرا بڵاوببێتەوە.
 
ئەبو عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کەمپە و دەڵێت، "لەم کەمپەدا هاوشێوەی کەمپەکانی دیکە ئامادەکاریمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەکردووە، دەرمان و پاککەرەوەمان نییە، تەنانەت تیمی تەندروستیشمان بۆ قەڵاچۆکردنی ئەم ڤایرۆسە نییە. نەخوازەڵڵا ئەم ڤایرۆسە بگاتە کەمپەکان، کارەسات روودەدات".
 
لە 21ی مانگی ئاداردا تووشبوونی کەسێک بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سووریا تۆمارکرا و لەو کاتەوە حکومەتی ئەو وڵاتە پرۆسەی خوێندن و دەوامی فەرمانگەکانی راگرت و هاتووچۆشی قەدەخەکرد، تاوەکو ئێستا تووشبوونی 10 کەس بە کۆرۆنا لە سووریا راگەیێندراوە کە دووانیان گیانیان لەدەستداوە.
 

13:18

لە ئێران 144 کەسی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا

تەندروستیی ئێران: 14 هەزار و 656 کەس چاکبوونەتەوە، وێنە؛ AFP
لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا لە ئێران 144 کەسی دیکە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا لەو وڵاتە مردوون بۆ دوو هەزار و 898 کەس بەرزبووەوە. 
 
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ئێران رایگەیاند، سێ هەزار و 111 کەسی دیکە تووشبوونیان بە کۆرۆنا پشتڕاستکراوەتەوە و ژمارەی تووشبووانیش بووەتە 44 هەزار و 606 کەس. لەو ژمارەیەش 14 هەزار و 656 کەس چاکبوونەتەوە. 
 
بەگوتەی جەهانپوور، سێ هەزار و 703 کەس لە تووشبووانی کۆرۆنا لە ئێران دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.

12:42

کۆمپانیاکانی رووسیا پاڵپشتیی کارمەندانی تەندروستی دەکەن

کۆمپانیاکانی رووسیا پاڵپشتیی کارمەندانی تەندروستی دەکەن
 
 
 
کارمەندانی کۆمپانیایەکی بازرگانی لە مۆسکۆ خەریکی ئامادەکردنی خواردنن بۆ پزیشک و پەرستارانی شارەکە کە لە هێڵی پێشەوەی جەنگی دژی کۆرۆنادان. 
 
کۆمپانیاکانی مۆسکۆ هەموویان یەکیان گرتووە بۆ پاڵپشتی لە کارمەندەکانی تەندروستیی شارەکەیان و دەڵێن، دەبێت لە بەرامبەر ماندووبوونیاندا خزمەتیان بکرێت.
 
ئارسەر زێلیۆنی، خاوەنی کۆمپانیایە و دەڵێت، "پێموایە ئەرکی منە کە هاوکارییان بکەم. لەبەر ئەوەی کۆمپانیاکەمان تایبەتە بە گەیاندنی خۆراک، پێویستە لە کاتە سەختەکاندا هاوکاربین. بە بۆچوونی من، بەشێوەیەکی گشتی ئێستا جیهان لە دۆخێکدایە کە پێویستی بەوە هەیە یەکگرتوو بێت. پێویستە بازرگان، بەڵێندەر، پزیشک و خەڵکەکەش یەکگرتووبن". 
 
زیاتر لە 25 کۆمپانیای بوارە جیاجاکان لەم هەڵمەتەدا بەشدارن. خۆراک، قاوە، ماددەی پاککەرەوە و سووتەمەنی بێبەرامبەر دەدەنە کارمەندانی تەندروستی.
 
ئەگەرچی قەدەخەی هاتووچۆ کاری زۆری کردووەتە سەر کارەکەیان، بەڵام خاوەنی تەکسییەکانی ئەو شارە بڕیاریان داوە کارمەندانی تەندروستی بە خۆڕایی بگوازنەوە.
 
یەڤگینی لوکاینشینکۆڤ، خاوەنی کۆمپانیای گواستنەوە و گەیاندنە و باس لەوە دەکات، "ئێمە بۆ بەشداری لەم هەڵمەتە هیچ دوودڵییەکمان نەبوو. هەموومان لە هەمان دۆخداین. بۆیە ئەگەر هەموومان پێکەوە کاربکەین و لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکەدا هاوکاریی یەکدی بکەین، ئەوا زووتر بەسەر دۆخەکەدا زاڵدەبین  و دیسانەوە دەتوانین بگەڕێینەوە سەر کارەنمان و لە گەشەکردن بەردەوامبین".
 
رووسیا بە بە‌هێزکردنی ژێرخانی تەندروستیی خۆی و گرتنەبەری رێکاری خۆپارێزی سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنایە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 330 تووشبوو لەو وڵاتە تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە.  
 

12:29

رووسیا 500 تووشبووی نوێی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکرد

دوو پۆلیسی مۆسکۆ بۆ پێشگیریکردن لە کۆرۆنا دەمامکیان بەکارهێناوە، وێنە؛ AFP
500 تووشبووی نوێ لە 24 کاژێری رابردوودا لە رووسیا تۆمارکراون، بەمەش کۆی گشتیی تووشبووان لەو وڵاتە بەرزبووەوە بۆ دوو هەزار و 337 کەس.
 
هەروەها تاوەکو ئێستا 17 کەس لە رووسیا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرناوە گیانیانلەدەستداوە.
 
لە 30ـی کانوونی دووەم یەکەم تووشبوو لەو وڵاتە تۆمارکرا. 

11:34

هەفتەیەکە لە شاری ووهانی چین کەس تووشی کۆرۆنا نەبووە

هەفتەیەکە لە شاری ووهانی چین کەس تووشی کۆرۆنا نەبووە
 
 
لە شاری ووهانی چین ئەو شوێنەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لێوەی سەری هەڵدا، هەفتەیەکە هیچ کەیسێکی تووشبوون بە کۆرۆنای لێ تۆمارنەکراوە و لەسەر شاشەیەکی گەورەی ناوبازاڕ نووسراوە "گەڕاینەوە".
 
دانیشتوانی ووهان دوو مانگ لە ماڵەکانیان مانەوە و شارەکەیان بەسەر داخرا. ئێستا کە دەرگەی ژیانیان بەسەردا کراوەتەوە، حەز و خولیاکانیان بەجێدەهێنن.
 
کات، هاووڵاتییەکی چینییە و دەڵێت، "دەمەوێت تۆڵەی ئەو ماوەیە بکەمەوە کە لەکەرەنتیندا بووم، چونکە زۆر لە ماڵەوە مامەوە، زۆر دڵم خۆشە، خەریکە دەگریم".
 
هەرچەندە لەو شارە 11 ملیۆن کەسییەدا ژیان بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت، بەڵام خەڵکەکەی هێشتا لە ڤایرۆسەکە دەترسن، بۆیە کاتێک بۆ بازاڕ و کارکردن دەچنە دەرەوە، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکانن.
 
لی ژین، خاوەنکارێکی شاری ووهانە و دەڵێت، "گەورەترین نیگەرانیی ئێمە کڕیار و هاووڵاتییانن کە هێشتا لە کۆرۆنا دەترسن. ئێمە هەموومان لە پرۆسەی ئاساییکردنەوەی ژیانداین". 
 
لە کۆتایی 2019دا ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی چین سەری هەڵدا. دوای چوار مانگ ژمارەی تووشبوون بە کۆڤید-19 لە جیهاندا وا خەریکە لە ملیۆنێک کەس نزیک دەبێتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە لە چین خەریکە کۆرۆنا بەرەو نەمان دەچێت.
 

11:19

ترەمپ ئامێرێک دەناسێنێت بە پێنج خولەک کۆرۆنا دەستنیشاندەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا
سەرەڕای رەخنەکان، سەرۆکی ئەمریکا لە ژمارەی پشكنینەکان بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەمریکا رازییە و دەڵێت لە ماوەیەکی کەمدا پشکنینی زۆر دەکرێن.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئامێرێکی دەستنیشانکردنی کۆرۆنای ناساند کە بە پێنج خولەک ئەنجامی پشکنینەکە ئاشکرا دەکات.
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە داهاتوودا لە پشکنینی کۆرۆنا خێراتریش دەبن. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، 30 رۆژی داهاتوو بۆ ئەمریکا پڕە لە تەحەدا و دەبێت لە ماوەی ئەو 30 رۆژەدا بگەڕێینەوە سەر ژیانێکی ئاسایی. 
 
هاوکات دکتۆر ئانتۆنی فۆچی، سەرۆکی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئیدارەی ئەمریکا هۆشداری دەدات کە لە وەرزەکانی داهاتوودا ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازی دیکەی تەواو جیاواز لەوەی سەرەتای ئەمساڵ بگەڕێتەوە و کاتی ئامادەبوونی پێکوتەیەکیش بۆ ڤایرۆسەکە رادەگەیێنێت.

11:14

رێكخراوی تەندروستیی جیهانی: کاتی کۆتاییهاتنی کۆرۆنا دیارنییە

​ بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 786 هەزار و 270 کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون
رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە كەمی پێداویستی خۆپاراستن بۆ کارمەندانی تەندروستی كە رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە. بەرپرسی فریاكەوتنی ئەو رێکخراوەش رایگەیاند، کاتی کۆتاییهاتنی کۆرۆنا دیارنییە.
 
مایكڵ رەییان، بەرپرسی فریاكەوتن لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە جیهان كرد ئەو رێكارانە بگرنەبەر كە بتوانن لەگەڵ ڤایرۆسەكە بیگوزەرێنن تاوەكو پێكوتەی دژە كۆرۆنا دەدۆزرێتەوە، چونکە بۆ ئێستا ئەمە تاكە چارەسەرە.
 
لە كۆنگرەی خولی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی رەییان گوتی "لەو قۆناخەدا كەس ناتوانێت پێشبینی بكات كۆرۆنا بۆ ماوەی چەند دەمێنێتەوە، ئێمە لەسەر لێواری ئایندەیەكی نادیارین، پێویستە جیهان رێ و شوێنێك بگرێتەبەر لانیكەم بتوانین لەگەڵ ڤایرۆسەكە بگوزەرێنین تاوەكو پێكوتەی بۆ دەدۆزرێتەوە".
 
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا لە كەمی پێداویستی خۆپاراستن بۆ کارمەندانی تەندروستی كە رووبەڕووی پەتای كۆڤید ـ 19 بوونەتەوە.
 
تیدروس ئادهانۆم گریبسون، بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوەكە گوتی: "كەمی پێداویستی خۆپاراستن بووەتە هەڕەشە لە بەرامبەر توانای هاوبەشەكانمان بۆ رزگاركردنی خەڵكی، رێكخراوی تەندروستی جیهانیش نزیكەی نیو ملیۆن پارچەی جۆراوجۆری پێداویستی خۆپاراستنی بۆ 74 وڵات ناردووە، ئێستاش كار لەسەر ناردنی نیو ملیۆنی دیکە بۆ 60 وڵاتی دیكە دەكات".
 
بەپێی ئامارەکان تاوەکو ئێستا 786 هەزار و 270 کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 37 هەزار و 830 کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و 165 هەزار و 660 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە.
 

10:55

فۆرد 50 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دروستدەکات

ترەمپ: جگە لە فۆرد، 9 کۆمپانیای دیکەش ئامادەن ئەو ئامێرە دروست بکەن
کۆمپانیای فۆرد رایگەیاند، لە رۆژێکدا هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکردی دروستکردووە، سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، کۆمپانیاکە لەماوەی کەمتر لە 100 رۆژدا 50 هەزار ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دروستدەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رایگەیاند: "جگە لە فۆرد، 9 کۆمپانیای دیکەش ئامادەن ئەو ئامێرە دروست بکەن، بەشێکی ئامێرەکان دەنێرنە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئیتاڵیا و هەندێک وڵاتی دیکەش بەپێی پێویستیان".
 
هەروەها دکتۆر ئانتۆنی فۆجی، سەرۆکی دامەزراوەی نیشتمانی بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئیدارەی ئەمریکا هۆشداری دەدات لە وەرزەکانی داهاتوو ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوازی دیکەی تەواو جیاواز لەوەی سەرەتای ئەمساڵ بگەڕێتەوە و کاتی ئامادەبوونی پێکوتەیەکیش بۆ ڤایرۆسەکە رادەگەیێنێت.

09:44

گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا گەیشتە نزیکەی 41 هەزار و 500 کەس

رووداو
رووداو - هەولێر

مردن بە کۆرۆنا لە جیهاندا 38 هەزار كەسی تێپەڕاند، زۆرترین ژمارەی مردن و تووشبوون لە وڵاتانی ئەوروپا تۆماردەکراوە، فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا پشکی شێریان لەو ئامارانە بەرکەوتووە. تاوەکو ئێستاش 800 هەزار کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 
تاوەکو کاژێر 12:33 خولەکی ئەمڕۆ (سێشەممە 31-03-2020)، 800 هەزار کەس لە جیهان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، 38 هەزار و 92 کەس گیانیان لەدەستداوە، 166 هەزار و 448 کەس چاکبوونەتەوە.
 
لە ئەمریکا ژمارەی تووشبووان گەیشتووەتە 164 هەزار و 359 کەس، لەو ژمارەیە سێ هەزار و 173 کەس مردوون. 
 
لە ئیتاڵیا 101 هەزار و 739 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 11 هەزار و 591 کەس مردوون. لە ئیسپانیا 87 هەزار و 956 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 7 هەزارو 716 کەس مردوون.
 
ئاماری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا (31ی ئاداری 2020 کاژێر 2:00 خولەک)
 
تووشبوو: 800,000
 
گیانلەدەستدان: 38092
 
چاکبوونەوە: 166448
 
ئەمریکا: 164359 تووشبوو، 3170 مردن
 
ئیتاڵیا: 101739 تووشبوو، 11591 مردن
 
ئیسپانیا: 87956 تووشبوو، 716 مردن
 
چین: 81518 تووشبوو، 3305 مردن
 
فەرەنسا: 44550 تووشبوو، 3024 مردن
 
ئێران: 41495 تووشبوو، 2757 مردن
 
بەریتانیا 22،141 تووشبوو، 1408 مردن
 
ئەڵمانیا: 61913، تووشبوو، 583 مردن
 
لە فەرەنسا 44 هەزار و 550 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون و 3024 کەسیش مردوون. 
فەرەنسا زۆرترین مردنی لە رۆژێکدا تۆمارکرد، 418 کەس لەماوەی 24 کاژێری رابردوو گیانیان لەدەستدا و سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دەڵێت، هەفتەیەکی قورسیان لەپێشە.